کۆمیسیۆن بۆ رووداو: 13 کۆنسووڵخانە و 17 رێکخراو چاودێریی هەڵبژاردن دەکەن

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
A+ A-

هاوار عەبدولڕەزاق

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە رووداوی راگەیاند، تاوەکو ئێستا 17 رێکخراوی نێودەوڵەتی و 13 کۆنسووڵخانە ناوی تیمەکانیان تۆمارکردووە تاوەکو چاودێریی پرۆسەی دەنگدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکەن. 
 
رۆژی یەکشەممە، 13ی تشرینی یەکەمی 2024، ئەیسەر یاسین، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، جگە لە نوێنەری کۆنسووڵخانە و رێکخراوەکان، 20 نوێنەری میدیای نێودەوڵەتیش ناوی خۆیان تۆمارکردووە، تاوەکو بتوانن رووماڵی هەڵبژاردنەکان بکەن. 
 
هەروەها ئەو بەرپرسەی کۆمیسیۆن بە رووداوی گوت، "بەگشتی 2100 چاودێری ناوخۆ و نێودەڵەتی و، 13 هەزار و 470 کەسیش وەک چاودێری حیزبەکان ناویان تۆمارکراوە."
 
ئیسەر یاسین لەبارەی دوایین ئاماری پێشێلکارییەکانی هەڵمەتی هەڵبژاردن، رایگەیاند "تائیستا 39 پێشێلکاری تۆمارکراون، 19یان هێشتا لە پرۆسەی لێکۆڵینەوەدان. 20یشیان سزادراون و سزادانەکەش بەگوێرەی پیشێلکارییەکان دیاریکراون، بەڵام زۆربەیان سزایی دارایین."
 
بەگوێرەی بڕیاری کۆمیسیۆن، هەڵمەتی هەڵبژاردن لە 25ـی ئەیلوول دەستیپێکرد و تاوەکو 15ـی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت. ئەیسەر یاسین لەبارەی ئەگەری درێژکردنەوەی ماوەی بانگەشە گوتی "ماوەی هەڵمەتی هەڵبژاردن بەهیچ شێوەیەک درێژ ناکرێتەوە."
 
سەبارەت بە راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردن، گوتەبێژی کۆمیسیۆن دەڵێت: "لەماوەی 24 کاژێردا دوای کۆتاییهاتنی پرۆسەی دەنگدان، ئەنجامە بەراییەکان رادەگەیێندرێن. دواتر تانەکان لە ئەنجامی هەڵبژاردن وەردەگیرێن و تاوەکو سەرجەم تانەکان یەکلانەکرێنەوە، ئەنجامی کۆتایی راناگەیێندرێت، بۆیە کاتێکی دیاریکراو بۆ راگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی دانەنراوە." 
 
بڕیارە 18ـی ئەم مانگە، هەڵبژاردنی تایبەت بەڕێوەبچێت و رۆژی 20ـی ئەم مانگەش هەڵبژاردنی گشتیی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەدەچێت. 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە