سەرپەرشتیاری پەروەردەیی هەڵەبجە: قوتابخانەی 42 گوند پێویستیان بە نۆژەنکردنەوەیە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
پەیمان محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرپەرشتیاری پەروەردەیی لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی هەڵەبجە دەڵێت، قوتابخانەی 42 گوندی سنوورەکە پێویستیان بە نۆژەنکردنەوەیە. گوتیشی، زۆربەی قوتابخانەکان لە هەڵەبجە دوو دەوامین.
 
ئەمڕۆ شەممە 14-09-2024 دلێر مەحموود، سەرپەرشتیاری پەروەردەیی لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی پارێزگای هەڵەبجە لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 10:00ی تۆڕی میدیایی رووداو، کە ئارێز خالید پێشکێشی کرد، رایگەیاند، "بۆ ساڵی نوێی خوێندن دەست بە ئامادەکارییەکان کراوە."
 
وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان 25ی ئەم مانگەی بە رۆژی دەستپێکی خوێندن دیاریکردووە. دلێر مەحموود گوتی، "نزیکەی 24 هەزار قوتابی لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە هەن، کە نزیکەی 2400یان قوتابییان ئەم ساڵ بۆ یەکەمجار دەچنە قوتابخانە."
 
بە گوتەی سەرپەرشتیاری پەروەردەیی لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی هەڵەبجە، "100 قوتابخانە لە سنوورەکە هەن، کە 146 دەوامیان تێدا دەکرێت و بە شێوەی [یەک دەوامی و] دوو دەوامین."
 
وەکو دلێر مەحموود ئاماژەی بەوە دا، قوتابخانەکان لە 42 گوند و بەشێک لە گەڕەکەکانی ناحیە و قەزاکان پێویستییان بە نۆژەنکردنەوەیە.
 
ستانداردی جیهانی بۆ ژمارەی قوتابییان لە یەک پۆلدا 18 کەسە، بەڵام ئەو سەرپەرشتیارە پەروەردەییە دەڵێت، "لە قوتابخانەکانی قەزا و ناحیەکانی هەڵەبجە 25 بۆ 30 قوتابی لە پۆلێکدان، بۆیە پێویستیمان بە گەورەکردنی قوتابخانەکان و زیادکردنی ژوورەکانی خوێندنە."
 
دلێر مەحموود ئاماژەی بەوەش کرد، ئەم ساڵ نزیکەی 24 ژووری خوێندنیان بۆ زیاد کراوە، بەڵام هێشتا بۆ کەمکردنەوەی قەرەباڵخیی نێو پۆلەکان، پێویستییان بە ژووری خوێندن و کەرەستەی زیاترە.
 
ئەو سەرپەرشتیارە پەروەردەییە گوتیشی، "ئەم ساڵ دوو بینای زیرەک بە تایبەتمەندیی جیاوازەوە لە سنووری پارێزگاکە دروستکراون، کە لە رووی هاتنەژوورەوەی تیشکی خۆر، جێگیربوونی پلەی گەرما لەکاتی سەرما و گەرمادا، سیستمی هەوا و سیستمی کارەباوە پێشکەوتوون و ژینگەیەکی جیاوازیان هەیە."
 
وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان دەڵێت، دروستکردنی باڵەخانە بۆ ناوەندەکانی خوێندن لە هەموو شارەکاندا بووە. هاوکات لە چەند قوتابخانەیەکی پێشتریش ژووری نوێ دروستکراون.
 
بە باڵەخانە نوێیەکان و زیادکردنی ژوورەکانەوە، بەراورد بە پار، ئەم ساڵ شوێنی 100 هەزار قوتابی زیاتر ئامادە کراوە. ئەمەش بەگوێرەی راگەیێندراوێکی وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان.
 
بە گوتەی دلێر مەحموود، زیاتر لە 4200 مامۆستا و 286 وانەبێژ لە سنوورەکە وانە دەڵێنەوە، گوتیشی، وردبینی لە دۆسیەی وانەبێژانی هەڵەبجە کۆتاییهاتووە و [بۆ بە گرێبەستکردنیان] چاوەڕێی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی پەروەردەن.
 
13ی ئەیلوولی 2023، ساڵی خوێندنی 2023-2024 لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد. بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی پەروەردە، ملیۆنێک و 633 هەزار و 125 قوتابی لە هەرێمی کوردستاندا لەو ساڵەدا خوێندوویانە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

رازاندنەوەی قەڵای هەولێر بەبۆنەی یادی لەدایکبوونی پێغەمبەر محەممەد (د. خ). وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

یادی مەلوودە؛ هەولێر دەڕازێندرێتەوە و رێوڕەسمی جیا بەڕێوەدەچێت

سبەی یادی لەدایکبوونی پێغەمبەری ئیسلامە (د. خ)؛ بەو بۆنەیەوە لە شارە جیاجیاکانی کوردستان چەندین رێوڕەسمی جیاواز بەڕێوەدەچن، بەڵام لە هەولێر یادەکە گرنگیی زیاتری پێدەدرێت و شارەکە دەڕازێندرێتەوە