چالاکڤانێکی عەفرین: دوای راپۆرتەکانی رووداو پێشێلکاریی گرووپە چەکدارەکان کەم بوونەتەوە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
سینا سۆما
جووتیارێک لە سنووری عەفرین کار لە زەوییە کشتوکاڵییەکانی دەکات
جووتیارێک لە سنووری عەفرین کار لە زەوییە کشتوکاڵییەکانی دەکات
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

پێشێلکارییەکانی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە تورکیا لە هەرێمی عەفرین بەردەوامن، بەتایبەت بەرامبەر رەز و باخ و بەروبوومی کشتوکاڵیی هاووڵاتیان. چالاکڤانێکی شارەکە دەڵێت، دوای راپۆرتەکانی رووداو، گرووپە چەکدارەکان پێشێلکاریی کەمتر دەکەن.
 
پارێزەر و چالاکڤانی سڤیل، ئیبراهیم شێخۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "گروپی چەکداریی سقور الشمال لە گوندی قزلباش-ی سەربە ناحیەی بلیلی عەفرین، بەرهەمی 400 داری زەیتوونیان کە نزیکەی 200 فەردە زەیتون بووە، تاڵان کردووە."
 
هەر بە گوتەی ئیبراهیم شێخۆ، "چەکدارانی گرووپی حەمزات لە گوندی قیبار لەنزیک شاری عەفرین، نزیکەی 200 داری زەیتوونی بنەماڵەی عەجیجۆیان تاڵان کردووە و دواتر بەشێک لە دارەکانیان شکاندووە و بەشێکی دیکەشیان بڕیونەتەوە."
 
گرووپە چەکدارەکان هەر بە تاڵانکردن و بڕینی دار زەیتوونەکان نەوەستاون، ئەگەر باخێک تاڵان نەکەن، سەرانە لە خاوەنەکەی وەردەگرن.
 
ئیبراهیم شێخۆ گوتی: "دوای کۆتاییهاتنی وەرزی کۆکردنەوەی زەیتوون، گرووپە چەکدارەکان باجی دیکەیان لەسەر جووتیارانی هەرێمەکە سەپاندووە؛ بە شێوەیەک چەکدارەکان 400 لیرەی تورکی (نزیکەی 12 دۆلار) لە جووتیارەکان بۆ هەر زەوییەکیش 100 دۆلار وەک سەرانە وەردەگرن."
 
لە لایەکی دیکەوە، پارتی یەکێتیی دیموکراتی کورد لە سووریا (ئەلوەحدە) کە پێشێلکاریی گرووپە چەکدارەکانی لە عەفرین تۆمارکردووە، لە راپۆرتێکدا رایگەیاندووە: "گرووپە چەکدارەکانی سەر بە تورکیا سەرانە لە خاوەن باخی زەیتوونەکانی عەفرین وەردەگرن، بۆ هەر دارێک لە یەک دۆلار بۆ 35 دۆلار وەردەگرن."
 
بەپێی راپۆرتی پارتەکە، "کۆی گشتی پارە و بەرهەمی تاڵانکراوی ئەم وەرزە لە هەرێمی عەفرین بە 100 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی دەخەمڵێندرێت، زۆربەی ئەو پارەیەش دەچێتە گیرفانی فەرماندەکانی گرووپە چەکدارەکان و بەشێکی وەک دیاری دەگاتە دەستی بەرپرسانی هاوپەیمانیی نیشتمانیی سووریا و حکومەتی کاتیی سەر بە هاوپەیمانییەکە."
 
راپۆرتەکە ئاماژە بەوەش دەکات، رۆژانە خەڵکی بێ تاوانی مەدەنیی ناوچەکە لە لایەن گرووپە چەکدارەکانەوە دەستگیر دەکرێن و داواکاری هەیە بۆ ئەوەی رێگری لەو دۆخە مەترسیدارە بکرێت.
 
حوسێن نەعسۆ، پارێزەر و مافناسی کورد بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دوای ئەو راپۆرت و هەواڵانەی لە لایەن تۆڕی میدیایی رووداوەوە سەبارەت بە پێشێلکارییەکانی گرووپە چەکدارەکان لە هەرێمی عەفرین بڵاودەکرێنەوە، هەندێک گۆڕانکاری بەدی دەکرێت و چەکدارەکان ناچار بوونە بەشێک لە پێشێلکارییەکانیان لە هەندێک ناوچەدا سنووردار بکەن.
 
نەعسۆ گوندی ترمیشای سەر بە ناحیەی شییێ و گوندی کاخرێ بە نموونە دەهێنێتەوە و داوا لە خەڵکی عەفرین دەکات دەنگی خۆیان بگەیێننە رووداو، بۆ ئەوەی لەسەر ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی دەنگیان ببیسترێن و پێشێلکارییەکان بە بەڵگە تۆمار بکرێن.
 
حوسێن نەعسۆ گوتی: "دوێنێ دوای بڵاوکردنەوەی راپۆرتی رووداو لەبارەی گوندی ترمیشا و چەتەی گرووپی عەمشات بە ناوی موجیب ئەلشێخ و زوڵم و ستەمەکانی بەرامبەر خەڵکی ترمیشا و دزییەکانی، دەستبەجێ ئاسایشی عەمشات لە ماباتاوە هاتن و ئەو چەکدارەیان برد و ئێستا لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا دەکرێت."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 ئەو مادە هۆشبەرەی دەستی بەسەردا گیراوە. وێنە: میدیای فەرمیی ئێران

لە مهاباد دەست بەسەر 50 کیلۆگرام مادەی هۆشبەردا گیرا

لە شاری مهابادی رۆژهەڵاتی کوردستان دەست بەسەر 50 کیلۆگرام مادەی هۆشبەردا گیرا. بەڕێوەبەری پۆلیسی مهابادیش دەڵێت، سێ کەس بە تۆمەتی "بەقاچاخبردن و بازرگانیکردن بە مادەی هۆشبەر" دەستبەسەر کران.