مەسرور بارزانی و سوودانی تاوتوێی لابردنی بەربەستەکان بە گوێرەی دەستوور و یاسا دەکەن

12-04-2025
سۆلین حەمەدەمین
سۆلین حەمەدەمین
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکوەزیرانی عێراق و سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە هەولێر کۆبوونەوە. نووسینگەی سوودانی رایگەیاند، "لە کۆبوونەوەکەدا باسی گرنگیی دۆزینەوەی چارەسەر بۆ هەموو دۆسیە هاوبەشەکان و لابردنی بەربەستەکان بە گوێرەی دەستوور و یاسا کرا."
 
بەیانیی ئەمڕۆ شەممە، 12ـی نیسانی 2025، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بە سەردانێک گەیشتە هەولێر و یەکەم کۆبوونەوەی لە پیرمام لەگەڵ سەرۆک مەسعود بارزانی کرد، دواتر لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
 
دوای کۆبوونەوەی سوودانی لەگەڵ مەسرور بارزانی؛ نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، "گفتوگۆ لەسەر چەندین پرس و بابەت لەسەر ئاستی نیشتمانی، گرنگترین پێشهاتەکانی هەرێمی، نێودەوڵەتی و هەڵوێستی حکومەت لە قەیرانەکانی ناوچەکە کرا."
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لەسەر گرنگیی هاوبەشی و هاوئاهەنگی لە رووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەکان، پەیڕەوکردنی سیاسەتێکی هاوسەنگ لەسەر بنەمای هاوکاری، بەرژەوەندییە هاوبەشەکان لەگەڵ وڵاتانی برا و دۆست کرایەوە."
 
وەکو نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێت، "سوودانی ئاماژەی بەوە کرد کە حکومەت لە رووبەڕووبوونەوەی قەیرانە جۆراوجۆرەکانی ناوخۆیی و دەرەکی سەرکەوتوو بووە، بەرپرسیارێتیی خۆی لەئەستۆ گرتووە، سەرەڕای گۆڕانکاری و رووداوەکانی ناوچەکە، هەروەها دووپاتی هەوڵەکانی کردەوە بۆ پەرەپێدانی ئابووریی نیشتمانی و چەسپاندنی سەقامگیری لە هەموو ناوچەکانی وڵاتدا."
 
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، "جەخت لە گرنگیی هاوبەشی و هاوئاهەنگی کرایەوە و سەرۆکوەزیران جەختی لە هەوڵەکانی پەرەپێدانی ئابووری لە سەرانسەری وڵات کردەوە." ئەمە بەگوێرەی نووسینگەی سوودانی.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە