رووداو – هەولێر
سەرۆککۆماری تورکیا دۆزینەوەی کێڵگەیەکی نوێی نەوتی لە پارێزگەی شرنەخی باکووری کوردستان راگەیاند و دەڵێت، بەهای کێڵگەکە 12 ملیار دۆلارە.
رهجهب تهیب ئهردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا له دواى كۆبوونهوهى كابینهى حکومەتی وڵاتهكهى، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیی باسی دۆزینەوەی کێڵگەیەکی نوێی نەوتی خاوی لە باکووری کوردستان کرد.
ئەردۆغان باسی لەوەکرد، کێڵگەکە لە چیای گاباری سەر بە پارێزگای شرنەخە لە چەندین بیر پێکدێت و نەوتەکە کوالیتییەکەی زۆرباشە و تەنیا لە چوار بیرە نەوتدا رۆژانە پێنج هەزار بەرمیل نەوت دەردەهێندرێت.
راشیگەیاند، کێڵگەکە کە یهدهگهكهی 150 ملیۆن بەرمیله. یهكێكه له 10 گهورهترین دۆزینهوەکانی ساڵی 2022 له وشكانی بۆ نەوت و بەهاکەی بەپێی نرخی رۆژ 12 ملیار دۆلار.
سەرۆککۆماری تورکیا جەختی لەوەکردەوە، پلانیان وایە لە ساڵی داهاتوودا بەرهەمی نەوتی ناوخۆیی بگەیێننە 100 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا.
رۆژی 8ی کانوونی یەکەمی 2022، فاتیح دۆنمەز وەزیری وزە و سەرچاوە سرووشتییەکانی تورکیا دۆزینەوەی نەوتی لە پارێزگای شرنەخ لە باکووری کوردستان راگەیاند و گوتی: "لە چیای گابار لە سنووری پارێزگای شرنەخ بڕێکی بەرچاو یەدەگی نەوت دۆزرایەوە. رۆژانە نزیکەی 5000 بەرمیل نەوت دەردەهێندرێت."
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، ئێستا رۆژانە نزیکەی 5000 بەرمیل نەوت لە سنووری شرنەخ دەردەهێندرێت و دەنێردرێتە پارێزگای ئیلێهـ لە باکووری کوردستان بە مەبەستی پاڵاوتەکردن.
ئەو یەدەگی نەوتە لە هەشت بیری هەڵکەندراو لە رێگەی چیای گابار لە گوندی ئاکچای لە نزیک چیای جوودی دۆزراوەتەوە. هەروەها کار لەسەر شەش بیری دیکە لە هەمان ناوچەدا دەکرێت و لە کۆی کاراکردنی ئەم 14 بیرە نەوتەدا دەکرێ رۆژانە نزیکەی 10 هەزار بەرمیل نەوت دەربهێندرێت.
چەند مانگێکە هەڵمەتێکی گەورەی گەڕان بۆ دۆزینەوەی نەوت لە شرنەخ، سێرت، جۆڵەمێرگ، دیلۆک، ئادانا و چەند پارێزگایەکی دیکەی باکووری کوردستان دەستیپێکردووە.
کێڵگە نەوتییەکانی تورکیا زۆر دەوڵەمەند نین. کێڵگە نەوتییەکانی ئێستا زیاتر لە پارێزگاکانی سەمسوور، ئێلیهـ و ئامەدی باکووری کوردستانن. هەروەها لە پارێزگاکانی سێرت و رووها و مێردینی باکووری کوردستانیش کێڵگەی نەوت هەن. ئەو نەوتەی بەرهەمدێت بەشێکی زۆر کەم لە پێداویستییەکانی ناوخۆی تورکیا دابین دەکات.
لە کاتێکدا 93%ی کێڵگە نەوتییەکانی باکووری کوردستان و تورکیا لە 25 ملیۆن بەرمیل نەوت بچووکترن، 7%ـیان کێڵگەی گەورەن و یەدەگەکانیان لەنێوان 25 ملیۆن بۆ 500 ملیۆن بەرمیلدایە. لە تورکیا لە 3000 - 4000 هەزار مەتردا نەوت دەدۆزرێتەوە.
لە ساڵی 2015دا یەدەگی نەوتی خاوی بەرهەمهێندراو لە تورکیا بە 334.5 ملیۆن بەرمیل هەژمار کراوە. بەپێی توانای بەرهەمهێنانی ئێستا، تەمەنی یەدەگەکان 19 ساڵە.



