رووداو دیجیتاڵ
بههۆی کەوتنی بەفرێکی زۆرەوە، رێگەی 316 ناوچهی نیشتهجێبوون له پارێزگاكانی وان، جۆلەمێرگ و بهدلیسی باکووری کوردستان بهڕووی هاتووچۆدا داخراون.
هەوڵەکان بۆ کردنەوەی ئەو رێگایانە لەلایەن تیمەکانی شارەوانی دەستیپێکردووە. بهپێی راگهیێندراوێکی گهوره شارهوانیی وان، لە سنووری پارێزگای وان رێگەی 671 ناوچهی نیشتهجێبوون گیرابوون و تاوەکو نیوەڕۆی دووشەممە 555یان بەڕووی هاتووچۆدا کراونەتەوە. تیمهكانی راماڵینی بەفر لە شارەوانیی وان بەردەوامن لە هەوڵەکانیان بۆ کردنەوەی 116 رێگە داخراوەکەی دیکە.
ئومیت کورتکان، بەڕێوەبەری خزمەتگوزاریی رێگە و گواستنەوەی سەر بە فەرمانگەی تایبەتیی پارێزگای بەدلیس، ئاماژەی بەوە کرد، بەهۆی بەردەوامیی بهفر بارینەوە رێگەکانی 25 گوند داخراون و تیمە پەیوەندیدارەکان بەردەوامن بۆ کردنەوەی ئەو رێگایانە.
بەپێی زانیاریی فەرمانگەی تایبەتی پارێزگای جۆلەمێرگ، رێگەی 298 ناوچە لە سنووری جۆلەمێرگ بەهۆی کەڵەکەبوونی بەفر داخراون و تاوەکو نیوەڕۆی دووشەممە 123یان کراونەتەوە. تیمەکانی شارەوانی لە هەوڵدان بۆ کردنەوەی 175 رێگەی دیکە.
بەیانیی رۆژی دووشەممە 15-01-2024 دەزگای کەشوهەوای تورکیا هۆشداریی بە هاونیشتمانیان دا لەوەی کەشوهەوای بەفر و باراناوی لە ناوچەکە بەردەوام دەبێت. هەر بەگوێرەی ئەو راگەیێندراوە، شارەکانی رۆژهەڵاتی باکووری کوردستان مەترسیی بەستن و شەختەیان زۆر زیاتر لەسەرە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ