رووداو دیجیتاڵ
ئەو قوتابخانەیەی لە پارێزگای مەرەشی باکووری کوردستان رووداوێکی تەقەکردنی تێیدا روویدا، چی دیکە وەک قوتابخانە بەکارناهێندرێ و دەکرێتە باڵەخانەی بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی قەزاکە.
رۆژی یەکشەممە، 20ی ئەیلوولی 2026، بڕیار لەبارەی چارەنووسی قوتابخانەی ناوەندیی (ئایسەر چاڵک) لە شاری ئۆنیکیشوبات لە پارێزگای مەرەش درا، کە دوای رووداوی تەقەکردنەکە داخرابوو.
رۆژی 15ی نیسانی 2026 قوتابییەک لەنێو پۆلەکانی قوتابخانەکەدا دەستڕێژی گولـلەی کرد و لە ئەنجامدان 9 قوتابی و مامۆستایەک گیانیان لەدەستدا و 13 قوتابی دیکەش بریندار بوون.
رووداوەکە کاردانەوەی گەورەی لەسەر ئاستی تورکیا لێکەوتەوە و بووەهۆی دەستپێکردنی مشتومڕێکی گەرم لەسەر سەلامەتیی قوتابیان.
دوای هێرشەکە و بە لەبەرچاوگرتنی کاریگەرییە دەروونییەکان لەسەر قوتابیان و داواکاریی سەرپەرشتیکارانیان، پارێزگاری مەرەش قوتابخانەکەی داخست و قوتابییەکانی بۆ قوتابخانەیەکی دیکەی نزیک گواستەوە.
بەهۆی ئەوەی زۆربەی دایک و باوکەکان ئامادە نەبوون منداڵەکانیان بنێرنەوە بۆ ئەو قوتابخانەیەی رووداوەکەی تێدا روویدا، باڵەخانەکە بۆ ساڵی نوێی خوێندن کە لە 14ی ئەیلوول دەستیپێکرد، بە داخراوی مایەوە.
بەپێی بڕیارێکی نوێی پارێزگای مەرەش، باڵەخانەی قوتابخانەکە کە لە 15 پۆل پێکهاتووە، لەمەودوا وەک باڵەخانەی بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی قەزای ئۆنیکیشوبات بەکاردەهێندرێ.
بەرپرسانی پارێزگاکە پێش دەرکردنی بڕیارەکە، راوێژیان لەگەڵ بنەماڵەی چاڵک کردووە، کە بنەماڵەیەکی دیاری مەرەشن لە باکووری کوردستان و شوێنپەنجەیان لە خوێندن و پەروەردە هەیە و لە بنەڕەتدا پارەی دروستکردنی قوتابخانەکەیان دابینکردبوو. بەرپرسانی پارێزگاکە رەزامەندیی ئەوانیان وەرگرتووە بۆ گۆڕینی باڵەخانەکە لە قوتابخانەوە بۆ باڵەخانەی بەڕێوەبەرایەتی.
هاوکات بڕیارە قوتابخانەیەکی نوێ لە هەمان ناوچە دروست بکرێ بۆ ئەوەی جێگەی قوتابخانەی ئایسەر چاڵک بگرێتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا پشتڕاست نەکراوەتەوە کە ئایا قوتابخانە نوێیەکە هەمان ناو هەڵدەگرێ یان نا.
ساڵی نوێی خوێندن لە تورکیا و باکووری کوردستان لە 14ی ئەیلوول بە بەشداریی نزیکەی 18 ملیۆن قوتابی و زیاتر لە یەک ملیۆن مامۆستا دەستیپێکرد.


