لەگەڵ رەنج؛ دەكرێت قوربانیانی هاتووچۆ لەوەی ئێستا هەیە كەمتر ‏بكرێنەوە؟

14-08-2023
هیدایەت جان
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

جێگری بەڕێوەبەری گشتیی لە وەزارەتی ‏ئاوەدانكردنەوە ‌و ‏‏نیشتەجێكردن باس لەوە دەکات، "بۆ دروستکردنی رێگەوبانی نوێ لە هەرێمی کوردستان بەگوێرەی توانای زانستی و دارایی 90٪ـی ستانداردە نێودەوڵەتییەکانمان رەچاو کردووە" و ئەندازیارێکی گواستنەوە و رێگەوبانیش دەڵێت: "تاوەکو ئێستا ستانداردێکی یەکگرتوو و مۆدێرنمان نییە بۆ ئەوەی رێگاوبانی لەسەر دیزاین بکەین، بۆیە زۆربەی هەرەزۆری ئەو رێگە نوێیانەش کە دروستدەکرێت ستاندارد نین".
 
رۆژی یەکشەممە، 13ـی ئابی 2023 بەرنامەی لەگەڵ رەنج بە میوانداری سامی قادر، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی لە وەزارەتی ‏ئاوەدانكردنەوە ‌و ‏‏نیشتەجێكردن؛ ‏‏د. هێمن جەلال، ئەندازیاری گواستنەوە ‌و رێگا‌وبان؛ ‏نەجات نەجم، سەرۆكی رێكخراوی هێڵی سوور بۆ هۆشیاری ‏هاتووچۆ؛ ‏تارق زیاد، بەڕێوەبەری مەشق و راهێنان بۆ پشكنینی توند‌و ‏تۆڵی ‏‏ئۆتۆمبێل؛ ‏عومەر عەبدوڵڵا، ئەندزیاری هاتووچۆ ‌و رێگا‌وبان ‏هۆکارەکانی زیادبوونی قوربانی هاتووچۆ لە هەرێمی کوردستان و چۆنیەتی کەمکردنەوەی ئەم هۆکارانەیان تاوتوێکرد.
 
ئەو رێگەوبانانەی دروستدەکرێن "بەگوێرەی ستانداردی جیهانین"
 
جێگری بەڕێوەبەری گشتیی لە وەزارەتی ‏ئاوەدانكردنەوە ‌و ‏‏نیشتەجێكردن دەڵێت، بەشێک لەو رێگا نوێیانەی لە هەرێمی کوردستان رەخنەیان لێدەگیرێت، ئەو رێگاوبانانەن کە بەهۆی نەبوونی بودجەوە بە نیوەچڵی راگیراون و رێگا تەواوکراوەکان "بەگوێرەی ستانداردی جیهانین."
 
سامی قادر، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی لە وەزارەتی ‏ئاوەدانكردنەوە ‌و ‏‏نیشتەجێكردن رایگەیاند: "بۆ دروستکردنی رێگای نوێ لە هەرێمی کوردستان لەڕووی ئەندازەییەوە 90٪ رەچاوی ستانداردی نێودەوڵەتیمان کردووە کە ئەوە بەگوێرەی توانای دارایی و ئاستی زانستیمان گونجاوترین رێژەیە".
 
سامی قادر پێیوایە؛ " سامی قادر، بەشێکی ئەو رەخنانەی لە رێگەوبانە نوێیەکان دەگیرێت، ئەو رێگەوبانانەن کە بە نیوەچڵی بەجێهێشتراون و بەهۆی نەبوونی بودجەی پێویست هێشتا تەواونەکراون، ئەگینا هەر رووداوێک لەسەر ئەو شەقامانە روویانداوە، بەهۆی تیژڕۆیی و پابەندنەبوونی شۆفێرەوە بووە".
 
عومەر عەبدوڵڵا، ئەندزیاری هاتووچۆ ‌و رێگا‌وبان، نەبوونی بودجەی پێویست بۆ دروستکردنی شەقامی سەلامەت بە "پاساو" دەزانێت و دەڵێت: "زانستی ئەوەمان لە هەرێمی کوردستان نییە کە هەندێک تایبەتمەندی گرنگ بۆ رێگەکان زیاد بکەین، بۆ نمونە، نەبوونی رەمبڵ ستریت لە شەقام و رێگە خێراکان لە کوردستان کە تێچوویەکی ئەوتۆی نییە، لە ئەمریکا بووەتە هۆی دابەزینی 50٪ی ئاماری مردن لە رووداوەکانی هاتووچۆدا، کەچی لە هیچ شەقامێکی هەرێمی کوردستان ئەو تایبەتمەندییە نییە".
 
هاوکات، نەجات نەجم سەرۆكی رێكخراوی هێڵی سوور بۆ هۆشیاری ‏هاتووچۆ تاوانبارکردنی هاووڵاتییان بە جۆرێک لە "خۆدزینەوە لە بەرپرسیاریەتی" دەزانێت و دەڵێت، "لە هەرێمی کوردستان بۆ دەبێت تەنیا وەزارەتی ناوخۆ پەیوەندی بە هاتووچۆوە هەبێت؟" و بە پێویستی دەزانێت وەزارەتی شارەوانی و گواستنەوە و وەزارەتی رۆشنبیریش ئەرکەکە بەیەکەوە بگرنە ئەستۆ".
 
یاسای هاتووچۆ لە هەرێمی کوردستان "کۆنە"
 
ئەندازیارێکی گواستنەوە و گەیاندن یاساکانی هاتووچۆ لە هەرێمی کوردستان بە "کۆن" وەسفدەکات و پێیوایە، ئەو یاسایانە لەگەڵ ئێستای هەرێمی کوردستان ناگونجێن و پێویستە پەیڕەوی لە یاسای مۆدێڕن و نوێی هاتووچۆ بکرێت.
 
‏‏د. هێمن جەلال، ئەندازیاری گواستنەوە ‌و رێگا‌وبان دەڵێت؛ "ئێمە سیستمێکمان لە هەرێمی کوردستان هەیە کە سیستمێکی کۆنە و بۆ ئەو سەردەمە گونجاو نییە، یەک لەوانە کە زۆربەی کات دەیبیستین، شۆفێر لە رووداوەکانی هاتووچۆدا تاوانبار دەکرێت، بەڵام لە سیستمی نوێی هاتووچۆدا هەموو تاوانەکان ناخرێتە ئەستۆی شۆفێر".
 
د. هێمن جەلال گوتی: "سیستمی نوێی هاتووچۆ لەدوای ئەو هەڵانە دەگەڕێت کە دەبنە هۆی رووداوی هاتووچۆ و سنوورداریان دەکات، هەر لە دیزاینی رێگەوبانەوە تاوەکو یاسا و رێنماییەکان و دیزاین و سەلامەتی ئۆتۆمبێلەکان".
 
رێگاوبانەکان لەڕووی ئەندازەی هاتووچۆوە "ستاندارد نین"
 
بە گوتەی د. هێمن جەلال؛ "لە هەرێمی کوردستان کێشە تەنیا یاسای هاتووچۆ نییە، بەڵکو تاوەکو ئێستا ستانداردێکی یەکگرتوو و مۆدێرن نییە بۆ ئەوەی رێگاوبانی لەسەر دیزاین بکەین".
 
ئەو ئەندازیارە پێیوایە؛ "زۆربەی هەرەزۆری ئەو رێگە نوێیانەش کە دروستدەکرێت، ستاندارد نین، بۆ نمونە شەقامی 120 مەتری هەولێر چەندین هەڵەی زەقی ئەندازیاریی تێدایە کە لە بەرژەوەندی سەلامەتی هاتووچۆدا نییە".
 
د. هێمن جەلال باس لەوە دەکات کە لە هەرێمی کوردستان هەندێک رێوشوێن گیراوەتەبەر بۆ کەمکردنەوەی رووداوی هاتووچۆ؛ "بەڵام رێوشوێنەکان خۆیان بوون بە هۆکار بۆ ئەوەی رووداوی هاتووچۆ زیاد بکات" و دەشڵێت، "ئەو تاسانەی لەسەر شەقامە خێراکان دروستدەکرێن زۆر مەترسیدارن، لە شەقامی خێرا بە هیچ شێوەیەک نابێت تاسە دابنرێت، لەبەرئەوەی یاسای هاتووچۆ پێماندەڵێت، دانانی تاسە لە شەقامی خێرا نە ئامانجی سەلامەتی دەپێکێت و نە کەمکردنەوەی خێرایی".
 
یاسای هاتووچۆ "بەشی سەلامەتیی پیادەش ناکات"
 
سەرۆكی رێكخراوی هێڵی سوور بۆ هۆشیاری ‏هاتووچۆ دەڵێت لە یاسای هاتووچۆی هەرێمی کوردستان "حەوت لاپەڕە و نیوی باس لە مامەڵەکردنی شۆفێران لەسەر شەقام دەکات و ئەویدیکەی پەیوەستە بە دەسەڵاتە ئیدارییەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکان".
 
‏نەجات نەجم، سەرۆكی رێكخراوی هێڵی سوور بۆ هۆشیاری ‏هاتووچۆ گوتی؛ "یاسای هاتووچۆ لە هەرێمی کوردستان 19 ساڵە هەیە و تەنیا حەوت لاپەڕە و نیوی باس لەوە دەکات شۆفێران چۆن لەسەر رێگەوبان مامەڵە بکەن، ئەوی دیکەی هەمووی باسی دەسەڵاتی وەزیر و بەڕێوەبەرەکان و پرسی کارگێڕییە، لەکاتێکدا ئەو حەوت لاپەڕە و نیوە ناتکا بە پیادەیەکی سەلامەتیش".
 
نەجات نەجم پێیوایە، "بەکارهێنانی سیستمی کۆری یان سویدی بۆ دەرکردنی مۆڵەتی شۆفێری لە هەرێمی کوردستان بەو یاسایەی بۆ هاتووچۆ داندراوە، وەک ئەوەیە بە بۆڕی ئاو کارەبا رابکێشی" و باس لە دیاردەیەک دەکات کە هاووڵاتی لە هەرێمی کوردستانەوە مۆڵەتی هاتووچۆ لە بەغدا و پارێزگاکانی دیکەی عێراق وەردەگرێت، بەبێ ئەوەی خۆی ئەو پارێزگایانەی دیتبێت".
لە ‏هەرێمی كوردستاندا زیاتر لە دوو ملیۆن و 100هەزار ‏ئۆتۆمبێل ‏هەیە، بەڵام بەگوێرەی داتاکانی سەرۆكی رێكخراوی هێڵی سوور بۆ هۆشیاری ‏هاتووچۆ؛ "یەك ملیۆن ‏‏900هەزار مۆڵەتی ‏شۆفێری ‏هەیە و ئەمەش بەڵگەی ئەوەیە نزیكەی ‏‏200هەزار كەس ئۆتۆمبێل لێدەخوڕن، بەڵام مۆڵەتی شۆفێرییان نییە".‏
 
"شۆفێران رەچاوی سەلامەتیی خۆیان و ئۆتۆمبێلەکانیان ناکەن"
 
بەڕێوەبەری مەشق و راهێنان بۆ پشكنینی توند‌و ‏تۆڵی ‏‏ئۆتۆمبێل باس لە دیاردەیەک دەکات بۆ نوێکردنەوەی ساڵانەی ئۆتۆمبێل لە هەرێمی کوردستان کە شۆفێران تایەی ئۆتۆمبێل بە قەرز وەردەگرن تا لە پشکنین دەدەچێت و دوای نوێکردنەوەی ساڵانە، دەیگەڕێننەوە بۆ خاوەنەکەی".
 
‏تارق زیاد، بەڕێوەبەری مەشق و راهێنان بۆ پشكنینی توند‌و ‏تۆڵی ‏‏ئۆتۆمبێل رایگەیاند؛ "لە ماوەی شەش مانگدا ساڵانەی 10 ئۆتۆمبێلمان بەهۆی لێچوونی گازی ئێڵ پی جی رەتکردووەتەوە، هاوکات لەبەر سەلامەت نەبوونی ئێرباک و پشتێنی سەلامەتی لەو شەش مانگەدا ساڵانەمان بۆ هەزار و 148 ئۆتۆمبێل نوێ نەکردووەتەوە".
 
تارق زیاد دەڵێت؛ "بەشێک لە هاووڵاتییان بۆخۆیان پارچە یەدەگی هەرزان و کوالیتی نزم بۆ ئۆتۆمبێلەکانیان دەبەستن کە هۆکاری سەرەکییە بۆ دروستبوونی رووداوی هاتووچۆ" و دەشڵێت؛ "ئێستا هەندێک شۆفێر بۆ ئەوەی ئۆتۆمبێلەکانیان لە پشکنین دەربچێت، تایە بە قەرز وەردەگرن و دوای ئەوەی لە پشکنین دەرچوو، تایەکە دەگەڕێننەوە".
 
"سەرنشینی دواوەی ئۆتۆمبێل مەترسی بۆ گیانی شۆفێر دروستدەکات"
 
ئەندازیارێکی هاتووچۆ و رێگەوبان ئاماژە بە یاسای بەستنی پشتێنی سەلامەتی لە هەرێمی کوردستان دەکات کە تەنیا شۆفێر و سەرنشینی پێشەوە پابەنددەکات و باس لەوە دەکات کە نەبەستنی پشتێنی سەلامەتی سەرنشینی دواوە، لەکاتی رووداوی هاتووچۆدا، مەترسی مردنی شۆفێر دوو ئەوەندە زیاد دەکات.
 
‏عومەر عەبدوڵڵا، ئەندزیاری هاتووچۆ ‌و رێگا‌وبان دەڵێت؛ "لە هەرێمی کوردستان یاسای بەستنی پشتێنی سەلامەتی تەنیا بۆ شۆفێر و ئەو کەسەیە کە لە پێشەوە سواردەبێت، بەڵام ئامارەکان پێمان دەڵێن، لە زۆربەی رووداوەکان نەبەستنی پشتێنی سەلامەتی سەرنشینەکانی دواوە ئەگەری گیانلەدەستدانی سەرنشینەکانی پێشەوە دوو هێندە زیاد دەکات".
 
رەشکردنی جامی ئۆتۆمبێل
 
عومەر عەبدوڵڵا لەبارەی بەشێک لە هۆکارەکانی رووداوی هاتووچۆ، لە زاری وەزارەتی ناوخۆوە رایگەیاند، ئەو رووداوانە زۆربەیان بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرما روودەدەن و دەڵێت لە ئەمریکا رێگە دەدرێت شۆفێران بە رێژەی 50٪ جامی ئۆتۆمبێلەکانیان رەش بکەن بۆ ئەوەی لە خۆر و گەرما بیانپارێزێت.
 
بە گوتەی عومەر عەبدوڵڵا؛ "لە ئەمریکا رەشکردنی جامی ئۆتۆمبێل ئاساییە لەبەر ئەوەی گەرمایە و خۆر کە لەنێو ئۆتۆمبێل دەدات گەرماکە چەند هێندە دەکات و دەبێتە هۆی هەڵچوون و تووڕەبوونی شۆفێر، بەڵام لە هەرێمی کوردستان داتایەکم بیست وەزارەتی ناوخۆ رایگەیاند، زۆربەی رووداوەکان بەهۆی گەرماوە روودەدەن، ئەی کەوابوو بۆ دەبێ رەشکردنی جامی ئۆتۆمبێل بە پارە بێت؟".
 
ئەو ئەندازیارە پێیوایە یاسای هاتووچۆ لە هەرێمی کوردستان هەیە بەڵام لەسەر رێگەیەکی راست نییە و داواش لە وەزارەتی ناوخۆ دەکات لەپێناو سەلامەتی شۆفێران، رێگە بدرێت بە رەشکردنی جامی ئۆتۆمبێل بە رێژەیەکی دیاریکراو.
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان

وەزیری دارایی بۆ نوێنەرانی فەرمانبەرانی گرێبەست: بۆ بەهەمیشەییکردنتان چاوەڕوانی بەغداین

وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دۆسیەی بە هەمیشەییکردنی فەرمانبەرانی گرێبەست رەوانەی ئەنجوومەنی راژە کراوە بۆ ئەوەی رێکارەکانی تەواو بکرێت. نوێنەرێکی ئەو فەرمانبەرانەش دەڵێت: "بۆ دامەزراندنمان حکومەتی هەرێمی کوردستان چاوەڕوانی بەغدایە."