رووداو- هەولێر
وەرزی دروێنە دەستپێدەكات، مام جەمیل بۆ دڵنیابوون لە رۆژی دروێنەكردنی هاتووە سەیرێكی بەرهەمەكەی بكات، وەكو خۆی دەڵێت ماندووبوونێكی زۆری دیوە هەر لە كێڵانی زەوی و كڕینی تۆ و دانانی مەرەشەو بژاركردنی زەوییەكەی، چەند رۆژێكی دیكە دروێنەكردنیشی دێتەسەر، مام جەمیل لە ئیستاوە خەمی ئەوەیەتی كە دەبێت وەكو ساڵی رابردوو لە سایلۆی هەولێر بەهۆی قەرەباڵغییەوە چەند رۆژێك خەرمانەكەی دەمێنێتەوە و خەرجییەكی زۆری ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەكانی دێتە سەرشان.
حكومەتی هەرێمی كوردستان لە دوای 25 ی ئەم مانگەوە دەستدەكات بە وەرگرتنی گەنم لە جووتیاران و تاوەكو 15/8/2014 پڕۆسەی وەرگرتنەكە بەردەوام دەبێت، بۆ وەرزی دروێنەش ئامادەكاری كراوە كە پێنج هەزار لیتر گاز دەدرێت بەهەر دەراسەیەك بە نرخی حكومی، كە ئێستا ژمارەی دەڕاسەكانی هەرێمی كوردستان هەزار و 251 دەڕاسەیە.
ساڵی رابردوو 707 هەزار تۆن گەنم لە جووتیارانی هەرێمی كوردستان وەرگیرایەوە و ئەمساڵیش پێشبینی دەكرێت هەمان شێوەی ساڵی رابردوو جووتیاران بەرهەمیان هەبێت، سایلۆكانی هەرێمی كوردستانیش توانای عەمباركردنی 355 بۆ 365 هەزار تۆن گەنم و جۆیان هەیە، گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانی هەرێمی كوردستانیش دەڵێت قەرەباڵغی لە وەرگرتنی گەنم و جۆدا دروستدەبێت، بەڵام رێژەكەی لە ساڵی رابردوو كەمتردەبێت.



