لە پیرانشار مەلایەکی کورد بە تۆمەتی 'دژایەتیکردنی ئاسایشی ئێران' زیندانی دەکرێت

14-12-2023
سینا سۆما
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

زانا خووشامن، مامۆستایەکی ئایینیە خەڵکی پیرانشاری رۆژهەڵاتی کوردستانە، بە تۆمەتی"هەوڵدان دژی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران" سزای دوو ساڵ و یەک مانگ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێندرا.
 
بەپێی زانیارییەکان زانا خووشامن، مامۆستای قوتابخانەی زانستە دینییەکانی سەلاحەددین ئەیووبی پیرانشار، کە دانیشتووی گوندی شیناوێی پیرانشارە، رۆژی چوارشەممە 13-12-2023، دوای بانگکردنی لە لایەن فەرمانگەی جێبەجێکردنی سزاکانی دادگەی ئەو شارەوە، دەستگیرکراوە.
 
دوای دەستگیرکردنی، ئەو مامۆستا ئایینیە کوردە بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزاکەی رەوانەی گرتووخانەی شاری نەغەدەی رۆژهەڵاتی کوردستان کراوە.
 
ئەو مامۆستا ئایینییە کوردە پێشتر لەلایەن لقی یەکی دادگەی شۆڕشی مهابادەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر ئەمیر ئۆجاقلۆ بە تۆمەتی "هەوڵدان دژی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران" و ئەندامبوون لە حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، سزای دوو ساڵ و یەک مانگ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێندرابوو.
 
مامۆستا زانا خووشامن رۆژی پێنجشەممە، 20-10-2022 لەگەڵ سنوور قادری هاوژینی، لە کاتی بەڕێوەچوونی خۆپێشاندانەکان لە رۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەرکرابوو و دوای چەند مانگ لە راگرتنی و بەشێوەی کاتی تاوەکو کاتی دادگەییکردنی ئازاد کرابوو.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە