کوردستان
پێشمەرگەیەکی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران دوای بۆردوومانێکی ئێران بۆسەر بارەگاکەیان لە کۆیە. وێنە؛ AFP
رووداو دیجیتاڵ
قایمقامی قەزای کۆیە رایگەیاند، لەترسی هێرشی درۆنی و مووشەکیی ئێران هێشتا 700 خێزانی ئاوارەی گوندەکانی هەرمۆتە و شیلە و تۆپزاوا و کەمپی پەنابەرانی رۆژهەڵات نەگەڕاونەتەوە ماڵەکانیان و دەشڵێت: نزیکەی 140 ماڵی گوندی هەرمۆتەی زۆرینە کریستیاننشینی تێدایە.
رۆژی سێشەممە، 13-12-2022، تاریق حەیدەری، قایمقامی قەزای کۆیە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بەهۆی هێرشە درۆنی و مووشەکییەکانی ئێرانەوە 700 ماڵی کەمپی پەنابەرانی رۆژهەڵات و گوندەکانی هەرمۆتەی زۆرینە کریستیاننشین و شیلە و تۆپزاوا لەناو کۆیە دەژین و ناتوانن بگەڕێنەوە بۆ شوێنەکانی خۆیان."
بەگوتەی حەیدەری هێشتا دیار نییە ئەو ئاوارانە کەی دەگەڕێنەوە، چونکە ترسیان لە دووبارەبوونەوەی هێرشەکان هەیە و هیچ گەرەنتییەک لەسەر ژیانیان و دووبارەنەبوونەوەی هێرشەکان نییە."
رۆژی 28ـی ئەیلوولی 2022 سوپای پاسداران بە مووشەک و درۆن هێرشیکردە سەر قەڵای دیموکرات و بارەگای حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و لە ئەنجامدا 18 کەس گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە 50 کەسیش برینداربوون، بەهۆی هێرشەکانەوە 700 خێزان ئاوارەی ناو شاری کۆیە و دەوروبەری بوون. دواتر سێ جاری دیکەش لە کاتی جیادا بە مووشەک و درۆن هێرشی کردە سەر حیزبەکانی رۆژهەڵات و کەمپی ئاوارەکان، بۆیە دانیشتووانی کەمپەکان ترسیان لە دووبارەبوونەوەی هێرشەکان هەیە.
سەرۆکی ئەنجوومەنی گوندی هەرمۆتە: ئەمساڵیش رێوڕەسمەکانی سەری ساڵ و لەدایکبوونی عیسا دەکەینەوە
گوندی هەرمۆتە کە سەر بە قەزای کۆیەیە، یەکێکە لە گەورەترین گوندە کریستیاننشینەکانی هەرێمی کوردستان، گوندەکە بەر لە بۆردوومانەکان، 118 ماڵی کریستیان و 25 ماڵی موسڵمانی تێدابوو.
هورمز عیسا، سەرۆکی ئەنجوومەنی گوندی هەرمۆتە لەبارەی ئاوارەبوونی دانیشتووانی گوندەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "هەندێک خێزان کە ژمارەیان 30 بۆ 40 خێزان دەبێت بە رۆژ دەگەڕێنەوە بۆ هەرمۆتە و بەشەو دەگەڕێنەوە بۆ شوێن و ماڵەکانی خۆیان لەناو شاری کۆیە، بۆیە ئەوانەی بە تەواوەتی گەڕاونەتەوە بۆ هەرمۆتە نزیکەی 10 ماڵێکیش نابن."
لەبارەی هۆکاری نەگەڕانەوەیان روونیکردەوە: "لەبەر ئەوەی خەڵک دەترسێت لە هێرشی دیکەی درۆن و مووشەک و لە گیان و منداڵی خۆیان، بۆیە ناچنەوە شوێنەکانی خۆیان."
سەرۆکی ئەنجوومەنی گوندی هەرمۆتە سەبارەت بە ئاهەنگەکانی سەری ساڵیش لە گوندەکەیان، گوتی: "ئێمە لەسەر بەڵێنی خۆمانین و ئەمساڵ ئاهەنگەکانی سەری ساڵ دەکەینەوە و لە ناو هەرمۆتە رێوڕەسمەکانی لەدایکبوونی حەزرەتی عیسای مەسیح وەکو ساڵانی رابردوو بەردەوام دەبێت و ناهێڵین ئەو رووداوانە کاریگەرییان لەسەر رێوڕەسمەکانمان هەبێت."
هورمز عیسا بە رژدبوونی زیاتریشەوە دەڵێت: "ئەگەر مووشەک و درۆنێش بەسەر سەرمانەوە بڕوات هەر رێوڕەسمەکانی خۆمان دەکەین و خەڵک ئاگاداردەکەینەوە کە ئامادەکاریی بکەن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ