بەڕێوەبەری گشتیی بەنداوەکان: بەنداوی گۆمەسپان کێشەی ئاوی هەولێر چارەسەر ناکات

5 کاژێر له‌مه‌وپێش
ژیڤان بەکر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری گشتیی بەنداوەکانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، هەولێر پێویستی بە ئاوێکی زۆرە، بە پڕۆژەی گەورەی وەکو بەنداوی بێخمە و مەنداوە کێشەی کەمئاوی لە هەولێر چارەسەر دەبێت.
 
ئەمڕۆ سێشەممە 13ی ئابی 2024 رەحمان خانی، بەڕێوەبەری گشتیی بەنداوەکانی هەرێمی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، "پڕۆژەی بەنداوی گۆمەسپان رێژەیەکی باشی لێ جێبەجێ کراوە. هەوڵ دەدەین ئەم ساڵ تەواوی بکەین؛ بەڵام ئەگەر تەواویش ببێت بە ئاسانی پڕ نابێت؛ چونکە پەیوەندیی بە باران، داهاتی ئاو و بەفرەوە هەیە."
 
بەنداوی گۆمەسپان، بە دووریی 35 کیلۆمەتر دەکەوێتە باکووری رۆژهەڵاتی شاری هەولێر. دوای بەنداوەکانی دووكان و دەربەندیخان، دەبێتە سێیەم گەورەترین بەنداو لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان و گەورەترین بەنداوی پارێزگای هەولێر.
 
سەبارەت بە ژمارەی بەنداوەکان و وردەکاریی تەواوبوونی پرۆژەکانیان، رەحمان خانی گوتی، "وەکو بەنداوی گەورە، بەنداوی گۆمەسپانە؛ بەنداوی بەستۆرەش ئەم ساڵ تەواو دەبێت؛ بەنداوی ئاقووبانمان هەیە و تەواو بووە. بەنداوی چەمرگە و شەوگێڕیش لە کۆیە تەواو بوون. جەلی و حەمامۆکیشمان هەن؛ بەنداوەکانی نازەنین و عەلی تاڵەبانمان هەیە تەواو نەبوون و کارەکانیان وەستاون. لە کوردستان 20 بەنداو تەواو کراون، جگە لە سێ بەنداوە گەورەکەی دەربەندیخان، دهۆک و دووکان."
 
لەبارەی سوودەکانی بەنداوی گۆمەسپانەوە بەڕێوەبەری گشتیی بەنداوەکانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "دەکرێت ئەو بەنداوە بەشێک لە کێشەی کەمئاویی شاری هەولێر چارەسەر بکات. ببێتە ناوچەیەکی گەشتیاری، سامانی ماسی، بووژانەوەی ئاودێری ناوچەکە و کەمکردنەوەی لافاوی بەستۆرەیش سوودێکی دیکەیە."
 
رەحمان خانی پێیوایە چارەسەرکردنی کێشەی کەمئاوی لە هەولێر بە پرۆژەی گەورە دەبێت و دەڵێت، "کێشەی کەمئاویی هەولێر بە بەنداوی بچووک و سەت ملیۆنی چارەسەر نابێت. بەنداوی گۆمەسپانیش تەواو ببێت، گرفتی ئاوی هەولێر چارەسەر نابێت. پێویستی بە دروستکردنی بەنداوی گەورەی وەکو بێخمەیە."
 
بەنداوی گۆمەسپان پشت بە ئاوی باران و کانیاوەکانی ناوچەکە دەبەستێت. توانای گلدانەوەی 97 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی هەیە. ئێستا زیاتر لە 10 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی گلداوەتەوە. بەرزیی بەنداوەکە 70 مەتر و درێژییەکەی 513 مەترە؛ تێچووەکەیشی 95 ملیار دینارە.
 
ئەندازیار ئاکۆ زاهیر حەمەد، بەڕێوەبەری گشتیی بەنداوی گۆمەسپان بە رووداوی گوت، "تاوەکو ئێستا 75%ی جێبەجێ کراوە و ئەم ساڵ پلانمان داناوە هەیکەلی بەنداوەکە تەواو دەبێت. سوودەکانی بەنداوەکە پاراستنی ئاوی ژێر زەوی، گەشتیاری، ئاوی پاک، ژینگە و ئاودێرییە."
 
بە گوتەی بەڕێوەبەری بەنداوی گۆمەسپان، دوای تەواوکردن و پڕبوونی بەنداوی گۆمەسپان "ئینجا بەنداوەکە دەتوانێت لە هاویناندا، نزیکەی 5 ملیۆن مەتر سێجا ئاو بۆ چەند گەڕەکێکی هەولێر دابین بکات."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەی گەنجەکە کە دزیی لە باوکی کردووە

پۆلیسی هەولێر: کوڕێک دەستگیر کرا 150 هەزار دۆلاری لە باوکی دزیبوو

بەڕێوەبەرایەتیی پۆلسیی هەولێر دەڵێت، بە تۆمەتی دزینی 150 هەزار دۆلار لە باوکی، گەنجێکیان دەستگیر کردووە. ئاماژە بەوەش دەکات، گەنجەکە تەواوی پارەکەی لە قوماری ئەلیکترۆنیدا دۆڕاندووە