رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان دەڵێت، بەهۆی زۆربوونی خواست لەسەر مریشک لە مانگی رەمەزاندا، نرخەکەی بەرزبووەتەوە.
رۆژی سێشەممە 11ی ئاداری 2025 فیراس سدیق، بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بەرزبوونەوەی نرخی مریشک پەیوەندیی راستەوخۆی بە خواستەوە هەیە، کاتێک خواست زیاد دەبێت، مریشک کەم دەکات؛ بەم شێوەیەش هەڵاوسان دروست دەبێت و نرخەکەی بەرز دەبێتەوە."
بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ دەشڵێت، "لە یەکەم رۆژی رەمەزانەوە خواست لەسەر مریشکی زیندوو زیادی کردووە و بەو هۆیەوە نرخەکەی بەرزبووەتەوە."
پێش مانگی رەمەزان نرخی کیلۆیەک مریشک بە 2750 دینار بوو. لەبارەی نرخی ئێستای فیراس سدیق دەڵێت، "گەیشتووەتە 2850 بۆ 2900 دینار، لە هەندێک شوێن بە زیاتر لە سێ هەزارە."
زیاتر لە 7 مانگە ناردنی مریشکی زیندووی هەرێمی کوردستان بۆ شارەکانی خواروو و نێوەڕاستی عێراق قەدەخەیە. فیراس سدیق دەڵێت، "عێراق گوتویەتی هاوردەکردنی مریشکی زیندوو دەبێتە هۆی گواستنەوەی نەخۆشی."
ساڵانە هەرێمی کوردستان زیاتر 270 هەزار تۆن گۆشتی مریشک بەرهەم دەهێنێت، لەکاتێکدا پێداویستیی ساڵانەی ناوخۆی 150 هەزار تۆنە. ئەوەی لە پێداویستیی نێوخۆ زیاترە، هەناردەی پارێزگاکانی عێراق دەکرێت.
لە هەرێمی کوردستان هەزار و 959 پەلەوەرخانە هەن، بەڵام بەشێوەی هەمیشەیی هەموویان بەرهەمیان نییە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ