رووداو دیجیتاڵ
لێکۆڵینەوەیەکی نوێی زانستی دەریخستووە، لەوانەیە دروستبوونی کیشوەرەکانی هەسارەی زەوی پەیوەندییەکی راستەوخۆی بە گەردوون و گەلەستێرەی رێگەی کاکێشانیەوە هەبێت، نەک تەنیا گۆڕانکارییە جیۆلۆجییەکانی نێوخۆی زەوی. ئەم بابەتە زانستییە ئاڵۆزە چۆن روودەدات؟ لەم راپۆرتەدا بە سادەیی دەیخەینە روو.
🌍 زەوی لە سەرەتادا چۆن بوو؟
زانست پێمان دەڵێت، لە سەرەتای دروستبوونی کۆمەڵەی خۆردا، زەوی تەنیا تۆپێکی لینج و نیوە تواوەی بەردین بوو. بە تێپەڕبوونی سەتان ملیۆن ساڵ، بەشێک لەم شلە بەردینەیە خەست بووەوە و کیشوەرە سەرەتاییەکانی دروستکرد، کە بوونە بناخەی ئەو زەوییەی ئەمڕۆ دەیبینین.
زۆربەی زانایان پێیان وابوو ئەمە تەنیا بەهۆی گۆڕانکارییەکانی ژێر توێکڵی زەوییەوە روویداوە، بەڵام تیمێکی زانستی بە سەرۆکایەتیی کریس کەرکلاند، زانای جیۆلۆجی لە زانکۆی کێرتنـی ئوسترالیا، پێیان وایە دروستبوونی کیشوەرەکان تەنیا پەیوەندیی بە گۆڕانکارییەکانی ناخی زەوییەوە نەبووە.
کریس کەرکلاند، زانای جیۆلۆجی لە زانکۆی کێرتن دەڵێت: "لەوانەیە زانستی جیۆلۆجی سنوورێکی زۆر تەسک و داخراوی بۆ لێکۆڵینەوە لە سیستمی زەوی دانابێت. پرسیارە راستەقینەکە ئەوە نییە ئایا زەوی بە گەلەستێرەکەوە بەستراوەتەوە یان نا، بەڵکو پرسیارەکە ئەوەیە ئایا ئەم پەیوەندییە نیشانەیەکی جیۆلۆجیی هێندە بەهێزی جێهێشتووە کە ئێمە بتوانین بیدۆزینەوە."
🌌 هێزە گەردوونییەکە چۆن کیشوەرەکانی دروستکردووە؟
ئەو تیمە زانستییە دەڵێن، گەشەکردنی کیشوەرەکان پەیوەندیی بە گەشتە درێژەکەی کۆمەڵەی خۆرەوە هەیە بە نێو قۆڵە پێچاوپێچەکانی گەلەستێرەی رێگەی کاکێشاندا. (ئەم قۆڵانە بریتین لەو بەشانەی گەلەستێرەکە کە زۆرترین ئەستێرە، گاز و تۆزوخۆڵی گەردوونییان تێدا کۆبووەتەوە. واتە قەرەباڵخترین و رووناکترین بەشی گەلەئەستێرەکەن و زۆربەی ئەستێرە نوێیەکان لەوێدا لەدایک دەبن.)
✨ پرۆسەی دروستبوونی کیشوەرەکان
کۆمەڵەی خۆر هەر 250 ملیۆن ساڵ جارێک سووڕێک بە دەوری چەقی گەلەستێرەی رێگەی کاکێشاندا تەواو دەکات. لەم گەشتەیدا، هەر 150 بۆ 200 ملیۆن ساڵ جارێک بە نێو قۆڵە پێچاوپێچەکانی گەلەستێرەکەدا تێدەپەڕێت.
لە دەوری کۆمەڵەی خۆردا هەورێکی گەورە هەیە بەناوی (هەوری ئۆرت) کە پڕە لە تەنی سەهۆڵین و تەنە کلکدارەکان. کاتێک کۆمەڵەی خۆر بە نێو قۆڵە چڕەکانی گەلەستێرەکەدا تێدەپەڕێت، هێزی کێشکردن وا دەکات ئەم تەن و کلکدارانە بە خێراییەکی زۆر بەرەو ناوەوەی کۆمەڵەی خۆر و زەوی بێن.
زانایان پێیان وایە ئەم پێکدادانە گەورانەی کلکدارەکان بە زەویدا، بوونەتە هۆی دروستبوونی یەکەمین پارچە جێگیرەکانی توێکڵی زەوی، کە وەک "هەوێن" وابوون بۆ دروستبوونی کیشوەرەکانی ئەمڕۆ.
💎 بەڵگەی زانایان چییە؟
زەوی بەهۆی داخوران و گۆڕانکارییە بەردەوامەکانەوە، زۆر کەم بەڵگەی سەردەمی "منداڵیی" خۆی پاراستووە. بەڵام جۆرە کانزایەک هەیە بەناوی زێرکۆن کە زۆر بەرگەی گۆڕانکارییەکان دەگرێت. ئەم کریستاڵە بچووکە تەمەنی ملیاران ساڵە و وەک تۆمارێکی مێژوویی، زانیارییە کیمیاییەکانی سەردەمی خۆی هەڵگرتووە.
تیمەکە لێکۆڵینەوەیان لە کریستاڵی زێرکۆن لە 11 ناوچەی جیاوازی زەوی کردووە. دەرکەوتووە ئەو کاتانەی کە توێکڵی نوێی زەوی دروستبووە (بەپێی پشکنینی ناوەوەی کریستاڵەکان)، رێک هاوکات بووە لەگەڵ ئەو کاتانەی کە کۆمەڵەی خۆر بە نێو قۆڵە پێچاوپێچەکانی رێگەی کاکێشاندا تێپەڕیوە.
🌙 مانگ وەک شایەتحاڵێک
کەرکلاند دەڵێت: "بۆ ئەم لێکۆڵینەوەیە، تەنیا پێویست دەکات شەوانە بچیتە دەرەوە و سەیری مانگ بکەیت. رووی پڕ لە چاڵی مانگ، تۆمارێکی روونی ئەو بۆردومانانەیە کە کۆمەڵەی خۆر رووبەڕووی بووەتەوە. زەویش بە هەمان دۆخدا تێپەڕیوە، بەڵام داخوران و گۆڕانکارییە جیۆلۆجییەکان بەڵگە فیزیکییەکانی سڕیوەتەوە."
زانایان جەخت لەوە دەکەنەوە کە ئەمە هێشتا سەلماندنی کۆتایی نییە، چونکە گەڕانەوە بۆ مێژووی ملیاران ساڵەی گەلەستێرەیەک کارێکی زۆر ئاڵۆزە. بەڵام ئەم بیرۆکەیە زۆر بەهێزە و بۆ دڵنیابوونەوەی زیاتریش، پێویستە لە داهاتوودا پشکنین بۆ بەردەکانی مانگ و مەریخ بکرێت تاوەکو بزانرێت هەمان مێژوویان هەیە یان نا.
کەرکلاند دەڵێت: "ئەگەر گۆڕانی ژینگەی گەلەستێرەکان هۆکار بێت بۆ دروستبوونی ئەستێرەکان، جێگەی سەرسوڕمان دەبێت ئەگەر بڵێین تێپەڕبوونی بەردەوامی کۆمەڵەی خۆر بە نێو ئەم ژینگانەدا هیچ کاریگەرییەکی نەبووە. پرسیارە زانستییەکە ئەوەیە ئایا ئەو کاریگەرییانە هێندە بەهێز بوون کە تۆمارێکی جیۆلۆجی لەسەر زەوی جێبهێڵن یان نا؟"
ئەم لێکۆڵینەوەیە لە گۆڤاری زانستیی 'Earth and Planetary Science Letters' بڵاوکراوەتەوە.



