رووداو دیجیتاڵ
وەزیری نێوخۆی تورکیا رایگەیاند، لە رووداوی داڕمانی کانە زێڕەکەی پارێزگای ئەرزنجان لە باکووری کوردستان، 9 کرێکار بێسەروشوێنن و تیمەکان لە شوێنی رووداوەکەن.
دوای ئەوەی کاژێر 2:30ی دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە داڕمانەکە روویدا، عەلی یەرلیکایا، وەزیری نێوخۆی تورکیا قسەی بۆ میدیای وڵاتەکەی کرد و گوتی، "لەو شوێنەدا گۆڕەپانێکی فراوان هەیە و ئەو خۆڵەی تێدا دەڕێژرێت کە لە کانەکە دەردەهێندرێت. دیارە کانەکە بەرگەی ئەو هەموو خۆڵەی نەگرتووە و داڕماوە. بەداخەوە 9 کرێکار بێسەروشوێنن".
لەبارەی هەوڵەکانی حکومەت بۆ بەهاناوەچوونی ئەو هاووڵاتیانە، عەلی یەریکایا گوتی، "هەر لەگەڵ بیستنی هەواڵەکە، بە هاوئاهەنگی لەگەڵ پارێزگاری ئەرزنجان و سەرۆکایەتیی ئافاد، کەوتینە جووڵە. تیمەکانی ئافاد، جەندرمە، سەرباز و زۆر کارمەندی دیکە نێردراونەتە شوێنەکە و ئێستا زیاتر لە 400 کەس لەوێ کاردەکەن".
وەزیری نێوخۆی تورکیا لەبارەی بوونی پێشێلکاری یان مەرجەکانی کارکردن لەو کانە زێڕەدا گوتی، تیمی تایبەتیان بۆ لیکۆڵینەوە ناردووە و لەسەر بنەمای ئەنجامی لێکۆڵینەوە، هەنگاوی پێویست دەنێن.
هەمزە ئایدۆغدو، پارێزگاری ئەرزنجانیش گوتی، "هاوڕێیانمان نێردراونەتە شوێنەکە و هێشتا زووە بۆ بڵاوکردنەوەی وردەکاری. پێویستە چاوەڕێ بکەین. تیمەکانمان لە ماوەی 25 خولەک گەیشتنە شوێنی رووداوەکە".
ڤیدیۆکە لە کامێرای چاودێرییەوە تۆمارکراوە؛ چرکەساتی داڕمانی کانێکی زێڕە لە ئەرزنجان و بەهۆیەوە چەندین کەسی نێو کانەکە بێسەروشوێنن#Erzincan pic.twitter.com/ZuaYCA5euU
— Rudaw (@Rudawkurdish) February 13, 2024
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ