نێچیرڤان بارزانی و سوودانی: پێویستە وڵات لە لێکەوتەکانی ململانێی هەرێمی دووربخەینەوە

13-11-2024
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، لە کۆبوونەوەیاندا، نێچیرڤان بارزانی و سوودانی باسیان لە پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێمی کوردستان، دۆسییە هاوبەشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و بارودۆخی ناوچەکە کردووە.
 
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان راگەیێندراوێکی لەبارەی کۆبوونەوەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە هەولێر بڵاوکردەوە.
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "لە کۆبوونەوەيه‌كدا ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، هەنگاوەکانی پێکهێنانی کابینه‌ی نوێی حکوومەتی هەرێمى كوردستان، پەیوەندییەکانی هەولێر ـ بەغدا، هەروەها بارودۆخی وڵات و دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە، تاوتوێ کران".
 
ئەوەش هاتووە، "به‌ڕێز سەرۆکوەزیران ئه‌لسوودانی، پیرۆزبایی لە هەرێمى كوردستان کرد بۆ سەرکەوتنى هەڵبژاردنی پەرلەمان و ستایشی بەشداريی بەرفراوانی هاووڵاتیانی هه‌رێمى كوردستانی لە پرۆسەی هەڵبژاردندا كرد کە نیشانەی هۆشیاريی سیاسيی گەلی کوردستان و پابەندبوونيه‌تی بە پرۆسەی دیموکراسییەوه‌".
 
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "هەردوولا جەختیان لەسەر گرنگيی بەهێزکردنی میکانیزمەکانی هەماهەنگيی هاوبەش و پێویستيی چارەسەرکردنی دۆسیە هاوبەشەکانى نێوان هه‌ولێر و به‌غدایان لە رێگەی دیالۆگی بنیاتنەر و پابەندبوون بە دەستووری عێراقه‌وه‌، کردەوە. هه‌روه‌ها هاوڕا بوون لەسەر گرنگيی بەردەوامبوونی گفتوگۆ بۆ بەهێزکردنی هاوکاری و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانى نێوانيان".
 
سوودانی سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە هەولێر. بڕیارە هەر ئەمڕۆ بچێتە سلێمانیش.
 
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "لاى خۆیەوە، سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانی ستایشی پشتگیريی سەرۆکوەزیران ئه‌لسوودانی و لایەنە پەیوەندیدارەکانی عێراقی کرد بۆ سه‌رخستنى هەڵبژاردن و جەختی لەسەر گرنگيی بەهێزکردنی هاوکاريی نێوان هەولێر و بەغدا لە قۆناخی داهاتوودا کردەوە".
 
لە ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى کۆبوونەوەکەیاندا، بەپێی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان "پێشهاتەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و کاریگەرییەکانی لەسەر عێراق تاوتوێ کران. له‌مباره‌يه‌وه‌ هەردوولا جەختیان لەسەر پێویستيی دوورخستنەوەی وڵات لە لێكه‌وته‌كانى ململانێی هەرێمی و کاری هاوبەش بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری کردەوە".
 
پەیوەندییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و ناوچەکە و چۆنیەتيی پەرەپێدانیان، لايه‌نێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو، بەگوێرەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان كه‌ ژمارەیەک لە بەرپرسانی هەردوولا، ئاماده‌ى بوون.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 فەرهاد تێلۆ، سەرۆکی پارتی لیبراڵی کوردستان لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 11:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو

پارتی لیبراڵی کوردستان: دووبارە بەنداوی تشرین بۆردوومان کرا

سەرۆکی پارتی لیبراڵی کوردستان دەڵێت، ئەمڕۆ گرووپە چەکدارەکان بە رۆکێت هێرشیان کردووەتە سەر بەنداوی تشرین، گوتیشی: ''نامانەوێت بەبێ ئەنەکەسە بچینە شام، بەڵام ناتوانین هەر چاوەڕێ بین، پێویستە هەڵوێستی خۆیان روون بکەنەوە.''