رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ لە رێوڕەسمێکی فەرمیدا بە سەرپەرشتیی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و فەرماندەی گشتیی هێزەکانی پێشمەرگە، یەکخستنی تەواوەتیی هێزەکانی پێشمەرگە رادەگەیێندرێت.
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، بە سەرپەرشتیی نێچیرڤان بارزانی، فەرماندەی گشتیی هێزی پێشمەرگە، رێوڕەسمی راگەیاندنی یەکخستنی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بەڕێوەدەچێت.
رۆژی دووشەممە، 21ـی ئەیلوولی 2026، بەرپرسێک لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، رێوڕەسمەکە کاژێر 10:30ـی بەیانی لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچێت و تێیدا نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە و ژمارەیەک لە بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان و هاوپەیمانان بەشدار دەبن.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوە کرد، کە تەواوی ئامادەکارییەکان کراون و پرۆسەکە چووەتە واری جێبەجێکردنەوە.
سەبارەت بە شێوازی رێکخستنەوەی هێزەکان، لیوا روکن بەختیار محەممەد، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە بە رووداوی گوت: "پەیکەری وەزارەتی پێشمەرگە دەگۆڕدرێت. هەموو هێزەکانی پێشمەرگە بە ناوی دەڤەری 1 و دەڤەری 2 دەچنە ژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگە و تاکە بارەگایان وەزارەت دەبێت. سەر بە هیچ حیزبێک نامێنن و دێنە سەر وەزارەتی پێشمەرگە".
لیوا روکن بەختیار محەممەد گوتی: "ئەم هەنگاوەش کاریگەریی زۆر باشی لە لایەنەکانی کارگێڕی، دارایی، ئیداری و فەرماندەیی و کۆنترۆڵ (قیادە و سەیتەرە) دەبێت."
پڕۆسەی کۆکردنەوەی هێزەکانی یەکەی 70ـی سەر بە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و یەکەی 80ـی سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستان مێژوویەکی چەند ساڵەی لە چاکسازی هەیە. لە ساڵی 2022 وەزارەتی پێشمەرگە قۆناخی یەکەمی یەکخستنەوەی راگەیاند و لە 10ی ئەیلوولی 2026 پرۆسەکە بە فەرمی گەیشتە قۆناخی کۆتایی.
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان هەر لە سەرەتاوە کاری لەسەر ئەم پرۆسەیە کردووە بە سەرۆکایەتیی سەرۆک مەسعود بارزانی، یەکەمین سەرۆکی هەرێمی کوردستان.
رۆژی 10ی ئەیلوولی 2026، شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا موژدەی "یەکخستنەوەی تەواوەتیی هێزەکانی پێشمەرگە"ی دا و گوتی: "دوای چەندین ساڵ تێکۆشان، هەوڵدانی بەردەوام و وەک یەک تیمی پێکەوەیی لە وەزارەتی پێشمەرگە، لەگەڵ فەرماندەی فەرماندەیی هێزەکانی 70 و 80 کە هاوکار و رێخۆشکەربوون، توانیمان سەرجەم بەربەست و گرفتە کەڵەکەبووەکان تێپەڕێنین."
وەزیری پێشمەرگە روونیکردەوە، پرۆسەکە بە پلانێکی سەربازیی ورد جێبەجێکراوە و گوتیشی: "تەواوی هێزەکان لەسەر ئاستی یەک فەرماندەیی و کۆنترۆڵ (لیوا، فیرقە و فەرماندەیی دەڤەر) رێکخرانەوە. هەردوو دەڤەری فەرماندەیی سەربازی بە فەرمی دەستبەکار دەبن".




