لەگەڵ رەنج؛ 'رێژەی بێکاری لە هەرێمی کوردستان بۆ 16.5٪ بەرزبووەتەوە'

12-11-2023
هیدایەت جان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

ساڵانە 48 هەزار خوێندکار لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان دەردەچن، راوێژکاری وەزیری خوێندنی باڵا دەڵێت لە سەرجەم زانکۆکان کۆمەڵێک دەزگایان دامەزراندووە بۆ هاوئاهەنگیکردنی خوێندکاران و بازاڕی کار، هاوکات بەرپرسی بەشی یاسایی لە ‏بەڕێوەبەرایەتی ‏گشتیی ‏كار ‌و ‏‏دەستەبەری  ‏‏كۆمەڵایەتی رایدەگەیێنێت، لە سەرەتای ساڵی 2024ـەوە سەرجەم شوێنی کارەکان ناچار دەکەن "تەنیا 25٪ـی کرێکارەکانیان بیانی بێت و بۆ 75٪ـەکەی دیکە سوود لە کرێکاری خۆماڵی وەربگرن."
 
رۆژی یەکشەممە، 12ـی تشرینی دووەمی 2023، لە بەرنامەی لەگەڵ رەنج بە میوانداری د. ئامانج عەبدوڵڵا، راوێژكاری وەزیری خوێندنی ‏باڵا؛ ‏گۆران عوسمان، بەرپرسی بەشی یاسایی لە ‏بەڕێوەبەرایەتی ‏گشتیی ‏كار ‌و ‏‏‏دەستەبەری كۆمەڵایەتی؛ د. تەها شێخ عومەر، مامۆستای ‏زانكۆ‏ و ‏ئاكام  عومەر، راوێژكاری بەڕێوەبردن ‌و سەرچاوە مرۆییەكان، پرسی بەستنەوەی زانکۆکانی کوردستان بە بازاڕی کار تاوتوێ کرا.
 
 
بەستنەوەی زانکۆکان بە بازاڕی کار
 
وەزارەتی خوێندنی باڵا دەزگایەکی تایبەتی دروستکردووە بۆ بەستنەوەی زانکۆکان بە بازاڕی کار، بەو پێیەی بەگوێرەی پێداویستییەکانی بازاڕی هەرێمی کوردستان خوێندکار پەروەردە بکات بۆ ئەوەی دوای دەرچوونیان لە زانکۆ هەلی کاریان بۆ بڕەخسێت.
 
د. ئامانج عەبدوڵڵا، راوێژكاری وەزیری خوێندنی ‏باڵا دەڵێت: "بۆ بەستنەوەی ‏زانكۆكان ‏بە ‏بازاڕی كار، دەزگایەكمان دروستكردووە، هەروەها ‏لە ‏‏2015 ـەوە دەستمان بە گۆڕانكاری لە ‏سیستەمی ‏خوێندنی ‏باڵادا كردووە"‏. 
 
بە گوتەی د. ئامانج عەبدوڵا؛ بە زانكۆی ئەهلی ‌و حكومییەوە ساڵانە زیاتر لە ‏‏48 ‏‏هەزار ‏كەس بڕوانامەی دەرچوون وەردەگرن و دەشڵیت؛ گۆڕانکارییەکانمان لە سیستمی خوێندنی باڵا بەو ئاراستەیە کە لە بازاڕ هەلی کاریان دەست بکەوێت".
 
رێژەی بێکاری لە هەرێمی کوردستان "بۆ 16.5٪ بەرزبووەتەوە"
 
بەرپرسی بەشی یاسایی لە ‏بەڕێوەبەرایەتی ‏گشتیی ‏كار ‌و ‏‏‏دەستەبەری  كۆمەڵایەتی دەڵێت، بە کەمکردنەوەی هەلی کار بۆ کرێکارانی بیانی لە ساڵی داهاتووەوە، هەلی کار بۆ کرێکاری نێوخۆیی زیاتر دەبێت و ئەوەش بە هۆکارێک دەزانێت بۆ دابەزاندنی رێژەی بێکاری لە هەرێمی کوردستان.
 
گۆران عوسمان، بەرپرسی بەشی یاسایی لە ‏بەڕێوەبەرایەتی ‏گشتیی ‏كار ‌و ‏‏‏دەستەبەری كۆمەڵایەتی رایگەیاند، "رێژەی ‏بێكاری ‏لە هەرێمی ‏كوردستان‏‏‏‏ 16.5٪ـە، بڕیارە لە ساڵی 2024ـەوە رێگە نەدەین رێژەی كرێكاری بیانی لە پڕۆژەكاندا لە 25٪ زیاتر بێت و ئەوەش دەرفەتی زیاتر بۆ كرێكارانی نێوخۆیی دەڕەخسێنێت و دەرفەتی كار زیاتر دەبێت".
 
175 بەشی زانكۆ "مەترسی داخستنیان لەسەرە"
 
ئەم ساڵ لە 175 بەشی زانکۆکانی هەرێمی کوردستان 10 خوێندکار وەرگیراون و راوێژكاری وەزیری خوێندنی باڵا ئەوە بە هۆکاری بەرزبوونەوەی ئاستی وشیاری خوێندکاران دەزانێت.
 
د. ئامانج عەبدوڵڵا، ‏راوێژكاری وەزیری خوێندنی باڵا دەڵێت، "ئەم ساڵ لە 175 بەشی زانكۆكانی هەرێمی کوردستان كەمتر لە 10 ‏خوێندكاریان ‏بۆچووە و ‏ئەمەش پێشاندەری ئەوەیە ئاستی رۆشنبیری خوێندكار بەرزبووەتەوە و ناچێتە بەشێك كە ‏ داهاتوودا كاری دەست نەكەوێت".
 
بە گوتەی ‎‏د. ئامانج عەبدوڵڵا، ئێستا بەراورد بە 10 ساڵی رابردوو، كارامەیی ‏خوێندكار ‏زۆر ‏زیادیكردووە، ئێمە لە ساڵی 2015ـەوە دەستمان بە گۆڕانكاریی لە ‏سیستەمی ‏‏خوێندنی ‏باڵادا كردووە، بەتایبەت لە دوو ساڵی رابردوو سەرنجمان لەسەر گۆڕانكاری لە ‏پڕۆگرامەكانی خوێندن بووە".
 
وەزارەتی خوێندنی ‏باڵا لەنێو هەموو زانكۆكاندا دەزگایەكی بۆ بەستنەوەی ‏زانكۆكان ‏بە ‏بازاڕی كار ‏دروستكرووە و وەکو د. ئامانج عەبدوڵڵا ئاماژەی پێدەدات؛ "لەمەودوا رۆڵی زانكۆكان بریتی دەبێت لە دروستكردنی ‏كارامەیی لە ‏خوێندكاردا".
 
 
مەرجی کارگەکان بۆ هەلی کار "قورس نییە"
 
راوێژكارەكەی وەزیری خوێندنی باڵا باس لەوە دەکات، كاتێك لەگەڵ ژمارەیەكی زۆر  ‏لە خاوەن كۆمپانیاكان دانیشتوون بۆ ئەوەی بزانن‌ چ جۆرە كارامەییەكیان  لە ‏خوێندكاران دەوێت، بۆیان دەركەوتووە؛ "خاوەن كارەكان تێبینی ئاسانیان ‏‏لەسەر ‏كارامەیی ‏دەرچووەكانیان هەبووە".
 
بە گوتەی د. ئامانج عەبدوڵڵا، "یەكێك لە تێبینییەكان ئەوەیە، ‏‏دەبێت ‏خوێندكاران ‏لەكاتی خوێندندا بچنە كارگەكان،‏ هاوكات داوا دەكەن كارێك ‏بكەین زیاتر ژینگەی ‏داهێنان ‌و ‏تێڕوانینی ‏رەخنەیی ‏لە خوێندكاراندا دروست بكەین".‏
 
بە زانكۆ ئەهلی ‌و حكومییەكانەوە ساڵانە زیاتر 48 هەزار كەس لە هەرێمی كوردستان ‏بڕوانامەی بەكالۆریۆس بەدەستدەهێنن، بەڵام كەمترینی ئەوانە بەهۆی بڕوانامەكانیانەوە ‏كاری دڵخوازی خۆیانیان دەستدەكەوێت.
 
بەپێی ئاماری وەزارەتی پلاندانان ‏رێژەی بێكاری ‏لە ‏كوردستاندا ‏‏‏16.5٪ـە، بەشداربووانی بەرنامەكە گومانیان لە ‏دروستیی ئەو رێژەیە هەبوو، بەڵام د. ئامانج عەبدوڵڵا، راوێژكاری وەزیری خوێندنی باڵا روونیکردەوە، ئەو ‏ئامارەی لە وەزارەتی پلاندان وەرگرتووە و ئاگاداری وردەکارییەکانی نییە.
 
د. ئامانج عەبدوڵڵا، راوێژكاری وەزیری خوێندنی ‏باڵا جەخت لەوە دەكاتەوە؛ "دەبێت ‏پڕۆگرامی زانكۆكان لەگەڵ پێشكەوتنەكانی سەردەم بگونجێت‌، چونكە زیرەكی دەستكرد دەبێتە هۆی نەهێشتنی ‏هەندێ‌ ‏كار، بۆیە نیازمان هەیە خوێندن لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان بەرەو خوێندنێکی تەکنیکی و پیشەیی سەردەم ببەین".‏
 
"پێویستمان بە یاسایەکە بۆ دۆزینەوەی کار"
 
مامۆستایەک زانکۆ دەڵێت، "لە هەرێمی کوردستان پێویستیمان بە یاسایەک هەیە لە پەرلەمانەوە دەربچێت بۆ دۆزینەوەی کار" و پێیوایە یاسایەکی لەم شێوەیە هۆکارە بۆ دابەزینی رێژەی بێکاری.
 
د. تەها شێخ عومەر، مامۆستای ‏زانكۆ لەرێگای گرووپێكەوە بەبێ بەرامبەر ‏هەلیكار ‏بۆ گەنجان دابین دەكات و دەڵێت؛ "لە ساڵی ‏‏2017ـەوە تاوەکو ئێستا هەزار و 753 هەلی كارم ‏بۆ ‏گەنجان ‏‏رەخساندووە و لەو هەوڵەشم ‏بەردەوام دەبم".‏
 
د. تەها شێخ عومەر پێیوایە؛ "زۆربەی دەرچووانی زانکۆ پێش دەرچوونیان ‏كاری ‏خۆیان ‏هەیە و وەکو ئاماژەی پێدەدات؛ "پێویستە پەرلەمانی کوردستان یاسایەک دەربكات، ‏هاوكار ‏‏بێت بۆ ‏دۆزینەوەی هەلیكار بۆ گەنجان" و وەکو نموونە باس لەوە دەکات کە ‏كۆمپانیاكان پێویستە سەرەتا وەك ‏ئەزموون ‏دەرچووان ‏وەربگرن، ‏نەك داوای ئەزموونی كاریان ‏لێبكەن".‏
 
ساڵی داهاتوو "هەلی کار لە هەرێمی کوردستان زیاتر دەبێت"
 
بەرپرسی بەشی یاسایی لە ‏بەڕێوەبەرایەتی ‏گشتیی ‏كار ‌و ‏‏دەستەبەری  ‏‏كۆمەڵایەتی دەڵێت؛ "لە 1-1-2024ـەوە رێژەی كرێكاری بیانی ‏لە ‏پرۆژەكاندا ‏نابێت 25٪ زیاتر بێت ‌و دەشڵێت؛ "ئەو بڕیارە  ‏لە سەرەتای ساڵی 2024ـەوە جێبەجێ‌ دەكرێت".
 
گۆران عوسمان، بەرپرسی بەشی یاسایی لە ‏بەڕێوەبەرایەتی ‏گشتیی ‏كار ‌و ‏‏دەستەبەری  ‏‏كۆمەڵایەتی گوتی؛ "ئەو بڕیارە هەلی كار بۆ ‏كرێكارانی نێوخۆیی زیاد دەكات، ‏ئەوە پرۆژەیەش کە چوار كرێكاری هەبێت، بۆی ‏نییە ‏كرێكاری ‏بیانی لە پڕۆژەكەیدا هەبێت"
گۆران عوسمان دووپاتیدەکاتەوە؛ "لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی 2023لە هەرێمی کوردستان 968 كەس وەك بێكار ‏لەلای ئئێمە ناویان تۆماركردوە بۆ ئحەوەی کاریان بۆ بدۆزینەوە". 
 
بەرپرسی بەشی یاسایی لە ‏بەڕێوەبەرایەتی ‏گشتیی ‏كار ‌و ‏‏دەستەبەری  ‏‏كۆمەڵایەتی باس لەوە دەکات کە هەندێ‌ لە خاوەنكارەكان مەرجی قورس ‏بۆ ‏وەرگرتنی ‏كارێكاری نێوخۆیی ‏دادەنێن و دەڵێت؛ "هەندێ‌ خاوەنكار دەڵێن كرێكاری خۆمان كار ‏ناكات، بەڵام ‏هەرگیز ئەوە ‏‏راست نییە، بەداخەوە هێنانی كرێكاری بیانی لە پێویستی ‏دەرچووە ‌و ‏لەلای هەندێك ‏بووەتە ‏جۆرێك لە نەریت". 
 
 
كارمەندی حكومی "لە عێراق 17خولەك ‌و لە كوردستان ‏‏23خولەك"  كار دەكات
 
بەگوێرەی بەدواداچوونی بەڕێوەبەرایەتی سەرچاوە مرۆییەكان کارمەندانی حکومی لە عێراق لە ماوەی رۆژێکی دەوامکردنیان بە تێکڕا 17 خولەک کار دەکەن و ئەو ئامارەش بۆ هەرێمی کوردستان 23 خولەکە.
 
ئاكام  عومەر، راوێژكاری بەڕێوەبەردن ‌و سەرچاوە مرۆییەكان رایگەیاند، "دەرچووانی زانكۆ كاتێك بۆ بازاڕی كار ئامادە دەكرێن،  ‏دەبێت ئەوەیان لەبەرچاو بێت لەكەرتی تایبەت، لانیكەم دەبێت رۆژانە حەوت كاژێر ‏كار بكەن، لەبەر ئەوەی كەرتی تایبەت وەك كەرتی گشتی نییە".
 
ئاکام عومەر دەڵێت؛ "بەپێی لێكۆڵینەوەیەك ‏فەرمانبەر لە عێراق لە رۆژێكدا 17خولەك‌ و لە هەرێمی كوردستانیش 23 خولەك كار ‏دەكات، بەڵام بەدڵنیاییەوە لە كەرتی تایبەت ‏هەرگیز بەوجۆرە نییە، هیچ خاوەن كارێكیش قبوڵی ئەوە ناكات كارمەندەكە ئەو كارە ‏كەمە بكات". 
 
 
ئاماری بێکاری لە هەرێمی کوردستان "راست نییە"
 
راوێژكاری بەڕێوەبردن ‌و سەرچاوە مرۆییەكان، ئاماری وەزارەتی پلاندانان بۆ رێژەی بێکاری لە هەرێمی کوردستان بە دروست نازانێت کە رێژەی بێکاری لە هەرێمی کوردستان بە ‏‏‏16.5 % مەزەندە کردووە و و دەڵێت "كەواتە بەپێی ئاماری وەزارەتی پلاندانان، دەبێت ‏‏83% ‏خەڵكی ‏كاریان ‏دەستكەوتبێت".
 
ئاکام عومەر دەشڵێت؛ "هەرگیز ئەو رێژەیە بەمجۆرە نییە، زانكۆی ‏سلێمانی خۆیان دەڵێن 11%ـی ‏دەرچووانی ‏كاریان ‏دەستكەوتووە، زانكۆی ‏سەلاحەدینیش خۆیان رایانگەیاندووە کە 30٪ـی دەرچووانیان کاریان دەستکەوتووە".
 
‏بە گوتەی راوێژكاری بەڕێوەبردن ‌و سەرچاوە مرۆییەكان؛ بێكاری گەیشتووەتە ئاستێك بەشێك لە خەڵكی ‏بۆ دەستکەوتنی کار ئامادەن ماوەیەك كاری خۆبەخشی بكەن، لە وەزارەتی ئەوقاف 2500 مەلا ناوی خۆیان ‏بۆ ‏خۆبەخشی ‏‏نووسیوە".‏‏
 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە