پارێزگاری هەولێر: حکومەتی عێراق بەربەست بۆ پڕۆژەی ئاوی ئیفراز چوار دروست دەکات

4 کاژێر له‌مه‌وپێش
پەیمان محەممەد
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
پارێزگاری هەولێر دەڵێت، لە داهاتوویەکی زۆر نزیکدا بۆ چارەسەرکردنی کەمئاویی پارێزگاکە، پڕۆژەیەکی ستراتیژی رادەگەیێنرێت، گوتیشی، داخستنی پاڵاوگە نایاساییەکان بەردەوام دەبێت تاوەکو ئەو کاتەی بە یاسایی دەکرێن و دەگوێزرێنەوە بۆ شوێنێکی دوور لە ئاوەدانی. 
 
ئەمڕۆ دووشەممە 12-08-2024 ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لەبارەی گرفتی کەمئاویی سنووری پارێزگاکە رایگەیاند: ''ئەوە گرفتێکی چەندین ساڵەیە کە بەردەوام لە هاویندا تووشی دەبین، بەڵام بەردەوام بودجەیەکی فریاگوزاری بۆ چارەسەرکردن و تێپەڕاندنی چەند مانگی وەرزی هاوین دیاری دەکرێت.''
 
جگە لە سێ پڕۆژەی ئیفراز، هەولێر پشت بە ئاوی بیرەکان دەبەستێت. ئومێد خۆشناو گوتی، بەشێکی زۆر لە بیرەکان کە وشک دەبن، سەرلەنوێ لێدەدرێنەوە و گرفتە تەکنیکییەکانیان چارەسەر دەکرێن. 
 
بەهۆی شکانی بۆری و چاکسازی لە هێڵی ئاوی ئیفراز 3، بەشێک لە گەڕەکەکانی هەولێر نزیکەی هەفتەیەک ئاویان بڕا. پارێزگاری هەولێر گوتی: ''ئێستا دۆخەکە ئاسایی بووەتەوە و دوو هەزار و 500 مەتر سێجا لە کاژێرێکدا ئاوی پڕۆژەکە زیاد دەبێت، کە کاری 100تاوەکو 150بیر دەکات.''
 
ئومێد خۆشناو دەڵێت، لە هەولێر دوو هێندەی ستانداردی ئاوی پێوست بۆ هەر مرۆڤێک ئاو بەرهەم دەهێنرێت و دابەشدەکرێت، ''بەڵام بەداخەوە نادادپەروەری لە بەکارهێنانی ئاو و بەفیڕۆدانی، بووەتە هۆکاری قووڵبوونەوەی گرفتی کەمئاوی.''
 
 
بەگوتەی پارێزگاری هەولێر، لە داهاتوویەکی زۆر نزیکدا پڕۆژەیەکی ستراتیژی و بەهاناوەچوونی ئاو لەلایەن بەڕێز مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانەوە رادەگەیێنرێت. دڵنیام لە داهاتوویەکی نزیکدا پڕۆژەیەکی زۆر گەورە لە شاری هەولێر دەستپێدەکات.''
 
هەولێر سێ پڕۆژەی ئاوی ئیفرازی هەیە؛ ئیفراز یەک کە ساڵی 1967 دروستکراوە؛ ئیفراز دوو ساڵی 1982 و ئیفراز سێ ساڵی 2007 کەوتووەتە کار. ئومێد خۆشناو بۆ جێبەجکردنی پڕۆژەی ئاوی ئیفراز چوار گوتی، ''ئەو گرێبەستەی کە حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆمپانیای جێبەجێکار هەیبوو، ناگاتە ئەنجام و پێمانوایە گەیشتووەتە بنبەست، بەڵام رێکارە یاساییەکان ماون، کە بە چ شێوەیەک مامەڵە لەگەڵ کۆمپانیاکەدا بکرێت.''
 
سەبارەت بە پڕۆژەی ئاوی ئیفراز چوار، ئومێد خۆشناو گوتی: "سعودیە رەزامەندی داوە کە لە رێگەی سندووقی قەرزی وڵاتەکەوە جێبەجێ بکرێت، بەڵام بەربەستی بەردەم جێبەجێکردنی پڕۆژەکە، حکومەتی عێراقە کە گرفتمان بۆ دروست دەکات و رەزامەندی نادات.''
 
پاڵاوگە نایاساییەکان
 
لە سنووری پارێزگای هەولێر 138 پاڵاوگەی نایاسایی هەن کە بە بڕیارێکی ئەنجوومەنی پارێزگاکە بە مەبەستی رێگریکردن لە پیسبوونی ژینگە، لە 3ـی ئابەوە دەستکرا بە داخستنیان. ئومێد خۆشناو گوتی: ''بڕیاری داخستن یان دەستبەسەرداگرتنی هەر شوێنێک و هەر شتێک کە پەیوەندی بە ژینگەی شارەکەمانەوە هەبێت، سازشی لەسەر ناکرێت، چی پاڵاوگە بێت، کۆمپانیا، موەلیدە یان ئۆتۆمبێل.''
 
پارێزگاری هەولێر جەختی لەوە کردەوە، بڕیاری داخرانی پاڵاوگە نایاساییەکان بەردەوام دەبێت، ''راستە ئەوان بەشێکن لە سەرچاوەی دابینکردنی سووتەمەنی و رەخساندنی هەلیکار، بەڵام ئەو پاڵاوگانە دەبێ بکرێنە یاسایی.''
 
ئومێد خۆشناو ئەوەشی گوتی: ''بەدواداچوون بۆ دیاریکردنی شوێنێک بۆ پاڵاوگەکان لە هەولێر دەکرێت کە دوور بێت لە ئاوەدانی، بۆ ئەوەی کاریگەرییان لەسەر ژینگە نەبێت و بابەتەکە بچێتە قۆناخێکی دیکەوە.''

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە