پارێزگاری کەرکووک: رێگری لەوانە دەکەین بە نایاسایی پارە لە شۆفێرانی بارهەڵگر وەردەگرن

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
کۆسار عوسمان @KassoOsman
كۆنگرەی رۆژنامەڤانیی رێبوار تەها، پارێزگاری کەرکووک و پۆلیس
كۆنگرەی رۆژنامەڤانیی رێبوار تەها، پارێزگاری کەرکووک و پۆلیس
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

پارێزگاری کەرکووک رایگەیاند، "ئەو گرووپەی لە بازگەی چیمەن و دارەبان بەناوی وەبەرهێنان پارە لە شۆفێرانی بارهەڵگر وەردەگرن، یاسایی نین و رێیان پێنادەن."
 
رێبوار تەها، پارێزگاری کەرکووک ئێوارەی رۆژی شەممە 14-09-2024 بە ئامادەبوونی بەڕێوەبەری پۆلیسی کەرکووک و بەرپرسی بازگەکانی کەرکووک کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیی رێکخست.
 
مفەوەزێکی پۆلیسی بەناوی فوئاد ئەحمەد خەڵات کرد، سوپاس و پێزانینی ئاراستە کرد و رایگەیاند، ئەو مفەوەزە گرتەی ڤیدیۆیی ئەو گرووپەی پێ نیشانداوە و لە بوونی دۆخێکی لەو شێوەیە ئاگاداری کردووەتەوە.
 
پارێزگاری کەرکووک ئاماژەی بەوەش کرد، "ئەو گرووپە هیچ رێنوێنییەکیان لەلایەن پارێزگاوە پێنەدراوە، هیچ مۆڵەتێکیشیان لە حکومەت بۆ ئەو کارە نییە."
 
رێبوار تەها ئەو گرووپەی بە "نابەرپرسیار" ناوبرد و گوتی، "ماوەیەکە لە بازگەی چیمەن و دارەبەن ئەم حاڵەتە هەیە. بەتایبەتی لە بازگەی چیمەن کە پێشتر قەپانی لێ بوو و ئێمە هەڵمانگرت. ئەو گرووپە هاتوون لە پێشی بازگەکە و بەناوی وەبەرهێنانەوە بڕی 3000 دینار لە شۆفێرانی تانکەر و بارهەڵگر وەردەگرن. لەگەڵ رێکاری پشکنینداین، بەڵام هەرگیز لەگەڵ ئەوەدا نابم لە دەرەوەی یاسا پارە لەو ئۆتۆمبێلانە وەربگیرێت. دوای ئەوەی دڵنیابووینەوە، بینیمان وەبەرهێنان مۆڵەتی پێداون، نە حکومەت و نە شارەوانی ئاگادارن."
 
پارێزگاری کەرکووک جەختی لەوە کردەوە، "ئەو گرووپە هەمان ئەوانەن پێشتر قەپانیان دانابوو و پارەیان لە شۆفێران وەردەگرت، بەڵام دوای ئەوەی ئەو قەپانەیان هەڵگرت، ئێستا لەژێر ناوی دیکەوە دەیانەوێت ئەو کارە بکەن."
 
رێبوار تەها ئەوەشی گوت، رێکار لەلایەن پۆلیس و بازگەکانی کەرکووکەوە گیراونەتەبەر، رێگە بەوانە نادرێت ئەو بڕە پارەیە لە شۆفێران وەربگرن، "رێکاری پشکنین رێنوێنییە و لە بەغداوە هاتووە. با بکرێت، بەڵام بەبێ پارە."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە