رووداو دیجیتاڵ
لە ئەنجامی تەقەکردن لە فێستیڤاڵێکی خواردن لە شاری سیاتڵی ئەمریکا، لانیکەم دوو کەس کوژران و چواری دیکەش بریندار بوون کە یەکێکیان منداڵە.
پۆلیس سەرقاڵی لێکۆڵینەوەیە لە رووداوەکە و داوای لە خەڵک کردووە نزیکی ئەو ناوچەیە نەکەون.
سوزان گرێگ، گوتەبێژی سەنتەری پزیشکیی هاربەرڤیو رایگەیاند، چوار بریندار گەیێندراونەتە نەخۆشخانەکەیان، کە پێکهاتوون لە منداڵێکی بچووک، گەنجێکی تەمەن 23 ساڵ و دوو ژن. ئاماژەی بەوەش کرد، دۆخی تەندروستیی یەکێک لە بریندارەکان سەختە.
رووداوەکە لە کاتێکدایە، کۆتایی ئەم هەفتەیە سەنتەری سیاتڵ میوانداریی فێستیڤاڵی خواردنی (بایت ئۆف سیاتڵ)ـی دەکرد. دەوروبەری کاژێر 6:00ـی ئێوارەی یەکشەممە بەکاتی ناوخۆ، کە دەکاتە کاژێر 4:00ی بەیانی ئەمڕۆ بە کاتی هەولێر، ژمارەیەکی زۆر لە تیمەکانی پۆلیس و فریاگوزاری گەیشتنە شوێنەکە و دەستیان بە چۆڵکردنی ناوچەکە کرد.
برایەن بارکەر، کە لە کاتی دەستپێکردنی تەقەکەدا خەریک بوو خواردن بکڕێت، شایەتحاڵی رووداوەکەیە و دەڵێت: "سەرەتا گوێم لە دەنگی نزیکەی 12 گوللـە بوو کە لە یارییە ئاگرینەکان دەچوون. دوای نیو چرکە بێدەنگی، گوێم لە تەقەی زیاتر بوو، تێگەیشتم کە چەکی ئۆتۆماتیکییە. سەیرێکی لای چەپم کرد و بینیم لانی کەم کەسێک چەکێکی لەو جۆرەی پێیە و دواتر بینیم کەسێکی دیکەش بوو، ئیدی زانیم تەقەکردنە."
رۆبێرتۆ رامیرێز، کە یەکێکە لە فرۆشیارەکانی نێو فێستیڤاڵەکە، باس لەو ترس و دڵەڕاوکێیە دەکات کە دوای تەقەکە دروست بوو و دەڵێت: "بینیم هەموو خەڵکەکە رادەکەن و باوکیشم لە دەرەوە بوو، بۆیە خێرا رامکردە دەرەوە بۆ ئەوەی بیهێنمە ناوەوە. خەڵکەکە بەسەر یەکدیدا دەکەوتن. خواردنێکی زۆر رژابووە سەر زەوییەکە، هەروەها خەڵک، منداڵ و عەرەبانەی منداڵان کەوتبوونە سەر زەوی. زۆر بۆ باوکم ترسام."
رامیرێز دەشڵێت: "دواتر چووینە نێوەوە و لەگەڵ سەرجەم فرۆشیارەکانی دیکە لە پشت ئەو تەختانەوە خۆمان شاردەوە کە بە دەوری دارەکاندا دروستکراون، بۆ گوللـەمان پێنەکەوێت."
فێستیڤاڵەکە ساڵانە بەڕێوەدەچێت و مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1982. بەپێی ماڵپەڕی فەرمیی فێستیڤاڵەکە، رووداوەکە بۆ ماوەی 3 رۆژ بەردەوام دەبێت و تێیدا "خواردن، خواردنەوە و ئاهەنگی جەماوەری" پێشکێش دەکرێن، هەروەها ساڵانە نزیکەی 350 هەزار کەس سەردانی دەکەن.



