گومرکی سنە: لە 10 مانگدا هەناردەمان گەیشتووەتە 678 ملیۆن دۆلار

13-02-2024
سینا سۆما
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری گومرکی پارێزگای سنە رایگەیاند، لە ماوەی 10 مانگی رابردوودا هەناردەی کەلوپەل لە رێگەی گومرک و دەروازە سنوورییەکانی پارێزگای سنەوە گەیشتووەتە زیاتر لە 678 ملیۆن دۆلار، هەروەها بایی 587 ملیۆن دۆلاریش کەلوپەل هاوردە کراوە.
 
فەرامەرز ئۆمێدی، بەڕێوەبەری گومرکی پارێزگای سنە رایگەیاند، هەناردەکردنی کەلوپەل لە رێگەی گومرک و دەروازە سنوورییەکانی ئەو پارێزگایە بەراورد بە پار 14٪ زیادیکردووە، هەروەها داهاتی گومرک و دەروازە سنوورییەکانیش 12٪ زیاد بووە.
 
فەرامەرز ئومێدی گوتی، لە 10 مانگی رابڕدوودا زیاتر لە یەک ملیۆن و 341 هەزار تۆن کەلوپەل، کە بایی زیاتر لە 678 ملیۆن دۆلار بووە، لە گومرک و دەروازە سنوورییەکانی پارێزگای سنە هەناردە کراوە. گوتیشی، ئەو کەلوپەلانەی کە هەناردە کراون بریتین لە بەرهەمی کشتوکاڵ، بەرهەمە پلاستیکییەکان، ئاسن، بەرد، کاشی، سیرامیک، شووشە، مافوور و بەرهەمە شیرەمەنییەکان.
 
بە گوتەی ئەو بەرپرسە، ئەو کەلوپەلانە هەناردەی عێراق (بە هەرێمی کوردستانیشەوە)، سووریا، ئەفغانستان، ئیمارات، رووسیا، تورکیا، ئازەربایجان، پاکستان، جۆرجیا و کوێت کراون.
 
سەبارەت بە هاوردەکردنیش، بەڕێوەبەری گومرکی پارێزگای سنە دەڵێت، لە 10 مانگی رابردوودا 90 هەزار تۆن کەلوپەل بە بەهای زیاتر لە 587 ملیۆن دۆلار لە رێگەی گومرک و دەروازە سنوورییەکانی ئەو پارێزگایەوە هاوردەی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان کراون.
 
فەرامەرز ئومێدی رایگەیاند، زیاترین ئەو کەلوپەلانەی کە لەو ماوەیەدا هاوردە کراون، بریتین لە، قالبی زێر، ماکینە، مادەی خاو بۆ بەرهەمهێنان، پارچەی یەدەگ کە لە وڵاتانی وەک عێراق، ئیسپانیا، ئەڵمانیا، ئیمارات، تورکیا و چین هاوردە کراون.
 
ئاماژەشی بە زیادبوونی داهاتی گومرک و دەروازە سنوورییەکانی پارێزگای سنەی کرد و گوتی، لەو ماوەیەدا 396 ملیار تمەن (دەکاتە نزیکەی 7.2 ملیۆن دۆلار) داهاتی گومرک و دەروازە سنوورییەکان بووە کە بەراورد بە پار  12٪ زیادیکردووە.
 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە