رووداو دیجیتاڵ
نیسئال نیترای تەمەن 33 ساڵ هاووڵاتییەکی نیپاڵی بوو، ماوەی دوو ساڵە لە هەرێمی کوردستان کاری دەکرد و ئێوارەی رۆژی شەممە کەوتە نێو ئاوی زێی گەورە و خنکا.
بەیانی رۆژی یەکشەممە، تیمی ژێردەریایی بەرگریی شارستانیی خەبات، تەرمەکەیان دۆزییەوە.
رائید ئامانج محەممەد، ئەفسەر لە بەرگریی شارستانیی خەبات بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، با هیچ کەسێک نەیێت بۆ زێی گەورە لە قەزای خەبات، لەبەرئەوەی هیچ شوێنێکی تێدا نییە کە بتوانیت بچیتە ناوی و مەلەی تێدا بکەیت، ئەوەش هەر وەک هاووڵاتییەکانی دیکە، لەوانەیە نەشارەزابووبێت و پێی خلیسکابێت.
نیسئال لەگەڵ پێنج هاوڕێی دیکەی نیپاڵی، بۆ بەسەربردنی کاتێکی خۆش چووبوونە کەناری زێی گەورە. هاوڕێکانی دەستبەسەرن و بە پۆلیسیان گوتووە نیسئال ویستوویەتی راوەماسی بکات.
حازم مەجید، ئەندامی تیمی ژێر دەریاییە و دەڵێت: لە قووڵیی حەوت بۆ هەشت مەتر بەدوایدا دەگەڕاین، تەرمەکە کەوتبووە بنی چاڵێکەوە.
تەرمی نیسئال لە دادپزیشکیی هەولێرە، دوای رێکارە یاساییەکان دەگەڕێنرێتەوە بۆ وڵاتی خۆی.
نیسئال، ساڵ و نیوێک لە رێستۆرانتێکی هەولێر لەبەردەستی شێفێک کاری کردووە، بەڕێوەبەر و خاوەنی رێستۆرانتەکە رێگەی نەدا هیچ کەسێک لەسەر گیانلەدەستدانی نیسئال قسە بکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ