رووداو - هەولێر
كۆبوونەوەكانی سەركردایەتیی یەكێتی بۆ پەسندكردنی پەیڕەوی نێوخۆی حیزبەكە رادەگیرێن و سەرپەرشتیاری كۆبوونەوەكەش دەڵێت "تاوەكو كاك كۆسرەت لە ئوردن دەگەڕێتەوە كۆبوونەوەكان راگیراون".
مستەفا چاوڕەش، سەرپەرشتیاری كۆبوونەوەكانی ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتی بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند، لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆ شەممە كۆسرەت رەسوول، سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای سیاسیی یەكێتی سەرپەرشتیی کۆبوونەوەکەی کرد "كۆبوونەوەكە زۆری نەخایاند و لەسەر داوای بەرێزیان كۆبوونەوەكان راگیران هەتاوەكو لە ئوردن دەگەڕێتەوە".
مستەفا چاوەڕەش هۆكاری سەردانی كۆسرەت رەسوولی بۆ ئوردن روون نەكردوە، بەڵام گوتی "پێم وانییە سەردانەكە سیاسی بێت".
ئەمڕۆ کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی یەکێتی بەسەرپەرشتیی کۆسرەت رەسوول بەڕێوەچوو. مستەفا چاوڕەش، سەرپەرشتیاری کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی یەکێتی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، پەیڕەوی نێوخۆ ماددە بە ماددە پەسندکراوە، بەڵام دەبێت جارێکی دیکە هەموو پەیڕەوەکە بۆ ئەندامانی سەرکردایەتی بخوێنرێتەوە.
لە کۆبوونەوەی 8ـی شوباتی 2020 دا ئەنجوومەنی سەرکردایەتی یەکێتی سیستمی هاوسەرۆکی پەسندکرد و بریارە دوو هاوسەرۆک بۆ یەکێتی هەڵبژێردرێن، هەرچەندە زیاتر ناوی لاهور شێخ جەنگی و بافڵ تاڵەبانی وەک هاوسەرۆک دەهێنرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا بە فەرمی رانەگەیێنراوە، سیستمەکەش بەو شێوازە ناڕەزایی بەشێکی حیزبەکەی لێکەوتووەتەوە.
رۆژی سێشەممە 11ـ شوبات کۆسرەت رەسوول، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای سیاسیی یەکێتی نامەیەکی ئاراستەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی کرد و بڕیاری هەڵپەساردنی کۆبوونەوەکانیانی دا، تێیدا رایگەیاندبوو "کۆبوونەوەکانتان بۆ ماوەیەک هەڵپەسێرن و تەواوی ئەو بڕیارانەی داوتانن بۆ دەسەڵات و ئۆرگانەکان مەترسی لەسەر هاوسەنگیی ریزەکانمان هەیە، پێویستە کۆبوونەوەی تایبەتی و بەرپرسیارانە بۆ چارەسەرکردنی گرفت و کێشەکان و بۆچوونە جیاوازەکان بکەین".



