رووداو – هەولێر
پارێزگاری دهۆک دەڵێت، لە ئەمڕۆوە "تەواوی پاڵاوگە ناساییەکان دادەخرێن"؛ ئاماژە بەوەش دەکات، رێگە نادەن هیچ کەسێک ژینگە پیس بکات.
ئەمڕۆ دووشەممە، بە سەرپەرشتیی عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک و بەشداربوونی قایمقامەکان و بەرپرسانی ژینگەیی، ئەمنی و کارگێڕیی پارێزگای دهۆک، کۆبوونەوەیەک بۆ خاوێنکردنەوەی ژینگەی سنوورەکە بەڕێوەچوو.
دوای کۆبوونەوەکە، پارێزگاری دهۆک لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا گوتی، چەند بڕیارێکی زۆر گرنگیان داوە و "دەبێت لە ئەمڕۆوە جێبەجێ بکرێن".
عەلی تەتەر گوتی: "بڕیارەکان بۆ پاراستنی ژیانی هاونیشتمانییانە. دڵنیابن بەرژەوەندی گشتیی پارێزراو دەبێت، نەوەک چەند کەسێک کە ببنە هۆکاری تێکدانی ژینگە و مەترسی لەسەر تەندرووستی هەمووان".
پارێزگاری دهۆک چەند خاڵێکی خستەڕوو کە لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاریان لەسەرداوە و ئەمانەن:
- هەموو ئەو شوێنانەی کاری پاڵاوتن دەکەن، لە ئەمڕۆوە دادەخرێن. یەک پاڵاوگەی نایاسایی نابێت کار بکات، مەگەر کەسێک کارگە دابنێت بەگوێرەی مەرجەکانی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان.
- هەر کارگەیەک ببێتە هۆی پیسکردنی ژینگە دادەخرێت، ئینجا هەرشتێک بەرهەم بهێنێت.
- لایەنەکانمان راسپاردووە بە تووندی رووبەڕووی هەر شتێک ببەنەوە کە ببنە هۆی پیسکردنی ژینگە.
- موەلیدەکان دەبێت بکرێنە بێدەنگ و فیلتەریان بۆ دابنرێت. ئەوەی نەیکات رێکاری بەرامبەر دەگرینەبەر.
- کۆنترۆڵی ئەو سووتەمەنییە دەکرێت کە لە دەرەوە هاوردە دەکرێت و دەبێت بەپێی کۆنترۆڵ و چاودێریی سامانە سرووشتییەکان بێت.
- نابێت هیچ ئۆتۆمبێلێک دووکەڵی پیس بکات و ببێتە هۆکاری پیسکردنی ژینگە، بە پێچەوانەوە ئۆتۆمبێلەکە دەستی بەسەردا دەگیرێت.
- نابێت لە هیچ شوێنێک سەوزە بە ئاوی پیس ئاو بدرێت.
- بە هیچ شێوەیەک رێگە نادرێت لەنێو سەنتەری شار ئاگر بکرێتەوە.
پارێزگاری دهۆک بۆ جێبەجێکردنی خاڵەکان، داوای هاوکاری لە هاونیشتمانییان و دەزگاکانی راگەیاندن کرد. عەلی تەتەر گوتی: "لەمەودوا تووندتر رووبەڕووی ئەو کەسانە دەبینەوە کە دار دەبڕن یان دەیسووتێنن".
پارێزگاری دهۆک لە کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکەدا ئاماژەی بەوە کرد، شوێن دیاریکراوە بۆ فڕێدانی زبڵ و پاشماوەکان و هەر شۆفێری ئۆتۆمبێلێكی فڕێدانی زبڵ لە شوێنی دیاریکراو خاشاکەکەی فڕێ نەدات، لێپێچینەوەی یاسایی لەگەڵ دەکەن.
رێکارەکانی پارێزگاری دهۆک بۆ خاوێنکردنەوەی ژینگە دوای کۆبوونەوەیەک دێن کە دوێنێ بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو.
لە کۆبوونەوەکەی دوێنێدا چوار بڕیار بۆ پاککردنەوەی هەوای شارەکان دران کە ئەمانەن:
یەکەم: لە ئەمڕۆوە هەر پاڵاوگەیەک یان هەر کارگەیەک کە لە دەرەوەی مەرج و رێنماییەکان کار بکات و ببێتە هۆی پیسبوونی ژینگە، رێکاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر.
دووەم: رێگە لە هەر پاڵاوگەیەک یان هەر کەس و لایەنێک دەگیرێت کە سووتەمەنی پیسی ئوتومبێل بەرهەم دێنێت یان بە قاچاخ دەیهێنێت و زیانی تەندرووستی هەیە؛ هەروەها دەبێ سنوورێک بۆ سووتانی گازی هاوەڵ لە کێڵگە نەوتییەکان دابنرێت.
سێیەم: دەبێت خاوەنی موەلیدەکانی کارەبا، پابەندی ڕێنماییەکانی حکومەت بن و فیلتەریان بۆ دەنگ و پیسی هەبێت و هەر کەسێک سەرپێچی بکات، رێکاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر.
چوارەم: رێگری لە بەکارهێنانی ئاوی پیس و ئاوەڕۆکان بکرێت کە بۆ ئاودانی سەوزە و ئاودێری بەکاردەهێنرێت.
هەر دوێنێ ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لەبارەی داخستنی پاڵاوگە نایاساییەکان و جێبەجێکردنی بڕیاری حکومەت بۆ پاراستنی ژینگەی شارەکە لە کۆنفراسێکی رۆژنامەڤانیدا گوتی: "رێکاری تووند بەرامبەر هەر کەسێک دەگرینەبەر کە دەبێتە هۆی پیسکردنی ژینگە و سازش لە سەر هیچ شتێک ناکەین کە پەیوەندی بە تەندروستیی هاووڵاتییانەوە بێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ