ئەحمەد شەرع کوردێک دەکاتە قایمقامی عەفرین

13-04-2025
سۆران حوسێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

کەسێک وەک کەسی یەکەم لە عەفرین دیاریکراوە. بەرپرسی ئەنەکەسە لە شارەکە دەڵێت: "کەسەکە لەلایەن ئەحمەد شەرعەوە دانراوە و کوردە".
 
بەرپرسێکی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە) لە عەفرین دەڵێت: "هێشتا ئاڵۆزی لە عەفرین ماوە. دوای ئاڵوگۆڕی دەسەڵات، دزیکردن و رووداوی نەخوازراوی دیکە زیادیان کردووە".
 
ئەحمەد حەسەن، سەرۆکی ئەنجوومەنی خۆجێیی ئەنەکەسە لە عەفرین، ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "کەسێک بەناوی مەسعود بەتال وەک قایمقام و کەسی یەکەم لە شاری عەفرین لەلایەن ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری کاتیی سووریاوە دیاریکراوە و دەسەڵاتی وەرگرتووە".
 
بە گوتەی ئەحمەد حەسەن، ئەو کەسە خەڵکی قامشلۆیە لە رۆژئاوای کوردستان؛ گوتیشی: "قایمقامە نوێیەکە کوردییەکی باش دەزانێت".
 
11ـی ئەم مانگە، بەرەی کوردستانی لە سووریا لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند: "دیاریکردنی کەسێک بۆ بەڕێوەبردنی عەفرین هەنگاوێکی نادروستە و دژی بنەمای نامەرکەزی و بەشداریپێکردنی خەڵکە لە بەڕێوەبردنی نێوخۆدا؛ هەروەها نیشانەی بەردەوامیی هزری مەرکەزی رژێمی پێشووە".
 
لەو بارەیەوە بەرپرسەکەی ئەنەکەسە لە عەفرین گوتی: "ئێمەش لەگەڵ فیدراڵی و ناناوەندیداین، داوا دەکەین هەموو پێکهاتەکان لە شارەکان کەسانی خۆیان شارەکە بەڕێوەببەن نەوەکو کەسی دیکە. بەڵام ئەوەی لە گۆڕەپانەکەیە جیایە لەوەی ئێمە دەمانەوێت".
 
کێ عەفرین بەڕێوەدەبات؟
 
لەبارەی هێزەکانی عەفرین، کە پێشتر لەژێر دەسەڵاتی گرووپە چەکدارەکاندا بوو، ئەحمەد حەسەن کە خۆی لە عەفرین دەژی، گوتی: "ئێستا پۆلیسی خۆجێی و پۆلیسی سەربازیی لە عەفرینە".
 
سەرۆکی ئەنجوومەنی خۆجێیی ئەنەکەسە لە عەفرین گوتی: "ئەوانەی پۆلیسی خۆجێین لەلایەن دیمەشقەوە دیاریکراون؛ ئەوانەشی سەربازیین لەلایەن گرووپەکانی دیکەوە، کە هەردوولاشیان وەک یەک دەسەڵاتی کارکردنیان لە شارەکەدا هەیە".
 
هێشتا لە سنووری عەفرین و دەوروبەری، گرووپە چەکدارە جیاوازەکان ماون. ئەحمەد حەسەن دەڵێت: "گرووپەکان زۆرینەیان دوورخراونەتەوە، بەڵام هێشتا لە ناحیەکانی راجۆ، شیا و گوندەکانی بلبلێ ماون و دەسەڵاتدارن".
 
"سەتان کەس لە زیندانەکاندا ماون"
 
لە دوای رووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەدەوە ژمارەیەک هاونیشتمانی گەڕانەوە عەفرین و دەوروبەری، بە تۆمەتی پەیوەندی بە بەڕێوەبەرایەتی خۆسەرەوە ژمارەیەکیان دەستگیرکران. کە بەگوتەی ئەحمەد حەسەن بێت، هێشتا "زۆرینەیان لە زینداندا ماونەتەوە".
 
سەرۆکی ئەنجوومەنی خۆجێیی ئەنەکەسە لە عەفرین گوتی: "ژمارەیەک کەم لە دەستگیرکراوەکان ئازاد کران، دەتوانم بڵێم تاوەکو ئەمڕۆ زیاتر لە 300 کورد بە تۆمەتی سیاسی لە زینداندا ماون".
 
هێشتنەوەی کورد لە زیندانەکانی عەفرین لەکاتێکدایە، 10ـی ئاداری 2025 رێککەوتنێکی 8 خاڵی لەنێوان ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری کاتیی سووریا و مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات واژۆ کرا.
 
عەفرین، سەرێکانی و گرێ سپی، نزیکەی 7 ساڵە لەلایەن کۆمەڵێک گرووپی چەکدارەوە بە پشتیوانیی تورکیا بەڕێوەدەبرێن.
 
رۆژی 8-12-2024 دەستەی تەحریری شام (هەتەشە) دیمەشقی کۆنترۆڵکرد و کۆتایی بە دەسەڵاتی بنەماڵەی ئەسەد هێنا، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ ئەو ناوچانەی رۆژئاوای کوردستانی کۆنترۆڵ نەکردووە کە لە ساڵی 2018ـەوە داگیرکراون.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئەو بازاڕەی شارەوانیی کەلار دەڵێت تێکی دەدەن

شارەوانیی کەلار: بازاڕی سەنتەری شار تێکدەدرێ و دووکانداران قەرەبوو دەکرێنەوە

شارەوانیی کەلار 262 دووکانداری بازاڕی سەنتەری شارەکەی ئاگادار کردوونەتەوە، دووکانەکانیان چۆڵبکەن کە بە دووکانی گەنمفرۆشان ناسراون. دووکانداران ناڕازین و دەڵێن، شوێنی نوێ گونجاو نییە بۆ کار. 130 دووکاندار کرێچین و داوا دەکەن بێکار نەکرێن. شارەوانیی کەلار دەڵێت، هیچ دووکاندارێک بێکار ناکرێ و قەرەبوو دەکرێنەوە.