لەگەڵ رەنج؛ مەترسیی داگیرکردنی زەوییەکانی کورد لە کەرکووک نەڕەویوەتەوە

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
ئاسۆ سەراوی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
نوێنەرێكی جووتیارانی كورد ‌و توركمان دەڵێت، ‏‏"بەو هەموو هەوڵەوە هێشتا یەك بست زەوی كورد نەگەڕاوەتەوە ‌و ‏مەترسییەكانیش زیاتر بوون". پەرلەمانتارێكی عێراقیش كە خەڵكی ‏سنووری خورماتووە میوانی بەرنامەی لەگەڵ رەنجە و دانی بەوەدا نا كە شتێكی ‏نوێیان بۆ خەڵك ‌و جووتیارانی سنووری كەركووك پێ نییە.
 
كەریم شكور، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ‏عێراق لە فراكسیۆنی ‏‏یەكێتی ‏دەڵێت، ‏‏"بەداخەوە شتێكی تازە نییە بیڵێم، دەبوو پێشتر كار لەم دۆسیەدا بكرایە، ‏ئێستا هێزی كورد لە بەغدا ئەوەندەیە كە هەیە". ئەو پەرلەمانتارە ئومێدی ‏بەوە خواست سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتیی نێچیرڤان ‏بارزانی بۆ ئەو كێشەیە سەردانی بەغدا بكات و گوتی، "بۆ ئەم پرسە كاك ‏نێچیرڤان بێتە بەغدا ئیشی زۆر باشی پێ دەكرێت".‏
 
كێشەی زەویی جووتیارانی كورد لە سنووری كەركووک لە چەند ناوچەیەكی ‏جیاوازی وەك سەرگەڕان ‌و تۆپزاوا‌ و ‌و لەیلان ‌و داقووق ‌و چەند ناوچەیەكی ‏دیكەش جووتیارانی ئەو سنوورانە لە بەرنامەكەدا ئامادە بوون و سەرنجی ‏خۆیان خستەڕوو.‏
 
 
یەک بست زەوی نەگەڕاوەتەوە
 
‏"یەك بست زەویی كورد نەگەڕاوەتەوە ‌و مەترسییەكانیش زیاتر بوون". ‏سامی غەفوور، نوێنەری جووتیارانی كورد ‌و ‏توركمان ناحیەی یایچی ‏سنووری ‏كەركووك، بەو جۆرە وەڵامی رەنج سەنگاوی پێشكەشكاری دایەوە كاتێك ‏پرسیاری ئەوەی لێكرد، ئایا ئەم هەموو هەوڵەی چەند ساڵە بەرپرسانی كورد ‏بۆ گەڕانەوەی زەویی جووتیارانی كورد دەیدەن هیچ ئەنجامێكی باشی ‏هەبووە یاخود هیچ زەوی بۆ جووتیاران گەڕاوەتەوە؟ 
 
نوێنەرەكەی جووتیارانی كورد ‌و ‏توركمان رەخنەی ئەوەشی گرت، كە لە ‏فەرمانگەكانی كەركووك هێشتا كار بە بڕیارەكانی بەعس دەكرێت ئەو گوتی، ‏‏"لە فەرمانگەكان تەنیا وێنەكەی سەدامی لێ نییە، ئەگینا وەك پێشتر كار ‏بە یاساكانی بەعس دەكرێت". ئەو كە لە سنووری تۆپزاوا جووتیارە ‌و سوپای ‏عێراقیش لە رێگای وەزارەتی بەرگری خۆی بە خاوەنی ئەو زەویانە دەزانێ‌ ‏داوا لە نوێنەرانی كورد دەكات بچنە وەزارەتی بەرگری ‌و بەرگری لە ‏دۆسیەكەیان بكەن، "پێویستە نوێنەرانی كورد بچنە لای سوپا ‌و پێیان بڵێن ‏ئەم كارەتان هەڵەیە".
 
سامی غەفوور بۆ ئەوەش بەداخە كاتێك بۆ ‏بەدواداچوونی كێشەكانیان دەچنە بەغدا لەوێ‌ هەموو كارێكیان بۆ دەكرێت، ‏بەڵام وەك خۆی دەڵێت، "لە كەركووك كار بە بڕیارەكانی بەغدا ناكرێت"‏.
 
سامی غەفوور ئەوەش ناشارێتەوە لیژنەی باڵای مادەی 140 كە چوار ‏ئەندامی سەرەكی هەیە دووانیان كوردن، "ئەوانیش بە باشی كارەكانیان ‏ناكەن".‏
 
نوێنەرەكەی جووتیارانی كورد ‌و ‏توركمان ئەوەشی خستەڕوو، عەرەبە ‏هاوردەكانی كەركووك بەتایبەت لە تۆپزاوا بۆ رادەستكردنەوەی زەوییەكان ‏داوای قەرەبوو بە زەوی دەكەن و ئەو گوتی، "بە هەڵوەشاندنەوە رازیی نابن ‌و ‏داوای قەرەبوو دەكەن". لە كۆتایی قسەكانی سامی غەفوور باسی لەوەش كرد ‏بەهۆی ئەو كێشانەی لەسەر زەوییەكانیان دروست بووە، ئەم ساڵ حكومەتی ‏عێراقی گەنم لە ئەوان وەرناگرێت.‏

 

 
‏‏"شتێكی تازە نییە بیڵێم"‏
 
كەریم شكور، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ‏عێراق لە فراكسیۆنی ‏یەكێتی لە ‏دەستپێكی قسەكانی شانازی بەوە كرد كە هەمیشە لەگەڵ ‏خەڵكی ناوچەكەدا بووە و ئەوەشی روونكردەوە کە بەداخە بۆ ئەوەی ‏شتێكی نوێی پێ نییە. ئەو گوتی، "بەداخەوە شتێكی تازە نییە بڵێم، دەبوو ‏پێشتر كار لەم دۆسیەدا بكرایە، ئێستا هێزی كورد لە بەغدا ئەوەندەیە كە ‏هەیە". كەریم شكور ئەوە ناشارێتەوە كە ئەو پڕۆژە یاسایەی لە حكومەتەوە ‏چووەتە پەرلەمان بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەكانی مەجلیسی قیادەی سەورە ‏لە ئاستی چاوەڕوانی ئەوانەدا نەبووە، چونكە وەك ئەو گوتی، "لە ‏حەفتاكانەوە زەویی كورد داگیر دەكرێت، بەداخەوە ئەو پڕۆژە یاسایەی لە ‏حكومەتەوە بۆ ئێمە هاتووە 50%ی داواكارییەكانی ئێمە نییە".‏
 
ئەو پەرلەمانتارە كوردە ئەوە ناشارێتەوە كە لە رێگای لیژنەی یاسای ‏پەرلەمانەوە هەوڵیانداوە گۆڕانكاری لە پرۆژە یاساكەدا بكەن، "بەڵام ‏ئەوەش زۆر قورسە تاوەكو لیژنەی یاسایی پەرلەمان گۆڕانكاری لە دێڕێكی ‏پڕۆژەكەدا كرد، بەڵام قبوڵیان نەكرد". مەلا كەریم شكور ئەوەش دەخاتەڕوو، ‏ئەگەر بڕیارەكانی (مەجلیسی قیادەی سەورە) هەڵوەشێتەوە "ئەوا زیاتر لە ‏‏300 هەزار دۆنم زەوی بۆ كورد دەگەڕێتەوە".‏
 
كەریم شكور جەخت لەوە دەكاتەوە، بڕیارەكانی مەجلیسی قیادی سەورە بە ‏یاسا هەڵدەوەشێنەوە و بۆ دەركردنی یاساش كورد پێویستی بە دەنگی ‏پەرلەمانتارانە.
 
پەرلەمانتارە كوردەكە باسی لەوەش كرد شیعەكانی پەرلەمانی بە مەرجی ‏ئەوە دەنگ بە هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەكانی مەجلیسی قیادەی سەورە ‏دەدەن كە پەرلەمانتارە كوردەكانیش دەنگ بە هەمواری یاسای باری ‏كەسێتی بدەن و ئەو گوتی، "هەرچەندە ئێمە بە هەموو هەمواری یاسایی باری ‏كەسێتی رازی نین، بەڵام لەبەر ئەوەی ئەوانیش دەنگ بە پڕۆژە یاساكەی ‏ئێمە بدەن، ئێمە بەوە رازی دەبین".‏
 
مەلا كەریم ئەوەش رووندەكاتەوە بەو یاسایەی كە لە پەرلەمانە هەموو ‏كێشەكانی كورد لەبارەی داگیركردنی زەویی جووتیارانی كورد چارەسەر ‏نابێت. ‏ئەو گوتی، "ئەگەر هەنگاو بە هەنگاو كار لەسەر پڕۆژەكان بكەین، بەشێكی ‏كێشەكان چارەسەر دەبن".
 
بە بۆچوونی پەرلەمانتارە كوردەكە بۆ ‏چارەسەری بەپەلەی كێشەكان دەبێت سەركردایەتیی سیاسی كورد بە هەموو ‏هێزیانەوە بێنە سەرهێڵ دەڵێت، "بۆ ئەم كێشەیە پێویستە لە ‏پەرلەمانی كوردستان لیژنەیەك دروست بكرێت‌ و سەردانی بەغدا بكات". لە ‏كۆتایی قسەكانی مەلا كەریم شكور ئومێدی بەوە خواست سەرۆكایەتیی ‏هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتیی نێچیرڤان بارزانی بۆ ئەو پرسە سەردانی ‏بەغدا بكات "بۆ ئەم پرسە كاک نێچیرڤان بێتە بەغدا ئیشی ‏زۆر باشی پێ دەكرێت".‏
 
 
سوپا سكاڵای لە دژی دانیشتووانی تۆپزاوا تۆمار كردووە
 
ساتع ناسیح، كە وەك نوێنەری جووتیارانی كەركووك لە بەرنامەكەدا ‏بەشدار بوو و باسی لەوە كرد، لە پێش ئەوان خۆپێشاندانیان دژی سوپا ‏دەكرد، بەڵام ئێستا دۆخەكە پێچەوانە بووتەوە ئەوان سكاڵا تۆمار دەكەن ‏‏"ئێستا سوپا سكاڵای لەسەر دانیشتوانی تۆپزاوا تۆمار كردووە، سكاڵاكە لە ‏دژی 26 كەسی تۆپزاوا تۆمار كراوە كە 18یان تەنیا لەسەر زەوییەكانیان ‏خانوویان دروستكردووە". 
 
بە بڕوای ساتع ناسیح، كورد لە كەركووك بێهێزە، ‏چونكە هیچ هێزێكی سەربازی نییە. ئەو گوتیشی، "پەرتەوازەیی نێوماڵی كورد ‏وای كردووە كورد بێ‌ هێز بێت، بە دڵنیاییەوە ئەگەر كورد یەك دەنگ بێت، ‏ئەوا زۆر بەهێز دەبێت".‏
 
ساتع ناسیح گلەیی ئەوەش دەكات وەزارەتی كشتوكاڵی هەرێمی کوردستان "هیچ هاوكارییەكی ‏جووتیارانی كورد ناكات". ئەو دەڵێت، "لە سەرگەڕان سێ‌ مانگە ناهێڵن كورد ‏زەوییەكانی خۆی بكێڵێ‌ت". ئەو جووتیارە گلەیی لە بەشێكی خەڵكی كەركووك ‏كرد كە وەكو پێویست لەگەڵیان نین، "كاتێك بۆ بەدەستهێنانی مافەكانمان ‏چادرمان هەڵدا  خەڵكی كەركووك بەپێی پێویست لەگەڵمان نەبوون".‏
 
لە كۆتایی قسەكانی گوتیشی، "بەرپرسان بۆ كێشەی تایبەت ‌و حیزبی ‏خۆیان دەچنە بەغدا، بەڵام بۆ كێشەی زەوییەكانی ئێمە ناچن".‏
 
‏‏"دڵ ‌و قودس بەو جۆرە خاوەندارێتی ناكرێت" 
 
د. مەلا حەسەن، جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی ‏‏16ـی ‏حەمرینی ‏یەكێتیی ‏‏‏‏نیشتیمانیی كوردستان وەك میوانێكی بەرنامەكە لە دەستپێكی قسەكانی ‏سوپاسی كەناڵی رووداوی كرد بەوەی لە هەموو كێشەكاندا لەگەڵیاندا بووە. ‏ئەو باسی لەو شوێنەش كرد كە بەرنامەكەی لێكراوە (سەربازگەی تۆپزاوا) ‌و ‏گوتی، "لەم شوێنەدا  82 گۆڕی بێ‌ ناسنامە هەیە كە ئێسك‌ و پروسكیان ‏تێكەڵاوی خۆڵ بووە" دوای ئەو قسەیە هەمووان فاتیحایان بۆ گیانی ئەو ‏‏82 قوربانییە خوێند.‏
 
د. مەلا حەسەن باسی لەوە كرد، ماوەی چوار ساڵە پڕۆژەیاسایەكی لەسەر ‏ئەو شوێنە داوەتە پەرلەمانی كوردستان، ئەمەش بۆ ئەوەی ئەو سەربازگەیە ‏بكرێتە مۆزەخانەیەك، "بەڕاستی نەدەبوو ئەم سەربازگەیە پشتگوێ‌ ‏بخرێت".‏
 
مەلا حەسەن بێ هیوا نەبووە و دەڵێت، "هێشتا دەرفەتی خەباتی مەدەنیمان ‏هەیە چونكە هێزی مرۆیی ئێمە لێرە هەیە، ئێمە هێزمان هەیە، بەڵام كێشەكە ‏لەوەدایە رێكنەخراوە".‏
 
جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی ‏‏16ـی ‏حەمرینی ‏یەكێتیی ‏‏‏نیشتیمانیی كوردستان ‏باسی لەوەش كرد، تەنیا لە حەفتەغار 7000 دۆنم زەویی جووتیارانی كورد ‏داگیركراوە، "سێ‌ كەسمان بە دوو ساڵ حكومدراوە، باوكی یەكێك ‏لەوانە لەبەر ئەوەی فەرمانی گرتنی هەیە نەیتوانی بێتە ئێرە".‏
 
مەلا حەسەن ئاماژەی بەوەشدا، "بەرپرسانی كورد وەك مەلا كەریم، شاخەوان ‏عەبدوڵڵا، خالید شوانی و ناسر هەركی زۆر هاوكارمان بوون... بەداخەوە بەناوی ئایینی پیرۆزی ئیسلامەوە خاكمان داگیر دەكرێت".‏
 
بە بۆچوونی د. مەلا حەسەن، دەبێت وەك كورد بەدوای بەڵێنەكانی حكومەتەكەی ‏سوودانیدا بچن. ئەو گوتی، "كارنامەی (چوارچێوەی هاوئاهەنگی) یەكێكە لە ‏خاڵەكانی جێبەجێكردنی مادەی 140، دەبێت بپرسین سوودانی لە ‏مادەی 140 چی جێبەجێكردووە؟".‏
 
لە كۆتایی قسەكانی رەخنەی ئەوەی گرت ئەگەر پێشتر كەركووك بە دڵ‌ و ‏قودس چوێندراوە، ئەوا وەك ئەو دەڵێت، "بەڕاستی دڵ ‌و قودس بەو جۆرە ‏خاوەندارێتی ناكرێت".
 
بەهۆی 910 دۆنمەوە كاری 20 هەزار دۆنم راگیراوە
 
محەممەد ئەمین، كە وەك جووتیارێکی سنووری سەرگەڕان لە بەرنامەكەدا ‏بەشداربوو باسی لەوە كرد، لە سنووری ناحیەی سەرگەڕان كێشە لەسەر ‏‏910 دۆنم زەوی هەیە، بەڵام سوپای عێراق كاركردنی لەسەر 20 هەزار دۆنم ‏زەوی سنوورەكە وەستاندووە. ئەو گوتی، "لە سەرگەڕان بە بڕیاری لیژنەی ‏شئونی شیمال ‌و مەجلیسی قیادەی سەورە زەوی داگیركراوە، ئێستا لە ‏سەرگەڕان جووتیاران بچنە سەر زەوییەكانیان دەگیرێن، بۆیە دەبێت بەپەلە ‏ئەو كێشەیە چارەسەر بكرێت، چونكە كەس نازانێ‌ عێراق چی بەسەر دێت".‏
 
ئەو جووتیارە دڵخۆشە بەوەی پارێزگاری ئێستای كەركووك رێبوار تەها ‏بەشێكە لە چارەسەر ‌و گوتی، "پێشتر راكان بەشێك بوو لە كێشەكە، بەڵام ‏پارێزگاری ئێستا بەشێكە لە چارەسەر ئەوە بۆ ئێمە خاڵێكی ئەرێنییە".‏
 
محەممەد ئەمین ئەوەشی خستەڕوو، لە سەرگەڕان خەڵك هەیە گیراوە لەسەر ‏ئەوەی پێیان گوتووە بەنیازبووی زەوییەكەت بكێڵی، "لە ‏سەرگەڕان خەڵك زۆر ئازار دەدەن، بەڵام ئەوە نییە بڵێن بە بڕیاری دادگا ‏حكومیان دەدەن".‏
 
بەپێی زانیارییەكانی محەممەد ئەمین، تاوەكو ئێستا لە سنووری كەركووك ‏‏1647 كەس لە چوارچێوەی مادەی 140 پارەی قەرەبووی وەرگرتووە ‏بۆیە جەخت لەوە دەكاتەوە کە دەبێت ئەوانە بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان ‌و ‏"2000 كەسی دیكە ناونووس كراون، بەڵام تاوەكو ئێستا پارەیان ‏نەدراوەتێ‌". 
 
لە كۆتایی قسەكانی رەخنەی لە بەرپرسانی مادەی 140ی دەستوور گرت كە ‏بەشداریی كۆبوونەوەكانی مادەی 140 ناكەن، "نوێنەرانی كورد لە ‏مادەی 140 یەك ساڵە بەشداریی كۆبوونەوەیانە نەكردووە". ئەو هیوای ‏بەوەش خواست بەرپرسانی باڵای كورد لەسەر ئەو پرسە بە دەنگ بێن "ئەم ‏كارە بە پێنج كەس دەكرێت سێ‌ بارزانیەكە ‌و دوو تاڵەبانییەكە".‏
 
بۆچی كار بە بڕیارەكانی 2007 ناكرێت؟
 
شكار مەردان، پارێزەری جووتیارانی كورد ‌و توركمان ‏لە ‏كەركووك وەك ‏میوانێكی دیكەی بەرنامەكە باسی لەوە كرد، لە 2007دا ئەو كاتە كە كورد ‏زۆر بەهێز بوو، كۆمەڵێك بڕیاری لە چوارچێوەی مادەی 140 دەركردووە، ‏بەڵام گرفتەكە لەوەدایە كار بەو بڕیارە ناكرێت، "لە 2007 ‏دەتوانرا مادەی 140 جێبەجێ‌ بكرێت، چونكە ئەو كاتە لەچوارچێوەی ‏مادەی 140 هەموو گرێبەستەكانی عەرەب رەتكرایەوە، بەڵام وەزارەتی ‏كشتوكاڵ كاری پێ‌ نەكرد". ئەو پارێزەرە داواكارە كورد كار لەسەر بڕیاری ‏ژمارە (4)ی 2007 بكات، "چونكە هەموو گرێبەستەكانی ‏هەڵوەشاندووەتەوە".‏
 
بەبۆچوونی شكار مەردان پارێزگاری كەركووك رێبوار تەها دەتوانێ‌ كار ‏لەسەر هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی زەوییەكان بكات، چونكە "ئەو بڕیارە ‏لە 2007ـەوە هەیە و هێشتا كارایە".‏
 
ئەو رێنمایی پەرلەمانتارانی كورد دەكات، نوسراو بۆ وەزارەتی كشتوكاڵ ‏بكەن بۆ ئەوەی كار بە بڕیارەكانی ساڵی 2007 بكرێت. لە كۆتایی قسەكانیدا، ‏شكار مەردان گوتیشی، "لە 2012دا بڕیارەكانی (لیژنەی شئونی شیمال) ‏رەتكراوەتەوە، بەڵام ئەوەش تاوەكو ئێستا جێبەجێ‌ نەكراوە".‏
 
جووتیاران بێ‌ هیوان
 
هەر لە بەرنامەكەدا بەشێك لە جووتیارانیش بۆچوونی خۆیان خستەڕوو، ‏بەڵام بەشێوەیەكی گشتی رەشبینی بە قسەكانیانەوە دیاربوو و جووتیارێك ‏دەڵێت، "ئێمە لە عێراقین نەك سویسرا، باسی یاسای چی دەكەن".‏
 
جووتیارێكی دیكە دەڵێت، "لێرە یاسا تەنیا لە بەرژەوەندیی عەرەب جێبەجێ‌ ‏دەكرێت".‏
 
بەشێوەیەكی گشتی هەموو جووتیارانی ئامادەبوو لەسەر ئەوە كۆك بوون كە ‏ناتەبایی كورد هۆكاری كێشەكانە، جووتیارێكی دیكە گوتی، "20 ساڵە ‏گوێمان لەوە دەبێت كە دەبێت مادەی 140 جێبەجێ‌ بكرێ‌ت، بەڵام ‏پشتگوێمان دەخەن". جووتیارێكی سنووری سەرگەڕانیش گوتی، "بە دوو ‏گوند لە سەرگەڕان دوو ماڵی لێماون و هەموویان كۆچیان كردووە".‏

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە