هاکان فیدان لە بەغدا؛ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییە سیاسییەکان

11-09-2022
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
نیشانەکردن هاکان فیدان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لە چەند رۆژی رابردوودا هاکان فیدان، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی تورکیا (میت)، سەردانی عێراقی کردووە و لەگەڵ بەرپرسان تاوتوێی پەیوەندییە سیاسی و ئەمنییەکانی کردووە ئەمەش یەکەم سەردانی بەرپرسێکی باڵای تورکیایە دوای رووداوە خوێناوییەکەی زاخۆ.
 
بە پێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو کە لە یەکێک لەو سەرکردانە وەریگرتووە کە چاوی پێکەوتووە و لەگەڵیدا کۆبووەتەوە، لە کۆبوونەوەکانیاندا هاکان فیدان جەختی لەوە کردووەتەوە کە تورکیا پشتیوانی پاراستنی سەروەریی عێراقە و لەگەڵ سەقامگیریدایە. 
 
هاکان فیدان لە بەغدا لەگەڵ د.بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆمار، مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیران و محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و بەرپرسانی دیکەی ئەو وڵاتە کۆبووەتەوە. 
 
هەروەها هاکان فیدان بە بەرپرسانی عێراقی رایگەیاندووە، ئەوان [تورکیا] لە شەڕی پەکەکە لە عێراق بەردەوام دەبن تاوەکو ئەوکاتەی ئەو گرووپە لە عێراق بمێنێت و داوای هاوکاری زیاتریشی لە بەغدا کردووە.
 
رۆژانە سوپای تورکیا و میت لەڕێگەی درۆنەوە هێرش بۆ ئامانجەکانیان لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەکەن . وەزارەتی بەرگریی عێراق لە دوایین راپۆرتی لەبارەی تۆپباران و بۆردوومانەکانی سوپای تورکیا دەڵێت: تورکیا بە قوڵایی 105 کیلۆمەتر هاتووەتە ناو خاکی عێراقەوە. 
 
بەرپرسانی عێراقی بە تایبەتی مستەفا کازمی کە پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ هاکان فیدان هەیە، گلەیی لە  "هەڵوێستی لاوازی"  تورکیا کردووە لە دوای رووداوە خوێناوییەکەی رۆژی 20ی تەممووزی 2022ی گوندی پەرەخ لە زاخۆ کە بەهۆیەوە نۆ گەشتیار گیانیان لەدەستدا و 26 گەشتیاری دیکەش برینداربوون کە بۆ کات بەسەربردن چووبوونە ناوچە گەشتیارییەکانی زاخۆ کردبوو. 
 
چەند رۆژێک دوای رووداوەکەی زاخۆ، وەزیری دەرەوەی عێراق و نوێنەرانی 15 وڵاتەکەی ئەندامی ئەنجوومەنی ئاسایش و نوێنەری تورکیا لەسەر داوای عێراق لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کۆبوونەوە. د. فوئاد حوسێن لە چوارچێوەی گوتارێکیدا بە پێویستی زانی ئەنجوومەنی ئاسایش ژمارەیەک بڕیارنامە بۆ دەرکردنی سوپای تورکیا لە خاکی عێراق و دوورخستنەوەی پەکەکە لە سنوورەکە دەربکات.
 
لە کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی عێراق، سەرۆکی دەزگای میت ئەوەشی راگەیاندووە کە ئەوان ئامادەن بۆ دروستکردنی لیژنەی لێکۆڵینەوە لە رووداوەکەی پەرەخ لە سنووری زاخۆ.
 
لە دوای بینینی سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق، شەوی رابردوو، لە بەغدا هاکان فیدان لە ماڵی خەمیس خەنجەر، سەرۆکی هاوپەیمانیی سەروەریی عێراق لەگەڵ چەند سەرکردەیەکی دیکەی سووننە کۆبووەتەوە.

 

کۆبوونەوەی هاکان فیدان و خەمیس خەنجەر

 
محەممەد بەیاتی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی سەروەریی، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "شەوی رابردوو خەمیس خەنجەر، سەرۆکی هاوپەیمانیی سەروەری و کۆمەڵێک سەرکردەی سوننە لەگەڵ هاکان فیدان لە بەغدا کۆبوونەتەوە، بەڵام هیچ لەبارەی نێوەڕۆکی کۆبوونەوەکەوە ناڵێین."
 
لە شوباتی ئەمساڵ 2022، خەمیس خەنجەر و محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق پێکەوە سەردانی تورکیایان کرد و لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا کۆبوونەوە. هاکان فیدانیش لە کۆبوونەوەکە ئامادە بوو.
 
دوای کۆبوونەوەی محەممەد حەلبووسی و خەمیس خەنجەر لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە ئەنقەرە، هەردوو سەرکردە سوننەکە رێککەوتن کە بەیەکەوە لیستی هاوبەشی سوننە دروستبکەن. 
 
سەردانەکەی هاکان فیدان بۆ عێراق هاوکاتە لەگەڵ بەردەوامی بنبەستی سیاسی بەهۆی دواکەوتنی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق، کە بووەتە خاڵی سەرەکیی ناکۆکی رەوتی سەدر و چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعە. 
 
لەبارەی پرۆسەی سیاسی و پرۆسەی حکومەتیش، هاکان فیدان لەگەڵ سەرکردە سوننەکان  جەختی لە یەکڕیزیی کردووەتەوە و داوایکردووە خەمیس خەنجەر و محەممەد حەلبووسی بە یەکگرتوویی بمێننەوە.
 
هەر لە چوارچێوەی کۆبوونەوەکاندا، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی تورکیا (میت) لە رووی ئابووری و ئەمنییەوە بە گرنگییەوە باسی عێراقی بۆ وڵاتەکەی کردووە. 
 
هەفتەی رابردوو وەزارەتی بازرگانیی تورکیا رایگەیاند کە عێراق دوای ئەڵمانیا و ئەمریکا گەورەترین بازاڕە بۆ تورکیا و تەنیا لە مانگی هەشتدا بە بەهای یەک ملیار و 254 ملیۆن دۆلار شتومەکی تورکی هەناردەی عێراق کراوە.
 
بەپێی ئامارێکی وەزارەتی گەشتوگوزاری تورکیا تەنیا لە مانگی حەوتی ئەمساڵدا 140 هەزار گەشتیاری عێراقی سەردانی تورکیا-یان کردووە. 
 
ئەوەی جێگەی سەرنج بووە لە دیدارەکانی هاکان فیدان لە عێراق، عەلی رەزا گونەی، باڵیۆزی تورکیا لە عێراق بەشداریی کۆبوونەوەکانی نەکردووە و ئەمەش ئاماژەیە بۆئەوەی کە دۆسێی عێراق زیاتر لای دەزگای هەواڵگریی تورکیایە نەک وەزارەتی دەرەوە.
 
پێشتریش هەر بەرپرسێکی باڵای عێراق و هەرێمی کوردستان سەردانی تورکیایان کردبێ و رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆکی ئەو وڵاتەیان بینیبێ ئەوا هاکان فیدان لە کۆبوونەوەکاندا بووە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە