رووداو دیجیتاڵ
کۆدى ئایبانى فەرمانبەرانى نێو 'هەژمارى من' و رادەستکردنى تەواوى داهاتى نانەوتى بەربەستى سەرەکى بەردەم واژۆى ناردنى مووچەى مانگى شوباتى هەرێمى کوردستانە لەلایەن وەزیرى دارایی فیدراڵەوە، ئەوە جگە لە تێبینیدان لەسەر خانەنشینى پلە باڵاکان و بڕینى 3%ى مووچەى خانەنشینان.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، وەزیری دارایی عێراق بەهۆی ئەو تێبینییانەوە ئامادە نییە واژۆ لەسەر نووسراوی ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بکات، پرسەکەی خستووەتە بەردەم سەرۆکوەزیران، ئەویش بە زارەکی راگەیاندووە، لاری نییە.
خانەنشینى "کێشەى تێدایە"
ئەو تێبینیانەى وەزارەتى دارایی فیدراڵ لە میانەى سەردانى تیمێکى تەکتیکى وەزارەتی دارایی و ئابوورى بۆ بەغدا دەرکەوتوون.
بەگوێرەى زانیارییەکانى تۆڕى میدیایی رووداو وەزارەتى دارایی فیدراڵ تێبینى داوەتە وەزارەتى دارایی و ئابوورى هەرێمى کوردستان لە بارەى هەندێک لە دۆسیەى خانەنشینانەوە. تێبینییەکان تایبەت بوون بەو کەسانەى کە بە لاى وەزارەتى دارایی فیدراڵەوە بە "نایاسایی" بە پلەى باڵا خانەنشین کراون و شایستەى خانەنشینى نەبوون.
سۆران عومەر، ئەندامى پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، تێبینى لە بارەى ئەوە هەبووە، هەندێک فەرمانبەر خانەنشین کراون کە تەمەنیان گەیشتووەتە 60 ساڵ بەبێ ئەوەى ئەو ساڵەی تەواو کردبێت، ئەوە لە کاتێکدایە بەگوێرەى یاساى خانەنشینیی یەکگرتوو پێویستە فەرمانبەر 60 ساڵى تەمەنى تەواو کردبێت.
وەزارەتى درایی فیدراڵ داواى کردووە 3%ى مووچە لە خانەنشینان ببڕدرێت کە لە 2014 تاوەکو ئەو کاتەى مووچەکانیان لەگەڵ بەغدا هاوتا کراوە.
سەرچاوەیەکى بەرپرس لە بەغدا بە رووداوى گوت، "رەنگە مانگانە لە زۆرترین باردا ئەو پارەیەى لە خانەنشینانى هەرێمى کوردستان دەبڕدرێت بگاتە 20 هەزار دینار لە کاتێکدا لەگەڵ هاوتاکردنى خانەنشینان مووچەکەى زیادى کردووە".
"کۆدێک" ناکۆکییەکان قووڵتر دەکاتەوە
وەزارەتى دارایی فیدراڵ داواى کردووە ئایبان کۆدى ئەو فەرمانبەرانەى رادەست بکرێت، کە لە رێگەى پڕۆژەى 'هەژمارى من'ـەوە مووچەکانیان بەبانکى کردووە.
سەروەت جاف، بەڕێوەبەری هەرێمیی بانکی ئەهلی عێراقی بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: ئەو کۆدە تایبەتە بە حەواڵەکردنى پارە لە دەرەوە و ئەگەر رادەست بکرێت دەتوانێت لە رێگەیەوە راستەوخۆ مووچە بنێرێت، بەڵام کۆدەکە پەیوەندی بە زانیاریی کەسییەوە نییە.
سەروەت جاف گوتى: "ناونیشانى هەژمار یان ئایبان زانیاریى کەسیى مووچە وەرگرەگەى تێدا نییە و upnی زانیاریى کەسی لەبارەى خاوەنى هەژمارەکەوە تێدایە".
لەکۆى زیاتر لە یەک ملیۆن و 200 هەزار فەرمانبەر و خانەنشین لە هەرێمى کوردستان زیاتر لە 275 هەزاریان بەجێکردنى مووچەیان لە پڕۆژەى 'هەژمارى من' کردووە.
سەرچاوەیەکى بەرپرس لە بەغدا بە رووداوى راگەیاند، وەزارەتى دارایی فیدراڵى دەیەوێت لەو بەجێکردنى مووچەیە دڵنیا ببێتەوە، بۆیە داواى ئەو کۆدەى کردووە.
50% داهاتى ناوخۆ رادەست بکرێت
یەکێک لە تێبینیەکانى دیکەى وەزارەتى دارایی فیدراڵ رادەستکردنى داهاتى نانەوتییە.
بەغدا پێیوایە ئەو بڕەى رادەست کراوە 50%ى تەواوى داهاتى راستەقینەى نانەوتى نییە، کە بەگوێرەى خەمڵاندنى وەزارەتى دارایی فیدراڵ ساڵانە زیاتر لە چوار تریلیۆن دینارە و مانگانە دەکاتە نزیکەى 150 ملیار دینار.
12ى کانوونى دووەمى 2025 وەزارەتى دارایی و ئابوورى حکومەتى هەرێمى کوردستان 51.8 ملیار دینارى وەک داهاتى نانەوتى خستەسەر هەژمارى وەزارەتى دارایی فیدراڵ
لە 26ى شوباتەوە لیستى مووچەى ئەو مانگەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان رادەستى وەزارەتى دارایی عێراق کراوە، بەڵام سەرچاوەیەک لە بەغدا بە رووداوی گوت: "تەیف سامى، وەزیرى دارایی پرسەکەى خستووەتە بەردەم سەرۆکوەزیرانى عێراق بۆ یەکلاکردنەوە، ئەویش لارى نەبووە لە رەزامەندیدان و گوتوویەتی خەرجی بکە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ