رووداو دیجیتاڵ
نوێنەری جووتیارانی سەرگەڕان لە پارێزگای کەرکووک دەڵێت، ئەمیندارێتی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق نووسراوی سەرۆکوەزیرانی عێراقی بۆ رێگەدان بە کارکردنی جووتیارانی سەرگەڕان واژۆ کردووە.
سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووکیش دەڵێت، هێشتا نووسراوەکە نەگەیشتووەتە ئەنجوومەنەکەیان.
لەکاتی هەوڵدان بۆ کێڵانی زەوییەکانیان لە 17-02-2025، جووتیارانی سەرگەڕان لەلایەن سوپای عێراقەوە ئاستەنگیان بۆ دروستکرا و گرژی دروستبوو. دوای ئەوە، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لیژنەیەکی بۆ لێکۆڵینەوە ناردە کەرکووک و لەگەڵ نوێنەری جووتیاران کۆبووەوە.
محەممەد ئەمین، نوێنەری جووتیارانی سەرگەڕان ئەمڕۆ هەینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە 2ـی ئادارەوە محەممەد شیاع سوودانی، ئەو داوایانەی پەسند کردووین کە لە کۆبوونەوە لەگەڵیدا خستمانەڕوو، بەڵام رێکارە کارگێڕییەکانی جێبەجێکردنی تەواو نەبوون".
محەممەد ئەمین ئاماژە بەوە دەکات، دوای نووسراوەکە، چوارشەممەی رابردوو هەواڵیان پێدراوە کە ئەمیندارێتی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە پشتبەستن بە بڕیارەکەی سوودانی، نووسراوی بۆ لایەنی پەیوەندیدار واژۆ کردووە، کە بینرێت بۆ کەرکووک.
هەر ئەمڕۆ عەبدوڵڵا میروەیس، سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "نووسراوی ئەمیندارێتی ئەنجوومەنی وەزیران نەگەیشتووەتە من، لەکاتێکدا لەگەڵ گەیشتنی بە ئەنجوومەنی پارێزگا دەبێت ئاراستەی من بکرێت".
بە گوتەی سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، نووسراوەکەش بگاتە کەرکووک بە "مانگ و دوومانگ" جێبەجێ ناکرێت. لەبارەی هۆکارەکەشییەوە دەڵێت: "زەوییەکان کۆنن و دەبێت رێکاری کارگێڕی و یاسایی تێپەڕێنن، زەوی هەیە خاوەنی تاپۆکەی گیانی لەدەستداوە و چەندین رێگری یاسایی دیکەی هاوشێوە هەن".
عەبدوڵڵا میروەیس لە گرنگی بڕیارەکە لە بەرژەوەندیی جووتیارانی کورد بەتایبەت و ژمارەیەک جووتیاری تورکمانیش کەم ناکاتەوە و دەڵێت: "بەگشتی بڕیارەکە زۆر بەسوودە بۆ کورد، چونکە هیچ نەبێ خۆ ئیدی عەرەب ناتوانن زەوییەکانیان بکێڵن و کورد پاڵپشتیی یاساییان هەیە".
02ـی ئاداری 2025، خالید شوانی، وەزیری دادی عیراق، لە کاتی پێشوازیکردنی لە محەممەد ئەمین لە بەغدا گوتی: "لیژنەکە نووسراوی خۆی پێشکێشکی سەرۆکوەزیران کرد بۆ چارەسەری کێشەکان، ئەمڕۆ یەکشەممە لە نووسینگەی {محەممەد شیاع سوودانی} سەرۆکوەزیرانەوە ئاگادارکراینەوە کە نووسراوەکە راستاندنی بۆ کراوە".
یاسای گەڕاندنەوەی زەوی بۆ خاوەنەکانیان
رێگرییەکان لە جووتیارانی کورد لەکاتێکدان، دوای چەند جارێک دواخستن بەهۆی ناکۆکی نێوان لایەنەکانی نێو پەرلەمانی عێراق، 21-01-2025 پڕۆژە یاسای گەڕاندنەوەی زەوی بۆ خاوەنەکانیان دەنگی لەسەر درا و بووە یاسا، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ رێکارەکانی ماون و نەچوونەتە واری جێبەجێکردنەوە.
یاساکە لە رۆژنامەی وەقائیعی عێراقی بڵاو کرایەوە. محەممەد ئەمین دەڵێت: "بڕیارەکەی سەرۆکوەزیران بۆ ئەوەیە رێگریمان لێ نەکرێت تاوەکو یاساکە دەچێتە واری جێبەجێکردنەوە، چونکە هەرچەند بڵاوکراوەتەوە لە رۆژنامەی فەرمی عێراق، هێشتا رێکاری دیکەی ماوە".
یاساکە پەیوەندی بە 300 هەزار دۆنم زەویی کورد و تورکمان لە کەرکووک و ناوچە کێشە لەسەرەکانی دیکەوە هەیە. یاساکە تایبەت بوو بە گەڕاندنەوەی موڵک و ماڵی ئەو کەسانەی کە بەگوێرەی هەشت بڕیاری ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی شۆڕشی دەسەڵاتی پێشوو (بەعس) لێیان داگیر کرابوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ