رووداو دیجیتاڵ
رێکخراوی مافی مرۆڤی عەفرین- سووریا ئاماژە بەوەدەکات، کە گرووپە چەکدارەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریای نزیک لە تورکیا، لە شاری عەفرینی رۆژئاوای کوردستان و ناوچەکانی دەوروبەری لە ماوەی ساڵی 2021 دا زیاتر لە 660 هاونیشتمانی کوردیان رفاندوون و دەستگیرکردوون، هەروەها لەنێو عەفرین خانووی هاونیشتمانیانی کورد دەفرۆشن و دەستی بەسەردا دەگرن.
ئیبراهیم شێخۆ، گوتەبێژی رێکخراوی مافی مرۆڤی عەفرین- سووریا بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، لە شاری عەفرین پێشێلکاری بەرامبەر مافەکانی مرۆڤ لە 2018 وە تاوەکو ئێستا ساڵ بە ساڵ زیاتر دەبن، ئەو پێشێلکارییانە بریتین لە کوشتن، گرتن، رفاندن و لێپرسینەوە، جگە لە دەستبەسەرداگرتنی ماڵ و بڕینەوەی داری زەیتوون.
بە گوتەی ئیبراهیم شێخۆ، لە چەند رۆژی رابردوودا لە گوندی غەزەوی ناوچەی شێراوە 5 کەس رفێندراون 2 ئێزدین و 3 کەسیش موسڵمانن، 2 هاووڵاتیی دیکەش لە ناوچەی شێران لە گوندی دێرسوان لە لایەن فەیلەقی شامەوە رفێندراون، یەکێکیان پیاوێکی بەتەمەنە 62 ساڵە و گەنجێکیش تەمەنی 32 ساڵە و پیاوە بەتەمەنەکە ئازادکراوە، بەڵام گەنجەکە ئازاد نەکراوە.
گوتەبێژی رێکخراوی مافی مرۆڤی عەفرین- سووریا گوتی، "لە کاتی گەڕانەوەی خەڵک بۆ عەفرین لە ماوەی دوو مانگی رابردوودا چەندین کەس دەستگیرکراون و ئەشکەنجەدراون، هەندێک تاوەکو ئێستاش گیراون، هاووڵاتییەک بە ناوی محەممەد رەشید، ویستوویەتی لە ناوچەی راجۆ وێنەی ماڵەکەی بۆ کەسوکاری بنێرێت کە بە سەلامەتی گەیشتووەتەوە گوندەکەی خۆی، بەڵام لەلایەن گرووپی لیوای شیمال گیراوە و 15 رۆژ دەستبەسەر بووە و 25 ملیۆن لیرەیان لێسەندووە، هۆکارەکەی وێنەکە نەبووە، بەڵام ئەو گرووپانە زانیویانە برایەکی لە ئەوروپایە و پارەی بۆ دەنێرێت".
ئیبراهیم شێخۆ گوتی، "لە 2021 زیاتر لە 660 کەس رفێندراون و گیراون و لێپرسینەوەیان لەگەڵ کراوە، لەوانەش 75 ژنن و 5 یان منداڵن و یەکێک منداڵی شیرە خۆرە، کە لەگەڵ دایکی دەستبەسەر کراوە، بەشێکیان بەهۆی دانی باج و فدیە ئازادکراون".
لەبارەی ئەو گرووپانەی زۆرترین پیشێلکاری لەو ناوچانە دەکەن، گوتەبێژی رێکخراوی مافی مرۆڤی عەفرین- سووریا ئاماژەی بەوە کرد، "فەیلەقی شام، جەبهەی شامی و حەمشات، زۆرترین پێشێلکاری و دەستدرێژییان کردووەتە سەر خەڵکی ناوچەکە، گرووپی حەمشات 25٪ باج لە جووتیارەکانی زەیتوون دەستێنێت، کاتێک کەسێکیش دەگرن نزیکەی 30 ملیۆن لیرەی تورکی لێدەسەنن، پارەکەش تەنیا بە دۆلار وەردەگرن. هەروەها جەبهەی شامی لەنێو عەفرین بە دەیان خانووی هاونیشتمانیانی کوردیان دەستبەسەرداگرتووە و فرۆشتوویانن".
لەبارەی گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچەکە ئیبراهیم شێخۆ دەڵێت، "پێش 2018 کورد 95٪ بوو، ئێستا کورد بووەتە 25٪ رێژەی زۆری عەرەب و تورکمانن، هەروەها 500 ماڵی فەلەستینیش لە عەفرین هەن، پێشتر 22 گوندی ئێزدی لە عەفرین هەبوون، کە پێش داگیرکردن ژمارەی دانیشتووانیان 25 هەزار کەس دەبوون، بەڵام ئێستا کەمبوونەتەوە بۆ دوو هەزار کەس".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ