بوومەلەرزەیەک لەنێوان باکووری کوردستان و هەرێمی کوردستان روویدا

13-04-2025
سۆران حوسێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەرەبەیانی ئەمڕۆ بوومەلەرزەیەک لەنێوان باکووری کوردستان و هەرێمی کوردستان روویدا، کە لە بەشێکی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ لە پارێزگای دهۆک هەستیپێکرا.
 
بەیار ئەمین، بەرپرسی ئامار لە بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسی دهۆک، ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، گوڕی بوومەلەرزەکە 3.7 پلە بووە بە پێوەری رێختەر و ناوەندەکەی شرنەخ بووە لە باکووری کوردستان.
 
بەیار ئەمین گوتی: "تاوەکو ئێستا هیچ کەسێک لە سنووری دهۆک ئاگاداری نەکردووینەتەوە کە بوومەلەرزەکە زیانی هەبووە".
 
هەر ئەمڕۆ عامر جابری، گوتەبێژی دەستەی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بوومەلەرزەکە 37 کیلۆمەتر لە زاخۆ دوور بووە و بەشێکی خەڵکی ناوچەکە هەستیان پێکردووە".
 
بوومەلەرزەزانیی عێراق دەڵێت، مانگی رابردوو 74 بوومەلەرزەیان تۆمارکردوون کە 46ـیان لەنێو هەرێمی کوردستان و عێراق روویاندابوو.
 
بوومەلەرزەزانیی عێراق باس لەوە دەکات، گوڕی بوومەلەرزەکان لەنێوان 1 و 5.1 بوون و زیانی گیانییان نەبووە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە