رووداو دیجیتاڵ
سەرنووسەری گۆڤاری تۆپزاوای کەرکووک دەڵێت، چەند هەنگاوێک نراون بۆ ئەوەی سەربازگەی تۆپزاوا بکرێتە مۆنیومێنتی ئەنفال؛ ئاماژە بەوەش دەکات، داواکارییان ئاراستەی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق کردووە.
14ـی نیسان بە رۆژی یادی تاوانی ئەنفال دیاریکراوە. ئەمڕۆ شەممە، 13-04-2024، کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانی لە سەربازگەی تۆپزاوای کەرکووک لەلایەن نووسەران و چالاکڤانانی بواری جینۆساید لە 36 ساڵیادی ئەنفال بەڕێوەچوو و تێیدا باس لە چەند هەنگاوێک کرا بۆ دروستکردنی مۆنیومێنتێکی ئەنفال لە سەربازگەکە.
هێمن حەسیب، سەرنووسەری گۆڤاری تۆپزاوای کەرکووک کە گۆڤارەکەی تایبەتە بە بواری جینۆساید بە رووداوی راگەیاند، دوای چەندین هەوڵ و گەیاندنی داواکاریی نووسەران، چالاکڤانان و رێکخراوەکانی بواری جینۆساید، چەند هەنگاوێک نران بۆ ئەوەی داواکاریی خەڵکی ناوچەکە جێبەجێ بکرێت.
بەگوتەی هێمن حەسیب، رۆژی 17-02-2024 نزیکەی 66 نووسەر، چالاکڤان و رێکخراوی بواری جینۆساید داواکارییەکیان ئاراستەی کۆمیسیۆنی باڵای مافی مرۆڤی عێراق کرد و کۆمیسیۆنەکەش بە نووسراوی ژمارە 70 لە رۆژی 14-03-2024 داواکارییەکەی ئاراستەی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد.
ئەو چالاکڤانەی بواری جینۆساید گوتیشی، دەستەی راوێژکارانی ئەنجوومەنی وەزیرانیش پاڵپشتیی داواکارییەکەیان کرد و لە رۆژی 27-03-2024 نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق داواکارییەکەی ئاراستەی دەزگای شەهیدانی عێراق کرد بۆ ئەوەی وەک لایەنێکی پەیوەندیدار بۆچوونی خۆی لەوبارەوە بخاتەڕوو.
هێمن حەسیب گوتی، بڕیارە بە زووترین کات بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆکی دەزگای شەهیدانی عێراق لەسەر پرسەکە، سەردانی بەغدا بکەن.
ئەنفال بە هەشت قۆناخ جێبەجێکرا. خەڵک لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستانەوە دەبرانە سەربازگەی تۆپزاوا کە لە ساڵی 1987 دروستکرا و لەوێ جیادەکرانەوە؛ ژن و منداڵ دەبرانە دووبز و دواتر بۆ تکریت، بەساڵاچووانیش دەنێردران بۆ نوگرە سەلمان، گەنجەکانیش رەوانەی بیابانەکانی سەماوە و عەرعەر دەکران.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ