رووداو دیجیتاڵ
کۆنسووڵخانەی ئیتاڵیا لە هەرێمی کوردستان، بە پارێزگاکردنی هەڵەبجە بە "هەنگاوێکی مێژوویی" دەزانێت و دەڵێت، "ئیتاڵیا لە پاڵ هاوشاریانی هەڵەبجە وەستاوە بۆ گەشەپێدان و ئاشتی و هاوکاری."
شەوی دووشەممە، 14-04-2025، کۆنسووڵخانەی ئیتاڵیا لە هەرێمی کوردستان پیرۆزبایی لە بە پارێزگاکردنی هەڵەبجە کرد و رایگەیاند: "هەنگاوێکی مێژووییە کە شانازی دەبەخشێتە یادەوەری و داهاتووی شارەکە. هیوای حەسانەوە و خۆشگوزەرانی دەخوازین."
کۆنسووڵخانەی ئیتاڵیا ئومێدەوارە ئەوەی لە ساڵی 1988 لەلایەن رژێمی پێشووی عێراقەوە بەسەر خەڵکی هەڵەبجە هێنرا، هەرگیز لە هیچ شوێنێکی جیهان دووبارە نەبێتەوە.
ساڵی 1988 رژێمی پێشووی عێراق بە سەرکردایەتی سەدام حوسێن، شاری هەڵەبجەی کیمیاباران کرد، بەو هۆیەوە زیاتر لە پێنج هەزار کەس شەهیدبوون و بە هەزارانیش برینداربوون، هەندێک لە بریندارەکان تاوەکو ئێستاش بەدەست ئازاری برینەکانیان دەناڵێنن.
کۆنسووڵخانەکە لە کۆتایی پەیامەکەیدا رایگەیاندووە: "ئیتاڵیا لە پاڵ هاوشاریانی هەڵەبجە وەستاوە بۆ گەشەپێدان و ئاشتی و هاوکاری."
ناساندنی هەڵەبجە وەک پارێزگا لە ساڵی 2014دا
هەڵەبجە لە هەرێمی کوردستان وەک چوارەم پارێزگا لە 13-03-2014ـەوە ناسێندراوە.
هەوڵەکانی بەپارێزگابوونی هەڵەبجە لە سەرەتای ساڵی 2013 لەلایەن نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی ئەو کاتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی ئێستای هەرێمی کوردستان دەستیانپێکرد، بەڵام ناکۆکییەکانی سوننە و هەندێک هۆکاری دیکە رێگربوون لە پەسندکردنی پڕۆژەیاساکە لە پەرلەمانی عێراق.
حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەنگاوەکانی بۆ بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە نەوەستا و لە دانیشتنی رۆژی 13-03-2014ی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستاندا بە سەرۆکایەتیی نێچیرڤان بارزانی بڕیاری بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە درا.
24ـی کانوونی یەکەمی 2013 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی ئەو کاتی هەرێمی کوردستان، رەشنووسی پڕۆژەیاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە کە لە لایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە ئامادەکرابوو، بە نووسراوی ژمارە 12034 ئاراستەی نووری مالیکی، سەرۆکوەزیرانی ئەو کاتی عێراق کرد.
نێچیرڤان بارزانی لە نووسراوەکەدا داوای کرد هەڵەبجە وەک پارێزگای ژمارە 19ی عێراق بناسێندرێت.
هاوپێچ لەگەڵ نووسراوەکەدا، نێچیرڤان بارزانی دەقی رەشنووسی پڕۆژەیاسای هێنانەکایەی پارێزگای هەڵەبجەی بۆ نووری مالیکی نارد.
تەنیا هەفتەیەک دوای نووسراوەکەی نێچیرڤان بارزانی و لە 31ـی کانوونی یەکەمی 2013دا ئەمیندارێتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، بڕیاری ژمارە 568ـی ساڵی 2013ی بە دوو خاڵ بڵاوکردەوە و یەکێکیان رەزامەندیدان بوو لەسەر نووسراوەکەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی ئەو کاتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی هەڵەبجە بکرێتە پارێزگا.
پرسی بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە لە عێراق نزیکەی 10 ساڵ وەستێندرا تاوەکو لە 13ی ئاداری 2023دا ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە سەرۆکایەتی محەممەد شیاع سوودانی رەشنووسی بەپارێزگاکردنی هەڵەبجەى پەسند کرد و ناردییەوە بۆ پەرلەمانی عێراق بۆ دەنگدان لەسەری.
دوو خوێندنەوە بۆ رەشنووسی پڕۆژەیاساکە کرا، بەڵام بە گەیشتنی بە قۆناخی دەنگدان، پەکی کەوت. تاوەکو ئەمڕۆ 14-04-2025 پرۆژەیاساکە پەسندکرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ