خوێندنی کوردی لە کەرکووک: بڕیاری حکومەتی عێراق بۆ پێدانی زەوی هەموو مامۆستایەک ناگرێتەوە

14-04-2025
سۆران حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

پارێزگاری کەرکووک رایگەیاند، پەروەردەی راسپاردووە بۆ پڕکردنەوەی فۆڕمی وەرگرتنی زەوی بۆ مامۆستایانی سنوورەکە. بەڕێوەبەری خوێندنی کوردییش لە پارێزگاکە دەڵێت، "بڕیارەکە هاوشێوەی هەرێمی کوردستان هەموو مامۆستایان ناگرێتەوە و بە خاڵبەندییە."
 
لە راگەیێندراوێکدا، دوێنێ پارێزگای کەرکووک بڵاویکردەوە، لەسەر راسپاردەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عیراق؛ رێبوار تەها، پارێزگاری کەرکووک، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی پارێزگاکەی راسپاردووە بۆ پڕکردنەوەی فۆڕمی وەرگرتنی زەوی بۆ مامۆستایانی خوێندنی عەرەبی، کوردی، تورکمانی و سریانی بەگوێرەی بڕیاری ژمارە 419ی ساڵی 2019.
 
کامەران عەلی، بەڕێوەبەری بەشی خوێندنی کوردی لە کەرکووک، ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "زۆر گرنگە مامۆستایانی بەڕێزمان بە دروستی تێبگەن، چونکە ئەو بڕیارەی بۆ پڕکردنەوەی فۆڕم دراوە، هەموو مامۆستایان ناگرێتەوە."
 
بەڕێوەبەری بەشی خوێندنی کوردی بڕیارەکەی پارێزگاری کەرکووکی بە "گرنگ" وەسف کرد و گوتی، "گرنگیی بڕیارەکە لەوەدایە، کورد جیانەکراوەتەوە لە نەتەوەکانی دیکە، پێدانی زەوی بەگوێرەی خاڵبەندی دەبێت و پێدەچێت لە هەر بەشێک ژمارەیەک مامۆستا ئەو خاڵانەیان هەبێت کە دیاری دەکرێن بۆ وەرگرتنی زەوی."
 
لەبارەی خاڵەکان و نێوەڕۆکی مەرجەکانی وەرگرتنی زەوی، کامەران عەلی گوتی، "هێشتا روون نەکراوەتەوە، پڕۆسەکە کاتی زۆری دەوێت، رەنگە زیاتر لە 6 مانگ بخایێنێت، بۆیە جارێ وردەکارییەکان ئاشکرا نەبووە."
 
بەشی خوێندنی کوردی لە کەرکووک نزیکەی 8500 مامۆستا و فەرمانبەری هەیە، مووچە و پڕۆگرامەکانی خوێندنیان سەر بە حکومەتی هەرێمی کوردستانە.
 
کامەران عەلی دەڵێت، "مامۆستا و فەرمانبەرانی ئێمە فۆڕمی وەرگرتنی زەوییان لە هەرێمی کوردستان پڕکردووەتەوە، کە بە بڕیاری بەڕێز سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان زەوییان پێ دەدرێت بێ جیاوازی، ئەوەش جیایە لەوەی عێراق کە خاڵبەندیی دەوێت."
 
بەڕێوەبەری بەشی خوێندنی کوردی لە کەرکووک ئاماژەی بەوەش کرد، ئەوانەی مەرجەکانی داهاتووی حکومەتی عێراقیان هەبێت بۆ وەرگرتنی زەوی لە سنووری کەرکووک، هیچ پەیوەندیی بەوەوە نابێت کە حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری داوە زەوییان پێبدات و فۆڕمیان بۆ پڕکردووەتەوە.
 
پارێزگاری کەرکووک دوێنێ لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا گوتی، "وەکو رێزگرتنێک لە پێگەی مامۆستا و بەرز نرخاندنی رۆڵیان لە پەروەردەکردنی نەوەکان، چەند بڕیارێکمان لە بەرژەوەندیی مامۆستایان دەرکردووە و هەموو فەرمانگەکانمان راسپاردووە کارئاسانییان بۆ بکەن."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە