رووداو دیجیتاڵ
بە گوێرەی هۆشدارینامەیەک کە لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی خۆی بڵاویکردووەتەوە، بەڕێوەبەریی خۆسەر هەموو جۆرە کۆبوونەوە و چالاکییەکی جەماوەریی قەدەخە کردووە.
فەرماندەیی گشتیی هێزەکانی ئاسایشی نێوخۆی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا درەنگی شەوی رابردوو 11-12-2024 راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە، کە تێیدا هەموو جۆرە کۆبوونەوە، گردبوونەوە و چالاکییەکی جەماوەری قەدەخە کردووە.
فەرماندەییەکە رایگەیاندووە: "لەپێناو دەستەبەرکردنی ئاسایش و پاراستنی گەلەکەمان و پاراستنی ئارامیی ناوچەکە، رایدەگەیێنین هەموو جۆرێک لە کۆبوونەوە، کۆبوونەوەی فراوان و بزواندنی هەستی خەڵک رێگەپێنەدراوە."
فەرماندەیی گشتیی هێزەکانی ئاسایشی نێوخۆی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا دەڵێت، ئەو رێوشوێنە بۆ رێگریکردنە لە دنەدانی ئەو کۆبوونەوانە لەلایەن هەندێک شانە و هێزەوە و ئەم هەنگاوەشیان لەپێناو سەلامەتی و ئاسایشی خەڵکی ناوچەکەیە.
لەگەڵ کەوتنی رژێمی ئەسەد و کۆنتڕۆڵکردنی دیمەشق لەلایەن چەکدارانی دەستەی تەحریری شام - هەتەشە، بەشێک لە عەرەبەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بە تایبەتی لە رەقە و درێرەزوور دەستیان بە خۆپێشاندان کرد و داوای رۆیشتنی هێزەکانی هەسەدەیان کرد.
بەڕێوەبەریی خۆسەر دەڵێت: "ئێمە لەگەڵ هێزی ئاسایش و سەربازیمان پشت بە وریایی و هاوکاریی گەلەکەمان دەبەستین و پابەندبوون بە رێنماییەکانی بەڕێوەبەریی خۆسەر و دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی دەبێتە هۆی دەستەبەرکردنی سەلامەتیی گشتی، پاراستنی ناوچەکە و گیانی گەلەکەمان".
هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) رۆژی چوارشەممە ژمارەیەک ڤیدیۆی شەڕی بڵاوکردەوە کە بەگوتەی خۆی، بەرخۆدانی شەڕڤانان لە دژی چەکدارانی گرووپەکانی ئۆپۆزسیۆن کە خۆیان بە "سوپای نیشتمانیی سووریا" دەناسێنن، لە منبج بەردەوامە.
هەسەدە رایگەیاندووە، لە دوو هەفتەدا زیانی بەرچاویان بە چەکدارەکان گەیاندووە.
هێزەکانی سووریای دیموکرات کە لەلایەن ئەمریکاوە پشتیوانی دەکرێت، ئاماژە بەوە دەکات، تورکیا لە ئاسمانەوە پشتیوانی لە چەکدارەکان کردووە.
پێشهاتەکە لەکاتێکدان؛ سووریا بە گۆڕانێکی مێژوویدا دەڕوات، دوای ئەوەی دەستەی تەحریری شام (هەتەشە) و هاوپەیمانەکانی، رۆژی یەکشەممە، کۆتاییان بە رژێمی بەشار ئەسەد هێنا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ