وردەکاریی شەڕەکەی خورماتوو؛ کێ تەقەی لە کێ کردووە و لەسەر چی گرژی دروستبوو؟

11-08-2023
هەردی محەممەد عەلی
هەردی محەممەد عەلی
کاتی دروستبوونی گرژییەکەی بەردەم مەڵبەندی یەکێتی
کاتی دروستبوونی گرژییەکەی بەردەم مەڵبەندی یەکێتی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

لە کامێرای چاودێریی مەڵبەندی حەمرینی یەکێتییەوە، چرکەساتی شەڕی دوو گەنج لەگەڵ پاسەوانەکانی مەلا کەریم، لێپرسراوی مەڵبەند و ئەندامی پەرلەمانی عێراق دەردەکەوێت. لە گرتەی دووەمی کامێراکاندا دەردەکەوێت کە یەکێک لە گەنجەکان رووی دەمانچەکەی لە پاسەوانەکان دەکات و دەچێتە لای ئۆتۆمبێلەکەیەوە.
 
لە شەڕ و ئاڵۆزییەکەدا بە فیشەکی یەکێک لە پاسەوانەکانی، گەنجەکە بریندار دەبێت و هەر بە برینداری و لەگەڵ ئامۆزایەکی بە ئۆتۆمبێلی خۆیان، شوێنی رووداوەکە جێدەهێڵن. مەلا کەریم شکوور دەڵێت، بەگومانە لەوەی ئەو کەسانە ئاراستە کرابن. دەشڵێت، گرژییەکە لەسەر ئەوە دروستبووە کە رەتیکردووەتەوە داوەتنامەکەیان لێوەربگرێت و ئەوانیش دوای جنێودان، دەمانچەیان لە روویدا بەرزکردووەتەوە و تەقەشیان کردووە.
 
مەلا کەریم شکوور، ئەندامی پەرلەمانی عێراق و لێپرسراوی مەڵبەندی حەمرینی یەکێتی بە رووداوی گوت، "هەندێک قسەی تووند لەنێوانمان دروستبوو، یەکێکیان چووە دواوە و دەمانچەی راکێشا و 3-4 فیشەکی بەمنەوە نا، ئەمە من نایڵێم، ئەوە لە کامێراکەدا دەرکەوتووە، نزیکەی 40 کەس لێرە بوون و هەموویان شاهێدی ئەوەن چۆن تەقەی لە من کردووە. بۆمن گومان لەوە دەکەم؟ یەکەم ئەمان دەمانچەیان پێبووە، دووەم، چوونەتە بارەگای هەر حیزبێکی کوردی داوەتنامەیان داوەتە پاسەوانی بەردەرگاکە، بەڵام لێرە بۆچی چاوەڕێ بکەن [تاوەکو خۆم دێمە دەرەوە]. ئەمانە تەمەنیان منداڵە، مەرج نییە کەسوکارەکانیان، بەڵام لەوانەیە کەسانی دیکە بەکاریانی هێنابێت."
 
شەڕەکە لەبەردەم نووسینگەی مەهدی تەقی، پەرلەمانتاری تورکمان دروستبووە کە لە گەڕەکێکی کوردیی خورماتووە و لەلایەن ژمارەیەک کەسایەتیی کوردەوە دامەزراوە. ئەوان بۆ ساتی کردنەوەکەی، نامەیەک دەنێرن بۆ مەلا کەریم.
 
باوکی گەنجە بریندارەکە سەرپەرشتیی نووسینگەی مەهدی تەقی دەکات لە گەڕەکی کۆماریی خورماتوو، بەنیازن لەگەڵ لیستێکی تورکمانیدا بەشداری لە هەڵبژاردنی داهاتوودا بکەن. ئەوان رەتیدەکەنەوە هیچ پیلانێکیان دژی مەلا کەریم هەبووبێت و دەڵێن، یەک پاسەوانی بەرپرسەکەی یەکێتی دەستگیر کراوە، بەڵام ئەوان پێداگرن ئەوانەی دیکەش رادەست بکرێن کە بەشداربوونە لە تەقەکردنەکە.
 
محەممەد عەریف گلی، بەرپرسی نووسینگەی پەرلەمانتار مەهدی تەقی بە رووداوی گوت، "بابەتی یاسا ئەوە لەسەرووی هەموو شتێکەوەیە، ئەو پیاوانە شێرە پیاون، ئەو کوڕە چاکانەی دەوری ئەو پیاوە [پاسەوانەکانی مەلا کەریم] بۆ دوو گەنج وابکەن. داوا لە یاسا دەکەین هەر کەسێک هەڵەیەکیان کردبێت لە رووداوەکەدا رادەستی یاسا بکرێن."
 
بریندارەکە لە نەخۆشخانەی کەرکووکی فێرکاری لەژێر چاودێریدایە. حەمزە محەممەدی تەمەن 20 ساڵان فیشەکێک بەر سنگی کەوتووە و نەشتەرگەری بۆکراوە؛ ئێستا دۆخی تەندروستی جێگیرە.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە