کوردستان

سەردانی ژمارەیەک لە کەسوکاری ئەنفالکراوان لە ساڵی 2023 بۆ قەڵای نوگرەسەلمان، کە شوێنێکی سەرەکی ئەنفالکردن بوو. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
prev
next
رووداو دیجیتاڵ
پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لە 37ـەمین ساڵیادی ئەنفالدا دەڵێت، ''ئەو کۆمەڵکوژییە، نەک بەتەنیا لەلای گەلێک، بەڵکو لەلای تەواوی مرۆڤایەتی، برینێکی ساڕێژ نەکراوە''.
دەم پارتی رۆژی 14ی نیسانی 2025 بە بۆنەی 37ـەمین ساڵیادی ئەنفال، پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند: ''14ی نیسانی 1988، لە یادەوەریی گەلی کورددا رۆژێکی رەشە. ئەنفال، پلانێکی لەنێوبردن بوو کە بە فەرمانی رژێمی سەدام حوسێن، فەرمانی لەبارەوە درا''.
دەم پارتی پێیوایە، ئەنفال هەوڵێک بوو بۆ لەنێوبردنی زمان، مێژوو و ئاییندەی گەلی کورد. دەشڵێت، ''ئەو کۆمەڵکوژییە، نەک بەتەنیا لەلای گەلێک، بەڵکو لەلای تەواوی مرۆڤایەتی، برینێکی ساڕێژ نەکراوە".
پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان داوا دەکات، "ئەنجامدەرانی ئەو کۆمەڵکوژییە نەک لە بەردەم مێژوو، بەڵکو دەبێت لە بەردەم مرۆڤایەتی و یاساشدا لێپێچینەوەیان لەگەڵدا بکرێت''.
ساڵی 1988 رژێمی پێشووی عێراق بە چەند قۆناخێکدا پرۆسەی ئەنفالی جێبەجێ کرد و 182 هەزار هاونیشتمانیی کوردستانی لە ناوچەکانی خوارووی عێراق کۆمەڵکوژ کرد.
ئەنفال لەلایەن هەریەکە لە عێراق، بەریتانیا، سوێد، نەرویج و کۆریای باشوورەوە بە جینۆساید ناسراوە. توێژەران و سیاسەتمەداران پێیانوایە، دەکرێت کاری زیاتر بکرێت بۆئەوەی ژمارەیەکی زیاتری وڵاتان وەکو جینۆساید دان بە تاوانەکەدا بنێن.
پەرلەمانی عێراق لە 14ی نیسانی ساڵی 2008دا، ئەنفالی وەکو جینۆساید ناساند. ژمارەیەک لە فەرماندە سەربازییەکانی سەردەمی دەسەڵاتی سەدامیش کە دەستیان لەو تاوانەدا هەبووە، لە سێدارە دراون، لەوانەش عەلی حەسەن مەجید لە ساڵی 2010.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ