یەکەم کۆبوونەوەی سەرۆک بارزانی و مام جەلال لەدوای 1991؛ ئەو کۆبوونەوەی رێڕەوی مێژووی گۆڕی

13-04-2025
بەختیار قادر
بەختیار قادر
یەکەم کۆبوونەوەی سەرۆک بارزانی و مام جەلال لەم خانووە کرا لەدوای 1991
یەکەم کۆبوونەوەی سەرۆک بارزانی و مام جەلال لەم خانووە کرا لەدوای 1991
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

لە 5ـی نیسانی 1991، لەکاتێکدا کوردستان لە خراپترین قۆناخی مێژووی هاوچەرخی خۆیدا بوو، کۆبوونەوەیەکی نهێنی و چارەنووسساز لە ماڵێکی بچووکی شەقڵاوە کرا. کۆبوونەوەیەک کە توانی رەوتی کارەساتباری کۆڕەو بگۆڕێت و ببێتە دەستپێکی قۆناخێکی نوێ لە مێژووی گەلی کورد.
 
لەو کاتەدا، بەدرێژایی رێگەی هامڵتۆن، خەڵکی کوردستان بەرەو کۆچڕەوێکی گەورە هەنگاویان دەنا، لەکاتێکدا حکومەتی بەعس هێرشی پێچەوانەی بۆسەر باشووری کوردستان دەستپێکردبوو و تاوەکو کۆتایی شارۆچکەی کۆڕێی کۆنتڕۆڵکردبووەوە. لەناو ئەو دۆخە نالەبارەدا، مام جەلال و سەرۆک بارزانی لە ماڵی حەسەن ناسری، فەرماندەی پێشمەرگە، لە شەقڵاوە کۆبوونەوە.
 
مریەم شێخۆ، خاوەنی ماڵەکە، کە شایەتحاڵی ئەو کۆبوونەوە مێژووییە بووە، بە رووداوی گوت، "ئێوارە مێردەکەم هات و گوتی 'کاک فەرەنسۆ تەکلیفی کردووە و شیو بکەین و میوانمان دێن. گوتم کێن؟ گوتی کاک مەسعود و مام جەلال و جەماعەتن. هاتن و نانیان خوارد و کۆبوونەوەیان کرد، کە خەلاس بوون، گوتم مام جەلال ئەو بارودۆخە چی لێدێت، ئەو هەرا و تێکقژقژانە چییە؟ گوتی چاک دەبێ، بارودۆخی لەوەی ناخۆشترت نەبینیون. گوتم بەڵێ دیومە. گوتی ئەوەش چاک دەبێت."
 
ئەو کۆبوونەوەیە لە ژوورێکی بچووکی ماڵەکەدا کرا و سەرکردەکان لەوێ مانەوە تاوەکو هەواڵی وەڵامی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانیان پێگەیشتەوە.
 
سنوور حەسەن ناسر، کچی خاوەن ماڵ بە رووداوی گوت، "لێرە کۆبوونەوەیان کرد. مام جەلال و کاک مەسعود و هێرۆ خان بوون و سێ کاژێر کۆبوونەوە، دواتر هاتنە دەرەوە."
 
دەرەنجامی کۆبوونەوەکە لەڕێگەی ئامرازە سادەکانی ئەوکاتی بەردەستی کورد و لەڕێگەی هۆشیار زێبارییەوە بە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان گەیشتووە.
 
سەلام حەسەن ناسر، شایەتحاڵێکی دیکەی کۆبوونەوەکە دەڵێت: "کاک هۆشیار زێباری هات و لەنێو ئەو باخچەیە سەتەلایتێکی دانا و برووسکەی کرد بۆ ئەنجوومەنی ئاسایش، دوای سێ کاژێر، خەبەری داوە و گوتی وەڵامی باش هەن".
 
لە کۆبوونەوەکەدا دوو بڕیاری گرنگ دران: یەکەم، کورد بەرگری لەخۆی دەکات و دووەمیشیان ئەوەبوو بە سەرکەوتوویی بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایشیان بەدەستهێنا کە دواتر بە بڕیاری 688 ناسرا و لە ئەنجامیدا ناوچەی دژەفڕین دروست بوو.
 
بەهۆی بڕیاری 688ـی ئەنجوومەنی ئاسایش، دۆزی کورد لە پرسێکی لۆکاڵی و ناوچەییەوە بووە پرسێکی نێودەوڵەتی و جیهانی. لە سایەی ئەم بڕیارەوە، چەتری پارێزبەندی بۆ هەرێمی کوردستان هەڵکرا کە بە هێڵی 36 یان ناوچەی دژەفڕین ناسراوە.
 
سیاسەتوانان و چاودێران پێیانوایە ئەو کۆبوونەوەیەی شەقڵاوە یەکێک بوو لە گرنگترین ئەو خاڵە وەرچەرخانانەی کە کاریگەریی لەسەر قۆناخی دوای راپەڕین بەجێهێشت و بنەمای سەقامگیری و خۆبەڕێوەبەرییەکەی دواتری هەرێمی کوردستانی داڕشت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە