هەولێر و بەغدا لەبارەی تووندوتۆڵکردنی سنوور رێککەوتن و دەست بە رێکارەکان دەکەن

12-12-2022
نەهرۆ محەممەد
کۆبوونەوەی وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان و وەزیری ناوخۆی عێراق
کۆبوونەوەی وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان و وەزیری ناوخۆی عێراق
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

بەمەبەستی تووندوتۆڵکردنی ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ هەریەک لە تورکیا و ئێران و میکانیزمی کارکردن، شاندێکی وەزارەتی ناوخۆی عێراق گەیشتنە هەولێر و لەسەر تووندوتۆڵکردنی سنوور رێککەوتن و رێکارەکان دەستپێدەکەن.
 
ئێوارەی رۆژی دووشەممە 12-12-2022، شاندێکی باڵای ئەمنیی عێراق بە سەرۆکایەتیی عەبدولئەمیر شەممەری، وەزیری ناوخۆی عێراق بە یاوەری جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان و فەرماندەی هێزی وشکانی و فەرماندەی پاسەوانی سنوور و دەستەبژێرێک لە فەرماندەکانی وەزارەتی ناوخۆی عێراق گەیشتە هەولێر. شاندەکە لەگەڵ رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان و فەرماندە ئەمنی و سەربازییەکانی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە. بەگوتەی فەرماندەی ئەمنییەکان، هەردوولا گەیشتوونەتە رێککەوتن.  
 
دوای کۆبوونەوەکە، هەریەک لە لیوا سەعد مەعن، سەرۆکی شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق؛ لیوا محەممەد عەبدولوەهاب سوکەر سعێدی، فەرماندەی پاسەوانی سنووری عێراق؛ لیوا تەحسین خەفاجی، گوتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی عێراق؛ لیوا روکن حەماد دزەیی، فەرماندەی ناوچەی 1ی هێزەکانی پاسەوانی سنووری عێراق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا نێوەڕۆکی کۆبوونەوەکەیان باسکرد.
 
لیوا سەعد مەعن: کۆبوونەوەکە گرنگ بوو 
 
لە دەستپێکدا، لیوا سەعد مەعن، سەرۆکی شانەی راگەیاندنی ئەمنی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا سەردانەکەی بە "گرنگ" ناوبرد و گوتی: "ئامانجی سەردانەکە بۆ کێشانی وردەکاریی سیما سەرەکییەکانی پەیوەست بە تووندوتۆڵکردنی سنووری عێراقە لەگەڵ تورکیا و ئێران. ئەمەش لە رێگەی فەرماندەی پاسەوانی سنوور ناوچەی یەک. گفتوگۆ لەسەر زۆر لە وردەکارییەکان کرا، لەبارەی بوونی مرۆیی و کردنەوەی خاڵی سنووریی و و وردەکاری لۆجیستی دیکە." 
 
لە عێراق سێ ناوچەی هێزەکانی سنوور هەیە، ئەوانیش یەک، دوو و سێن. ناوچەی یەک، ئەرکی پاراستنی سنوورەکانی هەرێمی کوردستانە، کە بارەگاکەی لە هەولێرە، کۆی ئەندامانی ئەو فەرماندەییە نزیکەی 6500 کەسە.
 
"هێزی سنوور زیاد دەکەین و خاڵ لە ناوچەی سفر دادەنێین" 
 
لیوا محەممەد عەبدولوەهاب سوکەر سعێدی، فەرماندەی پاسەوانی سنووری عێراق لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەدا رایگەیاند، هەوڵی گەورە دەدرێت، لە رێگەی بەدواداچوونی وەزیری ناوخۆ، بۆ پشتیوانی فەرماندەیی پاسەوانی سنووری ناوچەی 1ی سەر بە فەرماندەیی هێزەکانی پاسەوانیی سنووری عێراق. 
 
لیوا محەممەد عەبدولوەهاب گوتی: "پشتیوانییەکە بۆ تووندوتۆڵکردنی سنووری عێراقە لەگەڵ تورکیا و ئێران. ئەمەش لە رێگەی زیادکردنی هێزی مرۆیی و دانانی خاڵ لە ناوچەی سفری سەر سنوور و دابینکردنی کامێرای گەرمبین و ئۆتۆمبێل و کەرەستەی تایبەتمەند و دابینکردنی هەموو پێداویستییەکان، تاوەکو ئاسایشی سنووری ئەم ناوچەیەی وڵاتە خۆشەویستەکەمان بەهێز و تووندوتۆڵ بکرێت." 
 
سەبارەت بە دامەزراندن لە هێزی پاسەوانی سنوور، فەرماندەی پاسەوانی سنووری عێراق گوتی: "میکانیزمی دامەزراندن، بەپێی رێکارە کارپێکراوەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆبەخشی وەزارەتی ناوخۆ دەبێت. لێکتێگەیشتن هەیە و لە ئایندەدا رادەگەیێندرێت. هێزی ناوچەی یەک، زیاد دەکرێت، بۆ ئەوەی بتوانن سنووری عێراق لەگەڵ تورکیا و ئێران تووندوتۆڵ و بەهێز بکەن." 
 
"هەفتەی داهاتوو دەستپێدەکەین" 
 
لیوا تەحسین خەفاجی، گوتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی عێراق، کە یەکێک بوو لە ئەندامانی شاندەکە رایگەیاند، پێشتر فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکان کاری لەسەر میکانیزمەکانی تووندوتۆڵکردنی سنووری عێراق لەگەڵ تورکیا و ئێران کردووە. ئەم میکانیزمە پشتدەبەستێت بە بەهێزکردنی هەوڵی کارگێڕیی لە رێگەی دابینکردنی پارەی پێویست.
 
گوتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی عێراق گوتی، "گەشبینین کۆبوونەوەی ئەمڕۆ لە هەولێر بوو، ئامانجەکەی پەلەکردن بوو لە پرۆسەی دەستکردن بە تووندوتۆڵکردنی سنوور، ئەمەش لە رێگەی دابینکردنی پارەی پێویست، بە لایەنی کەم هەفتەی داهاتوو دەستپێدەکەین." 
   
دوو فەوج پێکدەهێنرێت و هەولێر و بەغدا کۆکن 
 
فەرماندەیی ناوچەی 1ی پاسەوانی سنوور ئەرکی پاراستنی سنوورەکانە لە زاخۆوە تاوەکو خانەقین.
 
لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا، لیوا روکن حەماد دزەیی، فەرماندەی ناوچەی یەکی هێزەکانی پاسەوانی سنووری عێراق رایگەیاند "شەش مانگ لەمەوبەر، زۆر بەجدی لەسەر تووتۆڵکردنی سنوورەکان قسەمان کردووە. ئەمڕۆ گەیشتینە ئەنجامی کۆتایی. پەنا بەخوا لە چەند رۆژێکی زۆر نزیکدا دەستدەکەین بە گرتنی سنوورەکان. حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر میکانزمی کارکردن کۆکبوون." 
 
فەرماندەی ناوچەی 1ی هێزەکانی پاسەوانی سنوور ئاماژەی بەوە کرد: "وەزیری ناوخۆی عێراق بڕیاری دا دوو فەوج پێکبهێرێت لە لیوای یەک و لیوای دوو لەو ناوچانەی کە تائێستا چۆڵن، تاوەکو پڕبکرێنەوە. ئەو شوێنانەی پێویست بن خاڵی لێ دەکەینەوە." 
 
رۆژی پێنجشەممە 08-12-2022، لیوا سەعد مەعن، سەرۆکی شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق لەبارەی دامەزراندن لە هێزەکانی پاسەوانی سنوور رایگەیاند، "پێشکێشکردن لە رێگەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆبەخشییە، تایبەتە بە فەرماندەیی پاراستنی سنووری ناوچەی یەک، واتە هەرێمی کوردستانی عێراق. ئەمە بەشێکە لە پرۆسەی پشتیوانیکردنی هێزەکانی سنووری عێراق لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستانی عێراق و لەگەڵ برایانمان لە هێزەکانی پێشمەرگە و هەرێمی کوردستانی عێراق." 
 
سەرۆکی شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق ئاماژەی بەوەدا ئەو دامەزراندنە لە پاسەوانی سنوور تەنیا بۆ دانیشتووانی پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆکە لە هەرێمی کوردستان.
 
هەر هەمان رۆژ، شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "کۆی ئەندامانی ئەو هێزە ناتوانن بگەنە خاڵی سفری سنوور. ئەگەر هێزەکانیان بۆ زیاد نەکرێت و پشتیوانی نەکرێن. ئەمە لە تەواوی کۆبوونەوەکان باسکراوە. فەرماندە سەربازی و ئەمنییەکان و وەزیرە پەیوەندیدارەکان لە کاتی هاتنیان بۆ پەرلەمان ئەم گرفتەیان خستەڕوو. هەم لە پەرلەمان و هەمیشە لە گفتوگۆکانی نێوان هەولێر و بەغدا بڕیاردرا و رێککەوتن کراوە پشتیوانیی هێزەکانی ناوچەی 1ی پاسەوانی سنوور بکرێت." 
 
شاخەوان عەبدوڵڵا ئاماژەی بەوەشدا، پێویستە بەلایەنی کەم ژمارەیان 10 بۆ 12 هەزار کەس بن. تاوەکو بەباشی ئەرکەکانیان بەجێبگەیێنن، بچنە ئەو خاڵانەی کە پێویستن و پشتیوانی بکرێن لەڕووی چەک و تەقەمەنی. 
 
شاخەوان عەبدوڵڵا دەڵێت، "بۆ دامەزراندن لە پێشترێتی بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستانە، چونکە ناوچەیەکی سەختە رەنگە خەڵکی کوردستان زیاتر شارەزای بن، ئەمە وێڕای مەشق و راهێنانی سەربازیی. هاوئاهەنگییەکی تەواو دروستبووە. بۆ ئەوەی ئەو بیانووانەش ببڕێت لەبەردەم لایەنی هەرێمی کە زۆر جار دەڵێن، بۆشایی هەیە و لەوێوە هێرش دەکرێتە سەرمان، تاوەکو ئەو بۆشاییە نەمێنێت و پڕبکرێتەوە و پێویستە ئەو هێزە بچنە سەر خاڵی سفر و لەوێ بن. ئەو ژمارەی کە هەیانە بە لایەنی کەم 4 بۆ 5 هەزار کەسی دیکەیان بۆ زیاد بکرێت." 
 
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوە کرد، ئەو فۆرمە راگەیێندراوە بەشێوەیەکی ئەلیکترۆنی دەبێت، ئەوانەی مەرجەکانی تێدابێت وەردەگیرێن. وەک هەنگاوی یەکەم 3 هەزار وەردەگیرێن. پێویستە هەنگاوی دووەمیش هەبێت دواتر 3 هەزاری دیکە وەربگرێن. 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

یەکەم دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان

مانگێک بەسەر سوێندخواردنی پەرلەمانتارانی کوردستاندا تێپەڕی و دیارنییە کەی کۆدەبنەوە

مانگێک بەسەر سوێندخواردنی پەرلەمانتارانی نوێی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستاندا تێدەپەڕێت، تاوەکو ئەمڕۆ دیارنییە کەی کۆدەبنەوە. بەگوێرەی پەیڕەوی نێوخۆی پەرلەمان، هەموو ئەوانەی سوێندیان خواردووە مووچەی مانگی 12 وەردەگرن