رووداو دیجیتاڵ
سەرۆک مەسعود بارزانی پەیامێکی لەبارەی کۆبوونەوەی نێوان شاندی ئیمراڵی و سەرۆککۆماری تورکیا بڵاوکردەوە و بە "ئەرێنی و ئومێدبەخش بۆ چارەسەری کێشەکان" ناوی دەبات.
ئەمڕۆ هەینی 11-04-2025 سەرۆک مەسعود بارزانی لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس (تویتەری پێشوو) پەیامێکی لەبارەی کۆبوونەوەی شاندی ئیمراڵی و رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا بڵاوکردەوە.
سەرۆک بارزانی لە پەیامەکەیدا دەڵێت، "کۆبوونەوەی نێوان شاندی ئیمراڵی و سەرۆک ئەردۆغان هەنگاوێکی ئیجابی و ئومێدبەخشە بۆ چارەسەری کێشەکان. هەروەها پاڵنەرێکی بەهێزیشە بۆ پێشڤەچوونی پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیا."
شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی کە لە سری سورەیا ئۆندەر، بریکاری سەرۆکی پەرلەمان لە دەم پارتی و پەروین بوڵدان، پەرلەمانتاری دەم پارتی پێکهاتبوون، رۆژی پێنجشەممە 10ی نیسانی 2025 لە کۆشکی کۆماریی تورکیا لە ئەنقەرە لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری ئەو وڵاتە کۆبووەوە.
دوای کۆبوونەوەکە شاندی ئیمراڵی رایگەیاند، "کۆبوونەوەکەمان لەگەڵ بەڕێز رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا بە شێوەیەکی ئەرێنی و بنیادنەرانە بەڕێوەچوو."
رۆژی 1ی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوو، هەنگاوێک لەلایەن حکومەتی تورکیاوە لەبارەی پرۆسەی چارەسەری نرا، کە ئەوە لەلایەن دەم پارتی بە "چارەسەرکردنی پرسی کورد" و لەلایەن حکومەتی تورکیاشەوە بە "کۆتاییهێنان بە تیرۆر" ناوی دەبرێت.
لەو چوارچێوەیەدا شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی، سێ جار سەردانی ئیمراڵیی کرد و لە زاری عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکەوە پەیامیان بە رای گشتی راگەیاند.
شاندەکە رۆژی 27ی شوباتی ئەم ساڵ پەیامێکی عەبدوڵڵا ئۆجەلانی بە رای گشتی راگەیاند، کە تێیدا داوای لە پەکەکە کرد، "کۆنگرە ببەستێت، خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و چەک دابنێت."
پەکەکە دوای دوو رۆژ لە پەیامەکە رایگەیاند، بەو مەرجەی ئۆجەلان خۆی بەشداری لە کۆنگرەکە بکات، پابەندی پەیامەکەی دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ