وەزارەتی کشتوکاڵ بۆ جووتیاران: رێژەی بەرهەمی زەوییە چێندراوەکانتان بە دانەوێڵە تۆمار بکەن

11 کاژێر له‌مه‌وپێش
سۆران حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بۆ تۆمارکردنی بڕی زەویی چێندراو بە دانەوێڵە و بە مەبەستی بەبازاڕکردنی بەرهەمەکە لە داهاتوودا، وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان داوا لە جووتیاران دەکات، سەردانی لق و بەڕێوەبەرایەتییەکانی سنوورەکانیان بکەن و فۆرمی تایبەت پڕبکەنەوە.
 
هیوا عەلی، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ دووشەممە 13-01-2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بۆ پلانی ساڵانەی بەبازاڕکردنی گەنم، دەبێت جووتیاران سەردانی لقی قەزا و ناحیەکان بکەن و پلانی چاندنی خۆیان لە فۆرمێکدا پڕبکەنەوە، بۆئەوەی ناویان لە پلانی بەرهەمهێناندا تۆمار بکرێت و ئاراستەی سایلۆکانی عێراق بکرێت، چونکە لە داهاتوودا لەسەر بنچینەی ئەو پلانە گەنمی جووتیاران وەردەگیرێت."
 
دوای پڕکردنەوەی فۆرم لەلایەن جووتیارانەوە، فۆرمەکە دەنێردرێتە بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکان و دواتر ئاراستەی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان دەکرێت، لەوێشەوە وەکو بڕی پێشبینیکراو بۆ بەرهەمی گەنمی هەرێمی کوردستان، رەوانەی وەزارەتی بازرگانیی عێراق دەکرێت.
 
حکومەتی عێراق نیوەی ساڵی رابردوو گەنم وەردەگرێت
 
حکومەتی عێراق رایگەیاندووە، ئەم ساڵ بەراورد بە ساڵی رابردوو، پلانی وەرگرتنی گەنمی کردووە بە نیوە.
 
هیوا عەلی دەڵێت، "ساڵی رابردوو 700 هەزار تۆن گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەرگیرا. ئەم ساڵ 350 هەزار دیاریکرابوو، بەڵام دوای هەوڵێکی زۆر کرایە 400 هەزار تۆن و لەو بڕە زیاتر گەنمی هەرێمی کوردستان وەرناگیرێت."
 
گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد، "ئەو گەنمەی دەمێنێتەوە حکومەتی عێراق بە نرخی بۆرسە وەری دەگرێت؛ هەروەها لیژنەیەکیشمان لەسەر ئاستی وەزارەتەکان هەیە و بۆ بەبازاڕکردنی ئەو گەنمەی ماوە کۆبوونەوە دەکەن و ئەوەی پێویست بێت بۆ بەبازاڕکردنی دەیکەین."
 
لەبارەی هۆکاری کەمکردنەوەی وەرگرتنی گەنم، هیوا عەلی باس لەوە دەکات، وەزارەتی بازرگانیی عێراق رایگەیاندووە، پار 6 ملیۆن تۆن گەنمیان وەرگرتووە و ئێستاش زیاتر لە نیوەی لە سایلۆکاندا ماوەتەوە.
 
بە گوتەی هیوا عەلی، "یەکێکی دیکە لەو هۆکارانەی عێراق گەنمی بۆ نیوە کەمکردووەتەوە، وەکو خۆیان بە ئێمەیان گوتووە، سیولەیان بەردەست نابێت هاوشێوەی پار گەنمی جووتیارانی عێراق و هەرێمی کوردستان وەربگرن."
 
لە عێراق ساڵی رابردوو 9 ملیۆن دۆنم زەوی لە پلاندا بوو کە بە دانەوێڵە بچێندرێت، بۆ ئەم ساڵ کەمکراوەتەوە بۆ 4 ملیۆن و 800 هەزار دۆنم.
 
بەگوێرەی وەزارەتی کشتوکاڵ، لە هەرێمی کوردستان نزیکەی سێ ملیۆن دۆنم زەوی شیاو بۆ چاندنی دانەوێڵە هەیە و ساڵانە نزیکەی دوو ملیۆن و نیوی بە گەنم و جۆ دەچێندرێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی قەزای سۆران.

کارەبای سۆران: حوزەیرانی ئەم ساڵ کارەبای سەرجەم گەڕەکەکانی سۆران دەبێتە 24 کاژێری

به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی كاره‌بای سۆران رایگەیاند، ئامادەکارییان کردووە لە مانگی 6ی ئەم ساڵدا، كاره‌بای ته‌واوی گه‌ڕه‌كه‌كانی سەنتەری شاری سۆران دەکەنە 24 كاژێری.