رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ بژمێرەکانی سەرژمێری گردبوونەوە داوای دامەزراندن و شایستە دارییەکانی مانگی کانوونی یەکەمی 2024یان کرد. وەزارەتی پلاندانان دەڵێت، "بەردەوام بەدواداچوونمان بۆ داواکاریی بژمێرەکان کردووە."
رۆژی دووشەممە، 14ی نیسانی 2025، وەزارەتی پلاندانانی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە: "ئەم بەیانییە بژمێرەکان بۆ گەیاندنی داواکارییەکانیان گردبوونەوەیەکی مەدەنییانەیان کرد، بەڵام زیاتر لە چەند جارێک نوێنەری بژمێرەکان سەردانی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان و بەڕێوەبەرایەتییەکانی ئامار لە پارێزگه و ئیدارە سەربەخۆکانیان کردووە، بە وردی راستییەکانیان بۆ روونکراوەتەوە، سەبارەت بە چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم داواکارییە لەلایەن بەغداوە".
وەزارەتی پلاندانان دەڵێت، هەرێمی کوردستان تاوەکو سەرەتای مانگی تشرینی دووەمی ساڵی 2024 بڕیاری کۆتایی نەدابوو کە بەشدار بێت لە سەرژمێری لە عێراق، لەبەربوونی ناڕوونی لەسەر میکانیزمی سەرژمێری لە ناوچەکانی مادەی 140 و ژمارەیەک تێبینی دیکە و جێبەجێنەکردنی داواکارییە رەواکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دڵنیابوون لە شەفافیەتی ئەو پرۆسەیە."
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "دوای بڕیاردان بۆ جێبەجێکردن و کردنی پرۆسەکە، لە 2024-11-06، پۆرتاڵی ئەلیکترۆنیی تایبەت بە هەڵبژاردنی بژمێرەکان کەوتە کار بۆ ماوەی 72 کاژێر، نزیکەی 19 هەزار بژمێر هەڵبژێردران و پێشینە درا بە دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگهکان ئەوانەی کاریان نییە، تاوەکو سوودمەند بن لە شایستەداراییەکان کە لەلایەن حکومەتی فیدڕاڵەوە بۆ سەرژمێری تەرخان کرابوو."
گرێبەستی کارکردنی وەزارەتی پلاندانان لەگەڵ ئەو بژمێرانە دوو مانگ بوو، بەڵام کارەکانیان زووتر لەو وادەیە تەواو بوو. وەزارەتی پلاندانان دەڵێت: "32 رۆژ کاریان کرد، تەواوی بژمێرەکان لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان، شایستەکانیان وەرگرت کە جگە لە شایستەی کار، دەرماڵەی راهێنانیشیان پێ درا." سەرەڕای ئەوەش وەزارەتەکە دەڵێت، لەگەڵ وەزارەتی پلاندانانی فیدڕاڵ لەسەر تەرخانکردنی گوژمەیەکی دیکە بۆ بژمێرەکان کەوتە گفتوگۆ.
سەر لە بەیانی رۆژی دووشەممە نوێنەری بژمێرەکان لە هەولێر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: "گرێبەستی دوو مانگمان لەگەڵ کرا، کە بۆ مانگی 11 و 12ـی 2024 بوو، بەڵام مووچەی یەک مانگمان پێدرا، عێراق و هەرێمی کوردستان خۆیان بێدەنگ کردووە هیچمان پێ ناڵێن."
نوێنەری بژمێرەکان دەڵێت دوو داواکارییان هەیە، یەکەمیان پێویستە مووچەی مانگی کانوونی یەکەمیان پێ بدرێت، چونکە بەپێی گرێبەست دەبێت مووچەی دوو مانگ وەربگرن، گرنگیش نییە بە دوو مانگ یان بە هەفتەیەک کارەکانیان تەواو کردووە، چونکە بە گوتەی خۆیان رۆژانە تاوەکو 12ـی شەو کاریان کردووە.
2025-01-29، شاندێکی وەزارەتی پلاندانان بۆ ئەو بابەتە بە سەرۆکایەتیی بریکاری وەزارەت سەردانی بەغدایان کرد و لەگەڵ وەزیری پلاندانانی فیدڕاڵ کۆبوونەوە.
لە راگەیێندراوەکەی وەزارەتی پلاندانان هاتووە، لە کۆبوونەوەکەدا وهزيرى پلاندانانى فيدراڵ، بە سەرۆکی دەستەی ئاماری فیدڕاڵیی راگەیاندووە، کە ئەم داواکارییە قبووڵە و پێویستە گوژمەیەکی دیکەی بودجە بۆ بژمێرەکانی هەرێمی کوردستان تەرخان بکرێت. لەوکاتەوە لە پەیوەندیی بەردەوامدان لەگەڵیان بۆ جێبەجێکردنی داواکاریی بژمێرەکان.
هەروەها وەزارەتی پلاندانان باس لەوە دەکات، هێشتا شایستەی دارایی دیکە ماوە کە نەدراوە لەلایەن وەزارەتی پلاندانانی فیدراڵەوە، بۆ دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان و بەڕێوەبەرایەتییەکان.
لەبارەی داواکاری دووەمیان نوێنەری بژمێرەکان دەڵێت، پێویستە دابمەزرێین لە ژێر ناوی بژمێرەکان، چونکە هەموو بژمێرەکان دەرچووی دانەمەزراون.
سەبارەت بە دامەزراندنی بژمێرەکان، وەزارەتی پلاندانان باسی دامەزراندنی بژمێرەکان دەکات و دەڵێت: "لە چوارچێوەی بەرپرسیاریەتیی وەزارەتمان نییە، بەڵام ئەگەر دەرفەت بۆ دامەزراندن لە یاسای بودجەی فیدڕاڵ و بەشی هەرێمی کوردستان هەبێت دەتوانن لە ناو کێبڕکێی دامەزراندن بن و بەشداریکردنیان لە سەرژمێری دەبێتە خاڵێکی بەهێز بۆیان."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ