رووداو دیجیتاڵ
پارتی و یەکێتی لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان لەبارەی پرسی هەڵبژاردن کۆبوونەوە و بڕیاریاندا "سیستمی چوار بازنەیی بەپێی پارێزگاکان بێت."
لە کۆبوونەوەکەدا کە لە مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان لەنێوان بەشی هەڵبژاردنی پارتی و دەزگای هەڵبژاردنی یەکێتی پێکەوە لەگەڵ دەزگا و مەکتەبی هەڵبژاردنی لایەنە سیاسییەکانی بەشدار لە پەرلەمانی کوردستان کرا، چەند بڕیارێکیان دەرکرد.
دەقی بڕیارەکان:
1- سیستمی چوار بازنەیی بەپێی پارێزگاکانی هەرێم[ـی کوردستان] دەبێت.
2- تۆماری بایۆمەتری کۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بکرێتە بنەما بە هەموو پێداویستییەکانییەوە.
3- داتاکانی وەزارەتی پلاندانان حکومەتی عێراق بەکاردێت بۆ دیاریکردنی رێژەی کورسی پێکهاتەکان.
4- کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسی هەرێم.
5- سەرۆکایەتیی پەرلەمان و فراکسیۆنەکان، کۆبوونەوەیەک لەگەڵ نوێنەرانی پێکهاتەکان لە ناوەوە و دەرەوەی پەرلەمان ئەنجام دەدەن.
ئەمە لەکاتێکدایە، بەرەبەرە ناکۆکییەکان بۆ هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن و کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن لەنێوان پارتی و یەکێتیدا کەم دەبنەوە. لە چەند مانگی رابردوودا جیاوازیی دوو حیزبەکە چەند خاڵێک بوون، لەوانە شێوازی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن، تۆماری دەنگدەران، هەموارکردنەوەی کۆمیسیۆن و چۆنییەتی دەنگدانی پێکهاتەکان، بەڵام لەسەر زۆرینەی ناکۆکییەکان رێککەوتن کراوە و ئەوەی ماوەتەوە پێکهاتەکانە.
رۆژی چوارشەممە، 8ـی ئاداری 2023، دووەم کۆبوونەوەی بەشی هەڵبژاردنی پارتی و دەزگای هەڵبژاردنی یەکێتی بەڕێوەچوو. بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، لە نیوەی کۆبوونەوەکەی چوارشەممەدا قوباد تاڵەبانی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی بەشداریکردووە و بە گەشبینییەوە لە ئەنجامی گفتوگۆکانی روانیوە و داوایکردووە رێککەوتنێکی باش بکرێت.
پێکهاتەکان 11 کورسییان لە 111 کورسییەکەی پەرلەمانی کوردستاندا وەکو کۆتا هەیە؛ لایەنەکان گرفتیان لەگەڵ ژمارەی کورسییەکاندا نییە، ئەوەی تاوەکو ئەمڕۆ رێککەوتنی لەسەر نەکراوە شێوازی دەنگدانی پێکهاتەکان و تۆماری دەنگدانەکەیانە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، بۆ وەرگرتنی بۆچوونی پێکهاتەکان دووشەممەی داهاتوودا سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان و نوێنەرانی پێکهاتەکان لە هەرێمی کوردستان کۆدەبنەوە.
زیاد جەبار، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، رێککەوتن کراوە کە کۆبوونەوە لەگەڵ پێکهاتەکان تەنیا لەگەڵ ئەوانە نەبێت کە لە پەرلەمانی کوردستانن، بەڵکو بەشێکی دیکەی پێکهاتەکان کە لە دەرەوەی پەرلەمانی کوردستاندان بەشداریی کۆبوونەوەکە دەکەن.
بەگوێرەی بە دواداچوونەکانی رووداو، کۆبوونەوەی ئەمڕۆ کۆتا کۆبوونەوە نابێت بۆ رێککەوتن لەسەر هەڵبژاردن و کۆبوونەوەی دیکەی بەدوادادێت.
بۆچوونی یەکێتی و لایەنەکان لەسەر کورسیی پێکهاتەکان
یەکێتی و بەشێکی لایەنەکانی دیکە دەڵێن، ئەو 11 کورسییەی پێکهاتەکان "دەنگی راستەقینەی پێکهاتەکان نەبووە و بە دەنگی پارتی و هێزەکانی ئەو حیزبە بووە". بەرپرسانی پارتیش دەڵێن، ئەگەر بیانووەکە ئەوەیە، یەکێتیش دەتوانێت بەربژێری پێکهاتەکانی هەبێت و بە جەماوەر و هێزەکانی بڵێت دەنگی پێبدەن.
هەرچی هێزە سەرەکییەکانی دیکەشن بۆچوونیان بەم جۆرەیە:
بزووتنەوەی گۆڕان: پێکهاتەکان تۆماری تایبەت بە خۆیان هەبێت و بە فرەبازنەیی دەنگ بدەن.
یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان: لەگەڵ خواستی پێکهاتەکانداین و داوامان کردووە تۆماری دەنگدانی تایبەت بە خۆیان هەبێت.
کۆمەڵی دادگەریی کوردستان: داوای فرە بازنەییمان کردووە و یەک بازنەییش رەتناکەینەوە؛ لیستی تایبەت بە خۆیان هەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ