گوتەبێژی یەکێتی: لەگەڵ دابەشکردنی مووچەداین

15-03-2024
هیدایەت جان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
گوتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەڵێت، لەگەڵ ئەوەدا نین ئەو پارەیەی بەغدا بۆ مووچەی فەرمانبەران ناردوویەتی رابگیرێت و دەڵێت، "داوا دەکەین ئەو پارەیەی نێردراوە دابەش بکرێت".
 
ئاماژە بەوەش دەکات، "ئەو لیستەی رەوانەی بەغدا کراوە بۆ یەک مانگ نییە و کێشە بۆ مووچەی مانگەکانی دیکە دروستنابێت".
 
رۆژی هەینی، 15ـی ئاداری 2024، سەعدی ئەحمەد پیرە، گوتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، "لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا بە سەرپەرشتی بافڵ تاڵەبانی تاوتوێی رێکخستنی لیستی بەربژێرەکانی یەکێتیمان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کرد".
 
سەعدی پیرە گوتی، "بەشێک لە لیستەکان جێگیرکراون و کۆبوونەوەکان بەردەوام دەبن و تا دوو رۆژی دیکە سەرجەم لیستەکان جێگیر دەکەین بۆ ئەوەی بتوانین لە ماوەی یاسایی خۆیدا لیستی بەربژێرەکان بدەینە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان".
 
 
یەکێتی داوای دابەشکردنی مووچە دەکات
 
تاوەکو ئەمڕۆ دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی شوبات نەکراوە، سەرەڕای ئەوەی حکومەتی عێراق نزیکەی 560 ملیار دیناری خستووەتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان. گوتەبێژی یەکێتی دەڵێت، "یەکێتی لە 2014ـەوە هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەی مووچە دەدات، ئەی چۆن دەتوانێت ئێستا لەگەڵ ئەوەبێت مووچە نەدرێت؟".
 
سەعدی پیرە دەڵێت، "یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پێی وایە مادەم پارەکە رەوانەی هەرێمی کوردستان کراوە، با ئەو پارەیەی هاتووە دابەشبکرێت. بۆ بەشە مووچەکەی دیکەش، هەرکات گرفتەکان تەواوبوون و نێردرا، ئەویش دابەشبکرێت" و دەشڵێت، "ئێستا لە سەرەتای رەمەزانداین و خەڵکێکی زۆر چاوەڕێی ئەو مووچەیەن".
 
سەعدی پیرە نایشارێتەوە کە رۆژی چوارشەممە قوباد تاڵەبانی لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران بەشدار نەبووە و دەشڵێت، "لە کۆبوونەوەکەدا راگرتنی مووچە نەخراوەتە دەنگدانەوە تاوەکو وەزیرەکان دەنگی لەسەر بدەن".
 
کێشە بۆ مووچەی مانگەکانی داهاتوو "دروستنابێت"
 
گوتەبێژی یەکێتی پێیوایە کێشە بۆ مووچەی مانگەکانی داهاتوو دروستنابێت و دەڵێت، "ئەو لیستانەی نێردراون تەنیا بۆ مووچەی یەک مانگ رەوانەی وەزارەتی دارایی عێراق نەکراون. بابەتی هەژماریش پرسێکی گرنگ نییە و نابێت بەهۆیەوە کێشە دروستبێت".
 
سەعدی پیرە دەڵێت، "لە هەموو دنیا مامەڵە لەگەڵ بانکی رەسمی دەکرێت. بانکە ئەهلییەکانیش مافی خۆیانە کاسبی بکەن، بەڵام کاروباری حکومەت لە رێگەی دامەزراوە رەسمییەکانەوە دەبێت کە ئەوانیش بانکە رەسمییەکانن".
 
"کەس بە زمانی زبر هەڵبژاردن ناباتەوە"
 
گوتەبێژی یەکێتی داوا دەکات لە بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەماندا هیچ لایەنێک زمانی زبر بەکارنەهێنێت و دەڵێت، "تاوەکو ئێستا بەکارهێنانی زمانی زبر بۆ هیچ کەس نەبووەتە هۆی سەرکەوتن لە هەڵبژاردن".
 
سەعدی پیرە داوا لە لایەنە بەشدارەکانی هەڵبژاردن دەکات "هەڵمەتی هەڵبژاردنی پەرلەمان دووربێت لە بەکارهێنانی زمانی زبر و سووکایەتیکردن" و وەکو ئاماژەی پێدەدات، "با بەشێوەیەک بانگەشەکە بەڕێوەبچێت، دوای هەڵبژاردن بتوانین بەیەکەوە دابنیشین و کار بکەین؛ با بە زمانێکی شیرین و بە شێوەیەکی شارستانییانە ئەو هەڵمەتە بەڕێبکەین".
 
گوتەبێژی یەکێتی لە وەڵامی پرسیاری رووداو بۆ بەشداریکردنی پێکهاتەکانی تورکمان و کریستیان لە لیستی یەکێتیدا رایگەیاند، "بە دڵنیاییەوە تورکمان و کریستیانەکان لە لیستی کاندیدەکانی یەکێتیدا جێگەیان بۆ کراوەتەوە".
 
"گفتوگۆکان بۆ پێکهێنانی حکومەتی خۆجێیی کەرکووک بەردەوامن" 
 
سەعدی پیرە باس لە گفتوگۆکان بۆ پێکهێنانی ئەنجوومەنی پارێزگا و دانانی پارێزگاری کەرکووک دەکات و دەڵێت، "یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دوایین کۆبوونەوەی لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان چەند بڕیارێکی دا کە یەک لە بڕیارەکان ئەوەبوو، ئەگەر کورد 16 کورسی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووکیشی هەبووایە، بێ بەشداریی پێکهاتەکانی دیکەی ئەو شارە، حوکمڕانی نەدەکرد".
 
گوتەبێژی یەکێتی گوتی، "گفتوگۆکان بۆ پێکهێنانی حکومەتی خۆجێیی کەرکووک بە شێوەیەکی رێکوپێک بەڕێوەدەچن، هەرچەندە دەستوەردانی لاوەکیش هەن و هیوادارین لە ماوەیەکی کورتدا بگەینە ئەنجام".

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان

وەزیری دارایی بۆ نوێنەرانی فەرمانبەرانی گرێبەست: بۆ بەهەمیشەییکردنتان چاوەڕوانی بەغداین

وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دۆسیەی بە هەمیشەییکردنی فەرمانبەرانی گرێبەست رەوانەی ئەنجوومەنی راژە کراوە بۆ ئەوەی رێکارەکانی تەواو بکرێت. نوێنەرێکی ئەو فەرمانبەرانەش دەڵێت: "بۆ دامەزراندنمان حکومەتی هەرێمی کوردستان چاوەڕوانی بەغدایە."