رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی چاککردنەوە و پاراستنی رێگەوبانی هەولێر دەڵێت، بەهۆی بارانبارین و گلدانەوەی ئاوێکی زۆرەوە لە بەنداوی گۆمەسپان، رێگەی هەولێر – گۆمەسپان داخراوە. بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتییەکە دەڵێت، تاوەکو بارانبارین بەردەوام بێت رێگەکە ناکەنەوە و هاووڵاتیان دەتوانن رێگەی جێگرەوە بەکاربێنن.
ئەمڕۆ شەممە، 13-01-2024، بەڕێوەبەرایەتیی چاککردنەوە و پاراستنی رێگەوبانی هەولێر لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، "زۆری بارانبارین لە سنوورەکە بووە هۆکاری گلدانەوەی ئاوێکی زۆر لە بەنداوی دەربەندی گۆمەسپان؛ هۆشداری دەدەینە شوفێران ئەم رێگەیە دادەخرێت بۆ ماوەیەکی کاتی".
لەو بارەیەوە، عیماد محەممەد، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی چاککردنەوە و پاراستنی رێگەوبانی هەولێر ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئاوێکی زۆر هاتووەتە سەر رێگەکە و ناچارین دایبخەین لەپێناو سەلامەتی هاووڵاتییاندا".
بەڕێوەبەری چاککردنەوە و پاراستنی رێگەوبانی هەولێر گوتی، "هەر کەسێک ئەو رێگەیەی پێویست بێت، دەبێت رێگەی جێگرەوە بەکاربهێنێت. بۆ نموونە، ئەگەر لە سلێمانییەوە بێت دەبێت لە سماقووڵییەوە نەیەت و لە کۆیەوە بێتە هەولێر؛ ئەوانەشی لە بناری سەفینەوە دەیانەوێت بچنە هەولێر، دەبێت تونێلی پیرمام بەکاربهێنن؛ ئەوانەش لە رانیەوە دێن رێگەی شەقڵاوە بەکاربهێنن".
لەبارەی کاتی کردنەوەی رێگەکەدا عیماد محەممەد گوتی، تاوەکو بارانبارین بەردەوام بێت رێگەکە داخراو دەبێت و دوای تەواوبوونی ئەم شەپۆلەی بارانبارین و کەمبوونەوەی ئاوەکە رێگەکە دەکرێتەوە.
بەگوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ و سبەی بارانبارین لە هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت.
بەنداوی گۆمەسپان قووڵییەکەی 70 مەتر و درێژییەکەشی 512 مەترە و دەتوانێت 115 ملیۆن مەتر سێجا ئاو کۆبکاتەوە؛ ئەم ساڵ بۆ یەکەم جارە ئاوی تێدا گل دەدرێتەوە.
بەنداوی گۆمەسپان لەسەر رووبەری 6 ملیۆن و 125 هەزار مەتر دووجا بە تێچووی 95 ملیار دینار دروست دەکرێت؛ پڕۆژەکە بە دووری 35 کیلۆمەتر دەکەوێتە باکووری رۆژھەڵاتی شاری ھەولێر و تاوەکو ئەمڕۆ تەواوی کارەکانی تەواو نەکراوە و بە فەرمی نەکراوەتەوە.


