رووداو - هەولێر
دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە فەرمی لەلایەن کۆمیسیۆنی رێکخراوە خێرخوازییەکانی بەریتانیاوە مۆڵەتی کارکردنی بەدەستهێنا.
دەزگای خێرخوازیی بارزانی رایگەیاند، شێوازی کارکردنی دەزگاکەیان لە ناوچەیەکی پڕ لە کێشە و گرفت بەپێی ستانداردە نێودەوڵەتیەکان و بەبێ جیاکاری لە نێوان "نەتەوە، ئاین و ئایدیای سیاسی" وایکردووە ببێتە جێگەی تێڕامانی رێکخراو و ناوەندە جیھانیەکان. لە نوێترین دەستکەوتدا دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە فەرمی مۆڵەتی کارکردنی لەلایەن کۆمیسیۆنی رێکخراوە خێرخوازییەکانی بەریتانیاوە پێبەخشرا.
دەزگای خێرخوازیی بارزانی ئاماژەی بەوە کردووە، ھەوڵدەدات خزمەتی زیاتر بە کۆمەڵگەی کوردستانی لە بەریتانیا و وڵاتانی دیکەی ئەوروپا بکات. لە ھەمانکاتیشدا لە رێگەی پاڵپشتی و ھاوکاریی کوردانی تاراوگەوە دەتوانێت لە ھەموو شار و ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان و جیھان خزمەتی زیاتر و باشتر بە کوردستانییان بکات.
دەزگای خێرخوازیی بارزانی جەخت لەوە دەکاتەوە، بە وەرگرتنی مۆڵەت لە ئەمریکا و بەریتانیا و ئەندامێتیی دەزگاکە لە رێکخراوی "ECOSOC"ـی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان، خزمەتی زیاتر بە ئاوارە و پەنابەرانی نیشتەجێی ھەرێمی کوردستان و دانیشتووانی هەرێمی كوردستان بەگشتی دەکات .
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ