رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی رێگریی عەرەبی هاوردەوە، زیاتر لە دوو مانگە رێگە نادرێت جووتیارانی چوار گوندی سنووری ناحیەی سەرگەڕان زەوییەکانیان بکێڵن و "کاتی کێڵانیان دواکەوتووە." بەرپرسی لیژنەی کشتوکاڵ لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووکیش دەڵێت، ئەمڕۆ دۆسیەکە لەگەڵ پارێزگار تاوتوێ دەکات.
لە 08-11-2024ـەوە رێگە نادرێت جووتیارانی کورد لە گوندەکانی پەلکانە، شەناغە، سەربەشاخ و گابەرەکە لە ناحیەی سەرگەڕان زەوییەکانیان بکێڵن، لەکاتێکدا زەوییەکان بەرئاون و لە نێوەڕاستی مانگی 10ـەوە کاتی چاندنیانە بە دانەوێڵە.
محەممەد ئەمین، سەرۆکی لیژنەی بەرگریکار لە جووتیارانی ناحیەی سەرگەڕان رۆژی سێشەممە، 14-01-2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "تاوەکو ئەمڕۆ رێگە نادرێت زەوییەکانمان بکێڵین، لەکاتێکدا لە کاتی خۆی زۆر دواکەوتووە و تاوەکو زیاتر دواکەوێت زیان بە بڕشتی بەرهەمەکەی دەگات".
محەممەد ئەمین گوتی: "هەرچەند کاتیش دواکەوتووە، بەڵام تاوەکو تاوەکو 10 رۆژی دیکەش دەتوانین زەوییەکانمان بکێڵین و تۆو بکەین".
سەرۆکی لیژنەی بەرگریکار لە جووتیارانی سەرگەڕان ئاماژەی بەوەشکرد، چاوەڕوانن پارێزگاری کەرکووک فەرمانێک دەربکات و بتوانن زەوییەکانیان بکێڵن.
هەر ئەمڕۆ عەبدوڵڵا میروەیس، بەرپرسی لیژنەی کشتوکاڵ لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بەشێکی هۆکاری دواکەوتنی چارەسەرکردنی کێشەی ئەو جووتیارانە، پشووەکانی سەری ساڵ بوو، بێگومان هەوڵ بۆ چارەسەرکردنی دەدەین".
بەرپرسی لیژنەی کشتوکاڵ لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمڕۆ لەگەڵ رێبوار تەها، پارێزگاری کەرکووک کۆدەبێتەوە و یەکێک لە تەوەری گفتوگۆکانیان چارەسەرکردنی كێشەی ئەو جووتیارانەی سەرگەڕان دەبێت.
لە سەروبەندی کاتی دروێنەی دانەوێڵەدا لە 26ـی نیسانی ئەم ساڵ، بە فەرمانی هێزێکی سوپای عێراق رێگە نەدرا جووتیارانی پێنج گوند لە ناحیەی سەرگەڕان دروێنە بکەن. دواتر بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە لە 15ـی ئایاردا لیژنەیەکی باڵای پەرلەمانی عێراق چووە سنوورەکە و دروێنەکە کرا، بەڵام جارێکی دیکە کێشە بۆ چوار گوندیان دروستبووەوە.
ئەو زەوییانەی لەو چوار گوندەدا عەرەبی هاوردە ئاستەنگیان بۆ جووتیارەکانیان دروستکردووە نزیکەی 40 هەزار دۆنم دەبێت.
زۆربەی گوندەکانی ناحیەی سەرگەڕان کوردنشینن، لە دوای هێرشەکانی 16ـی ئۆکتۆبەرەوە سوپای عێراق و عەرەبی هاوردە چەندین جار کێشە و ئاستەنگیان بۆ کوردی ئەو ناوچەیە دروست کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ