رووداو دیجیتاڵ
کۆمپانیای هێڵی ئاسمانیی عێراق، لە ناوەڕاستی ئەم مانگەوە گەشتە راستەوخۆکانی بۆ پەکینی پایتەختی چین دەستپێدەکاتەوە و هەفتانە دوو جار دەکرێن.
مستەفا تاڵیب، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای هێڵی ئاسمانیی عێراق، رۆژی پێنجشەممە (5ی تشرینی دووەمی 2026) رایگەیاند: "لە رێککەوتی 14ی ئەم مانگەوە گەشتە راستەوخۆکان بۆ کۆماری چین دەستپێدەکەنەوە، رێڕەوی گەشتەکەش بەم شێوەیە دەبێت: (بەغدا - بەسرە - پەکین)".
بەپێی زانیارییەکانی هێڵی ئاسمانیی عێراق، هەفتانە دوو گەشت بۆ چین دەکرێن، رۆژانی چوون سێشەممە و شەممەیە، رۆژانی گەڕانەوەش یەکشەممە و چوارشەممە دەبێت.
بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای هێڵی ئاسمانیی عێراق دەڵێت: "بە مەبەستی فراوانکردنی تۆڕی گەشتە نێودەوڵەتییەکانی عێراق و کردنەوەی رێڕەوی ئاسمانیی نوێ کە بایەخی ئابووری و بازرگانییان هەیە، وەهب حەسەنی، وەزیری گواستنەوەی عێراق ئەم هەنگاوەی جێبەجێ و ئاڕاستە کردووە".
چین گەورەترین هاوبەشی بازرگانیی عێراقە و کردنەوەی گەشتی راستەوخۆ بۆ پەکین، ئاسانکارییەکی گەورە بۆ بازرگانان و کۆمپانیاکانی وەبەرهێنان دەکات.


