بەڵگەفیلمی (ساڵێک شەڕ)ی رووداو خەڵاتی زێڕینی ستیڤیی بردەوە

19 کاژێر له‌مه‌وپێش
تەنیا ئەحمەد
دڵنیا رەحمان، پەیامنێری رووداو و ئەحمەد عومەر، وێنەگری رووداو لەکاتی وەرگرتنی خەڵاتەکە
دڵنیا رەحمان، پەیامنێری رووداو و ئەحمەد عومەر، وێنەگری رووداو لەکاتی وەرگرتنی خەڵاتەکە
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لە کاتێکدا لە ترسی بۆردوومان، تۆپباران و کەوتنە خوارەوەی درۆنە بۆمبڕێژکراوەکان، بەشی هەرە زۆری دانیشتووانی شاری باخمووتی هەرێمی دۆنێتسک لە رۆژهەڵاتی ئۆکراینا زێدی خۆیان جێدەهێشت، دڵنیا رەحمان، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو و ئەحمەد عومەری کامێرامانی لە شارەکە بوون بۆ تۆمارکردنی دیمەنەکانی بەڵگە فیلمی (ساڵێک شەڕ).
 
سوپای رووسیا 96%ی شارەکەی خستبووە ژێر دەسەڵاتی خۆی. شەڕی کۆنترۆڵکردنی 4%ەکەی دیکەی گەرم بوو.
 
دڵنیا رەحمان باس لەو رۆژانە دەکات لەو شارە و لە گوندەکانی دەوروبەری بوو بۆ تۆمارکردنی گرتەکانی بەڵگە فیلمەکە و دەڵێت، "شەو هەبوو لە سەرما نەماندەتوانی بخەوین. سیستمی گەرمیکەرەوە نەبوو، رووناکی نەبوو. ئینتەرنێت لە هەندێک شوێن لاواز بوو، بۆئەوەی راپۆرتێک مۆنتاژ بکەین و بینێرینە ناوەند، کاتێکی زۆری دەبرد."
 
پەیامنێری رووداو هەروەها دەڵێت، "رووداو یەکەمجار نییە خەڵات وەربگرێت. بەڵام بۆ ئێمە کە یەکەمجار بوو لە شەڕی رووسیا و ئۆکراینا رووماڵمان دەکرد، وەرگرتنی خەڵاتەکە هەستێکی زۆر خۆش و تایبەتە. ئەو خەڵاتە دەرخەری ئەوەیە کە رەنج و ماندووبوونی ئێمە دەستکەوتێکی باشی هەبوو."
 
دڵنیا رەحمان باسی لەوە کرد، "ئێمە هیچ کات بۆ وەرگرتنی خەڵات کارمان نەکردووە. ئەوەی لای ئێمە وەک رووداو گرنگە ئەوەیە کە هەمیشە باشترین بەرهەم راستگۆیانە پێشکێشی بینەرەکانمان بکەین."
 
کامێرای رووداو چووە گوندەکانی سنووری شارەکەش، وەک گوندی نێڤسکی کە تەنیا 7 کیلۆمەتر لە بەرەی جەنگەوە دوور بوو.
 
خەڵکی برسی و تینوو بوون و لە ترسا دەلەزرین.
 
ئەحمەد عومەری کامێرامانی رووداو دەڵێت، "کاتی چوونە نێو باخمووت زۆر قورس بوو. لەو کاتەدا بۆردوومانی زۆر سەختی هێزەکانی سوپای رووسیا بۆ سەر ئەو شارە هەبوو."
 
ئەحمەد عومەر لەبارەی وەرگرتنی خەڵاتەکەش دەڵێت، "بۆ من هەستێکی خۆشە وەک کامێرامانێک کە خەڵاتی ستیڤیم بەدەستهێناوە. ئەوەش وادەکات بەردەوام گرنگی بە کارەکانم بدەم و کاری باشتر بەرهەم بهێنم."
 
هاوکات شەڕێکی قورس بۆ کۆنترۆڵکردنی هەرێمی خێرسۆن لە باشووری ئۆکراینا لەنێوان سوپای رووسیا و سوپای ئۆکراینا هەبوو.
 
لە ترسی بۆردوومان و تۆپباران، لە 333 هەزار دانیشتووی خێرسۆن تەنیا 60 هەزار لە شارەکە مابوون، کە زۆربەیان بەتەمەن بوون. 
 
دوو کاژێر وەستان بۆ وەرگرتنی دوو نان، رۆتینی رۆژانەی خەڵکی ئەوێ بوو.
 
ئیڤان دۆڤهانیچ، باڵیۆزی ئۆکراینا لە عێراق لەبارەی بەڵگە فیلمەکەوە بە رووداوی گوت، "دوای سەیرکردنی بەڵگەفیلمەکەی رووداو دەتوانم بڵێم، ئەوە بەڵگەفیلمێکی ناوازەیە و بەڵگەی خۆڕاگریی ئۆکراینییەکانە. من بە تایبەت سوپاسی خاتوو دڵنیای بوێر دەکەم کە پیشەییانە بەرگریی لە راستییەکان کرد."
 
بەڵگەفیلمەکە دوو خەڵاتی جیهانی بردوەتەوە؛ خەڵاتی زێڕینی ستیڤی و خەڵاتی زیوی دەبلیو 3 لە ئەمریکا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دادگەیەکی سوێد.

لە سوێد ژنێکی عێراقی بە تۆمەتی ئەندامبوون لە داعش دادگایی دەکرێت

لە سوێد ژنێکی تەمەن 52 ساڵ بەناوی لینا لەینا عیشاق دادگایی دەکرێ. تۆمەتەکەی ئەوەیە کە لەنێوان ساڵانی 2014 تاوەکو 2016 لە شاری رەققەی سووریا بازرگانیی بە ژنانی رفێندراوی ئێزدی کردووە و ئەشکەنجەی داون.